گرنگ

سەمای_مارەکان

2022-09-26

 
(68)
مام قەتۆ گۆتی: ئەمن تێناگەم ئەنگۆ لۆ ئەوەندە ڕکتان لە قسەی هەق دەبیتەوە، نادراغە سۆرهەرگەڕا، محە هات و قۆری مام قەتۆی گرت و گۆتی: بڕۆن بەخێرچن، ئیدی بێ خواحافیزی لەماری نادراغەی هاتینە دەرێ، ڕێ و ڕێ دەگەڕاینەوە لۆ ماری مام قەتۆی، گۆتم: کووی تێدەگەی؟ گۆتی: شتەکان وەکی مانگی چاردە لەنیوەی شەوێ دیارە، هەتا ئەو خەڵکە بێدەنگبی و کڵاوی خۆی بگری با نەیبا، ئەو بایە هەر لەو کونەی دێ، گۆتم: دەبی کووشتنی دیلەکان ڕاستبی؟ گۆتی: ڕاستەو مەیتەکانیشیان نەداوە، هەر یەکەو لە کنەخۆی مەیتەکانی لەبن عاردینا، گۆتم: ئەو خەرکە چینەگۆ؟ گۆتی: نەخێر هەر ئەوەندە نەبی گۆتیان: خوا هەقمان بکا، گۆتم: پێت کووە سەرەکی لە ماری مەلای بدەین؟ گۆتی: چشتەکی باشە، بابچین، هەر هیچ نەبی دڵی منداڵەکان بدەینەوە، ئیدی لەگەر مام قەتۆی بەڕێکەتین لۆ ماری مەلای.
لە دەرکەمانداو دیاربوو مندارەکان تێکڕا غاریاندا دەرکەیان کردەوە، وایانزانی بابیانە بەربووە، کە چاویان بەمەکەت ساردبوونەوە، سەلاممانکردو فەرموویان لێکردین، چووینە ژۆرێ، داکیان هاتە دەرێ فەرمووی لێکردین، سەلاممانکردو چاکوچۆنیمان لەگەرکرد، فەروومی کرد بچینە ژۆرێ، مام قەتۆ گۆتی: بەپەلەمەو دەبی بچمە شاری، گۆتی: هیچ خەبەری مامۆستان پێنییە؟ مام قەتۆ گۆتی: وەڵلاهی داك مەلاژن چووین سەردانی هەردوو ئاغەمانکرد، هەردووك حاشایان لێکردو گۆتیان لەکنەمە نییە، گۆتی: ئەوجە ئەنگۆ بەو دوعایەی دەڵێن ئامین؟ مام قەتۆ گۆتی: نەخێر ناڵێین ئامین، تەئکیدم لەکن ئێکەکیانە، بەس ئەتوو شتەکی بکە، بزانە وەناکەی خزموکەسی مامۆستای خەمەکی لێبخۆن، تەئکیدم ئەگەر بەدوو دابچن دەگەنە شتەکی، ئەمن ئەوڕۆ دەبی بچمە شاری لۆ چارەسەری خۆم، هەر بگەڕێمەوە وازناینم، تەئکیدبە سەت جاریدی دەچمەوە کنیان، داك مەلاژن دوعای خێری لۆکردین و زۆر مەمنونمانبوو، خواحافیزیمانکرو چووینە دەرێ، گۆتم: مام قەتۆ لۆ نەتگۆ لەکن قادراغەیە، گۆتی: وەمبگۆتبا تووشی کێشە دەبووم، ڕەنگە قادراغە مەلاشی بکوشتبایەو لەبن خۆڵێی نابا، ئەوجە دەیگۆ وەرن ماڵی من هەمووی بگەڕێن ئەگەر دیتتانەوە چیدەڵێن ڕاوەستایمە، گۆتم: ئەتوو برێی مەلای بەربدا؟ گۆتی: ئەگەر مەلا واز لەو قسانە بینی و جمعانیش دوعای لۆ ئاغەی بکا، ئەوە بەریدەدا! گۆتم: مەلا شتی وا دەکا؟ گۆتی: ئەمن مەلای بناسم نایکا، کڕینی ئەو مەلایەی ئاسان نییە.
گەیشتینەوە ماری مام قەتۆی، دیتم دوو سێ چەکدار لەپێش دەرکەی ڕاوەستاینە، هەر لەدووریڕا مام قەتۆ گۆتی: خوایە بەخێری بگێڕی، گەیشتینە کنیان و مام قەتۆ گۆتی: خێر؟ ئێکیان گۆتی: قادراغە ئەمەی ناردیە، گۆتی: بڕۆن مام قەتۆی بینن با ڕەوانی شاری بکەم، مام قەتۆ گۆتی: ئەنگۆ بڕۆن، ئەمن ئەوە دێم، گۆتیان: شتی وانییە دەبی لەگەمە بێی، مام قەتۆ گۆتی: چاوەڕێمبکەن، با بەماڵێ بڵێم و هەندە پارە بینم، دەڕۆین، بایزە کوڕم بڕۆ جانتایەکی حازرکەو هەندە کەلوپەل تێکە، مام قەتۆ ووە ژۆرێ و ئەمنیش لەدووی وی، شکۆ دیاربوو لەگەر دەنگەدەنگی مندارەکان بەخەبەرهاتبوو کە گۆتبوویان چەکدار لەپێش دەرکەینە، هەر چاوی بەمەکەت، گۆتی: ئەو چەکدارانە لۆ هاتینە، قاتی مام قەتۆی یان ئەمە ناگرن؟ گۆتم: ناوەڵلا ئاغە گۆتیتی بڕۆن مام قەتۆی بینن با ڕەوانی شاری بکەین و بچیتە خەستەخانەی، شکۆ خەنیبوو، گۆتی: یاڵلا با جانتامان بپێچینەوەو ئەمەش لەگەری بڕۆین، گۆتمان: ئەمە نابی لەگەری بڕۆین، گۆتی: لۆ نابی؟ گۆتم: ئاغە گۆتی: نابی ئەنگۆ لەگەری بچن، شکۆ ئەعسابی نەماو گۆتی: ئەوە ئەمن دەچم، ئەوجە با ئاغەی گەواد مەنعم بکا، ئەمن ڕەنگم وەکی خورمای لێهات،یەکسەر چەکدارەکان هاتنە ژۆرێ و گۆتیان: ئەوە کێبوو ئەو گوەی خوارد؟
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color