گرنگ

هاوکار جاف کێ بوو؟

2022-10-07

 
هاوکار جاف کێ بوو؟
بؤچوونەکانی دوای هەشتی تەمموز، سەدا سەد پێچەوانەی بافڵ تاڵەبانی بوون
هاوکار عەبدوڵا رەسوڵ جاف، پلەکەی عەقید بوو لە دژە تیرۆری یەکێتی و تاوەکو ٨ی تەمموزی ٢٠٢١ لە پۆست و ئەرکەکەی وەک بەرپرسی دژەتیرۆری هەولێر و موسڵ بەردەوام بوو، بەڵام دوای رووداوەکانی هەشتی تەمموز ئامادەنەبوو بچێتەوە ریزەکانی دژە تیرۆر و بڕیاریدا وازبهێنیت.
دوای دوو مانگ، بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی باڵای یەکێتییەوە پەیوەندی پێوە دەکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ئەرکی خۆی و بەردەوام بێت، لەبەرامبەردا دەستبەرداری لاهور شیخ جەنگی ببێت، بەڵام هەموو ئەو داوایانەی رەتکردەوە.
دواتر بۆ ماوەیەک دەچێتە وڵاتی ئیمارات و تاوەکو سێ مانگ لەوێ دەبێت، پاشان دەگەڕێتەوە کوردستان، هاوکار جاف، بەهۆی هەستیاری پۆستەکەی، بەردەوام داوای لیدەکرێت پەیوەندی بە دژە تیرۆرەوە بکاتەوە و بەردەوام بێت، بەڵام ئەو رەتیدەکاتەوە بەردەوام پێداگری لەسەر پشتگیریکردنی لاهور شیخ جەنگی دەکات.
عەقید هاوکار لە ئەکاونتە تایبەتیەکەیەوە بەردەوام لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسیبووکەوە رەخنە لە سیاسەتەکانی یەكیتی و ڕوداوەکانی هەشتی تەمموز دەگرێت. دژی هەموو جوڵە و هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بووە.
لە یەکەم پۆستی فەیسبووک لە دوای هەشتی تەمموز هاوکار جاف، یەکەمین راگەیاندراوی لاهور شێخ جەنگی لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢١ کە لە دوای ٨ی تەمموز بڵاوی کردەوە شەیرکردووە.
لە پاش ئەوکاتەوە سەرجەم ئەو راگەیاندراوانەی بڵاوکردۆتەوە کە لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە دەرکراون.
لە رۆژی ١٠ی هەشتی ٢٠٢١ واتا دوای مانگێک لە روداوەکانی ٨ی تەمموز، هاوکار جاف نوسیویەتی، "ئەو دۆخەش کۆتایی پێدێت و یەکێتی بەگەورەیی دەمێنیتەوە، گرنگ ئەوەیە دوو ڕوو و بەرژەوەند خوازەکان، رووی راستەقینەیان دەرکەوێت".
هەر هەمان رۆژ وێنەیەکی خۆی لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازی یەكیتی بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی لە مەخمور بڵاوکردۆتەوەو نوسیویەتی" ئاوامان هێناوە، کەس خێر و سەدەقەی پێنەکردووین با کەس شەکر نەشكێنێت".
عەقید هاوکار جاف، لەبەر ئەوەی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بە باشی دەزانی، بەردەوام لەگەڵ ئەمریکییەکان و بەرپرسانی باڵای عیراق لە پەیوەندی دابوو بۆیە کۆمەڵێک پۆست و پەیامی بە زمانی عەربی و ئینگلیزی لە ئەکاونتەکەی بڵاوکردۆتەوە.
ئەو ئەفسەرەی دژە تیرۆری یەکێتی، رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢١ وەک ئەوەی هەرەشەی لیکرابێت لە پۆستێک نوسیویەتی: یەکتر باش دەناسین، پێویست بە خۆ گڤکردنەوە ناکات.
هاوکات لەو رۆژەی لاهور شێج جەنگی چووە بەردەم دادگایی سلێمانی، وێنەیەکی لاهور شیخ جەنگی لەبەردەم دادگا بلاوکردۆتەوە نوسیویەتی: بێ منەتی پیاوی خۆی دەوێت".
هەروەها چەند رۆژیک دواتر پەیامێک ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی کردوە و لەگەڵ وێنەیەک کە کۆمەڵیک ئەفسەر و فەرماندەی دژەتیرۆرن، نوسیویەتی: ”تۆ چۆن لەگەڵماندایت، دڵنیابە لەگەڵت دەبین و جێت ڵناهێڵین".
