گۆڕان، داوای دەست لەکار کێشانەوە لە پێنج پەرلەمانتار دەکات
بوار، تایبەت
درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کێشەکانی ناو فراکسیۆنی گۆڕانی بەتەواوەتی قوڵ کردووەتەوەو پێنج پەرلەمانتاری بزوتنەوەکە لە کۆی دوانزە پەرلەمانتار بە تەواوەتی هەڵوێستییان جیایە لە بزوتنەوەی گۆڕان و لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیان بەبزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.
لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات ئەو پێنج ئەندامە دەست لەکار بکێشنەوەو کورسیەکانیان ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بکەن، تا بزوتنەوەکە کەسی تر بخاتە شوێنیان لە ماوەی ئەم ساڵەدا کە تەمەنی پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە.
هەریەک لە (عەلی حەمەساڵح، شایان عەسکەری، دابان محەمەد، شیرین ئەمین و ئاشنا عبداللە) ئەو پەرلەمانتارانەن پابەندی بڕیارەکانی بزوتنەوەکەیان نەبوون و واژۆیان لەسەر درێژ کردنەوەی ماوەی ئەم خولە نەکردووە. بەپێچەوانە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانن.
بەپێی زانیارییەکان، گۆڕان بەدوو شێواز داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەو پێنج ئەندامە دەکات، شێوازی یەکەم کورسیەکانیان بەموڵکی گۆڕان دەزانێت و داوا دەکات دەست لەکار بکێشنەوە.
شێوازی دووەم بریتییە لە هێرشی ڕاگەیاندن بۆ سەر ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەو پێیەی درێژ کردنەوەی خوولەکە بە ناشەرعی ناو دەبەن و داوایان لێ دەکەن ئەوان کە ڕازی نین بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەبێت دەست لەکار بکێشنەوەو ئەو ماوەیە پەرلەمانتار نەبن.
بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لە ژێر فشاری ئەو کەسانەدایە بە دەست لەکار کێشانەوەی ئەو پێنج پەرلەمانتارە دەبنە جێگرەوەیان، هەرچەندە یەکێک لەو کەسانە لە ئێستادا پەیوەندی بەگۆڕانەوە نەماوەو لە میدیای پارتی کار دەکات.