گرنگ

بۆچی فەرماندە سەربازییەکانی پارتی دەکرێنە ئامانج؟

2022-09-30

 
بۆچی فەرماندە سەربازییەکانی پارتی دەکرێنە ئامانج؟
ئەو درۆنانەی هێرشەکانیان پێ ئەنجام دراوە چ جۆرە درۆنێکە؟
وردەکاری هێرشی سەر ماڵی لیوا حەمە ڕێگرو عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک
بوار، تایبەت
ئێوارە ٢٨ی ٢٩ی ئەیلول، بەدوو کاتی جیاواز، هێرشکرایە سەر ماڵی عەبدوڵای کوێخا موبارەک و لیوا حەمەڕێگر بەرپرسی فەرماندەیی کەرکوک. هێرشەکان لەڕێگای درۆنەوە ئەنجام دران.
بەپێی زانیاریەکانی بوار هێرشەکەی سەرماڵی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کە ئێوارەی ٢٨ی ئەیلول ئەنجامدرا، لە ڕێگەی درۆنێکەوە بووە و کاتیۆشایەکی ۱۳۰ ملمی بەرداوەتەوەو پاشان کاتیۆشاکە تەقیوەتەوە.
بەپێی گرتەی ڤیدیۆی کامێراکانی ماڵی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، درۆنەکە دووجار هاتوەتە سەر خانوەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە گوندی هەمزە بەدووری دوو کیلۆمەتر لە چەمچەماڵ و جاری دووەم دوای هێرشەکە پاسەوانەکانی تەقەیان لەدرۆنەکە کردووە.
لە هێرشەکەدا زیانی گیانی نەبووە تەنها زیان بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتوەو گومانیان لە دەزگایەکی ئەمنی ناوخۆی هەیە لە سنوری چەمچەماڵ، چونکە درۆنەکە وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دڵرکەوتووە، درۆنەکە دوای هێرشەکە بەئاڕاستەی چەمچەماڵ فڕیوە.
ئێوارەی ٢٩ی ئەیلولیش، لە ڕێگای درۆنەوە ماڵی لیوا حەمە ڕێگر فەرماندەی فەرماندەیی کەرکوک لە گوندی کوڕەداوێ لە نزیک چەمچەماڵ بە ئامانج گیرا.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، کاتی هێرشەکە لیوا حەمە ڕێگر لە هەولێر بووە و تەنها زیانێکی کەمی ماددی بەر خانوەکەی کەوتووە.
شایەتحاڵەکان لەگوندی کوڕەداوێ بەهەمان شێوە دەڵێن درۆنەکە بە ئاڕاستەی چەمچەماڵ فڕیوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، جۆری ئەو درۆنەی هێرشەکانی پێ ئەنجام دراوە، درۆنێکی پێشکەوتو نییەو لەو جۆرە درۆنانەیە کە بۆ وێنە گرتن سودی لێ دەبیندرێت، چونکە درۆنەکە توانای ئاراستەکردنی هیچ جۆرە موشەکێکی نەبووە، تەنیا کاتیۆشای ١٣٠ی ملیمی لێ بەستراوەتەوەو دواتر کە گەیشتووەتە شوێنی ئامانجەکەی خۆی کاتیۆشاکەی فڕێداوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان گومانیان لە دەزگایەکی ئەمنی هەیە کە ئەو کارەی ئەنجامدابێت، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئەو لێژنە لێکۆڵینەوەیەی لە هەولێرەوە چووەتە ماڵی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، گومانیان هەبووە درۆنەکە لەنزیک چەمچەماڵەوە ئاڕاستەکرابێت، ئەمەش بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری و ئاراستەی گەڕانەوەی ئەو دڕۆنەی هێرشەکەی پێ ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشەکانی سەر ماڵی ئەو دوو بەرپرسە سەربازییەی پارتی، پەیوەندی بەگومانێکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە کە گومانیان کردووە، چەند سەرکردەیەکی پارتی ژیانی ئازاد، لە ماڵی ئەو فەرماندانە خۆیان حەشاردابێت، چونکە دوای هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە، لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسانی پارتی ژیانی ئازاد، سەنگەرەکانیان چۆڵ کردووە.
ئەمەش بە هۆی ئەوەی پارتی ژیانی ئازاد، سەنگەرەکانیان لە تەنیشت فەوجەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک و فەرماندەیی کەرکوکە لە گوندی شێراوەی پردێ.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color