رەخنە و پەیامەکانی ئاراستەی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بوون
ئەو عەقیدەی دژەتیرۆر، بەردەوام لە رێگای نوسراو و بڵاوکراوەکانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پشتگیری لاهور شێخ جەنگی کردووە و بەردەوامیش رەخنەی لە یەكیتی گرتووە، بەتایبەتیش بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەپۆستێکدا نوسیویەتی "لۆت لاربم یەکێتی، لە هەولێر ئیمانوێل ماکڕۆن و لە سلێمانی شادی نەوزاد".
هەروەها نوسیویەتی: خوای یەکێتی بتانگرێت یەکێتی لە پێشوازیکردن لە تۆنی بلێر و جۆرج دەبلیو بۆشەوە هاتووە پێشوازی لە شادی نەوزاد دەکات ".
هاوکات لە سێپتەرمبەری ٢٠٢١ لە نوسینێک بۆ بافڵ تالەبانی دەڵێت: ئەو تێچووەی سێڵفی گرتن لە بەغدا کردتان، بنکەیەکی تەندروستی پێ دروستکرابوایە خزمەتی زیاتری کۆمەڵگای دەکرد".
هەروەها لە پۆستێک دەڵێت: لە بێ ئیشی یەکێتی، گۆڕینی حەمە سور دووشیوانی کە لەسەر داوای خۆشی بووە، کراوەتە دەستکەوت و بە چاکسازی بۆی هەژمار دەکرێت، برۆن ئەو خەڵکە ئاشت بکەنەوە کە بایکۆتی کردن، ئەگەرنا ئەو ١٦ کورسییە دەبیتە ٨.
هاوکار جاف، بە کۆمەڵێک نوکتە و نوسین گاڵتەی بە بەرپرسانی یەكیتی و بافڵ تاڵەبانی کردوە، لە بارەی ژەهر خواردن و لە پۆستێکدا دەڵێت: پۆز ئەوەیە بڵیی ژەهرخوارد کراوم، یان بڵی ژەهرخوارد کراوم کاندید دەکرێیت بۆ سەرۆک کۆمار".
هەروەها هاوکار جاف، کۆمەڵیک پۆستی لەسەر قوباد تاڵەبانی کردوە و نوسیویەتی: لە موچە خۆشگوزەرانی بۆ ئیمۆجی و نورەدین، خەڵک برسییە و سلێمانی خۆڵ و خاشاک تەنیویەتی، سلێمانیتان لە شاری رۆشنبیرییەوە کردووە بە شاری زبڵ و خاشاک لەسەر ئاستی عێراق.
هاوکات دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا هاوکات جاف لە پۆستێکی نوسیوییەتی: ”بشفڕێت هەر حوشترە"
هەروەها لە ساڵیادی ٣١ ئاب، پەیامێکی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کردوە و نوسیەتی: رەحمەتی خواتان لێبێت یەکێک بە خێری خۆی سەرۆک و مەسئولی سکرتارییەتی مام جەلال ئاگادار بکاتەوە بەیانی ٣١ ئابە، دەزانم زاکیرەیان ئیزدحامە". کە مەبەستی قوباد تاڵەبانیە.
هاوکار جاف بەردەوام هەر وێنەیەکی خۆی و لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردبێتەوە، بە نوسینێک پشتیوانی خۆی بۆ دوپات کردۆتەوە و نوسیویەتی، شانازیت پێوە دەکەم، پیاوی مەرد یاخو نوسیویەتی: تاوەکو کۆتایی لەگەڵت دەتبم و هاوڕێی نیورێگا نابم".
ئەو ئەفسەرەی دژە تیرۆری یەکێتی و نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بەردەوام، رەخنەی لە سیاسیەتی یەکیتی و هەنگاوەکانی بافڵ تالەبانی و قوباد تاڵەبانی گرتووە، بەڵام هەمیشە پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی کردوە و تاوەکو سێ رۆژ بەر لە ئێستا، لە ساڵرۆژی کۆچی دوای جەلال تالەبانی پۆست و نوسینەکانی تایبەت بوون بە یادی کۆچی دوای مام جەلال و هەروەها راگەیاندراوی فەرمی لاهور شێج جەنگی بۆ یادی کۆچی دوایی مام جەلال بڵاوکردۆتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color