مام جەلال،
یەکەم عەڕابی نەوتی هەرێم
بوار، تایبەت
جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی بەیەکەم کەس دادەنرێت بناغەی سیاسەتی نەوتی لە هەرێم داڕشتبێت.
سەرەتای هەوڵەکانی تاڵەبانی بۆ دەرهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕین و دروستکردنی حکومەتی هەرێم.
بەدیاریکراوی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ۱۹۹۲ تاڵەبانی سەردانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق دەکات لە گوندی شیواشۆک لە کۆیە.
لەو کێڵگەیە پێشتر حکومەتی عێراق ۳ بیری نەوتی لێدابوو، ئامادە کرابوون بۆ بەرهەم هێنانی نەوت، بەڵام بەهۆی ڕاپەڕین و جەنگی کوەیتەوە کارەکانی ڕاگیرابوو.
تاڵەبانی، کۆمیتەیەک لە خەڵکانی شارەزاو تەکنکی دروست دەکات و خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کۆمیتەکە دەکات و کارەکانی ناداتە دەست حکومەتی هەرێم کە ئەو کات تازە پێکهێنرابوو.
کۆمیتەکەی تاڵەبانی، لە دوو شوێنی جیاواز بناغەی یەکەم پڕۆژەی کوردی لە بواری نەوت دادەنێن... لەلایەک لە شیواشۆک سەرقاڵی پەرەپێدانی سێ بیرەکەی شیواشۆک دەبن، لەلایەکی تر لە ناو کارگەی شەکری سلێمانی بەبەکارهێنانی کەل وپەلی کارگەی شەکر سەرقاڵی دروست کردنی پاڵاوگەیەک دەبن بە توانای پاڵاوتنی دوو هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەبوو.
شەڕی ناوخۆ لەونێوان پارتی و یەکێتی، هەنگاوەکانی تاڵەبانی خاو دەکەنەوەو بەهۆی ئەوەی پێویستی بە هێنانی ئامێر و بودجە دەبێت، لەو کاتەشدا یەکێتی کێشەی دارایی دەبێت، بەهۆی خەرجی شەڕەوە ناتوانرێت کاری تێدا بکرێت.
ڕووداوەکانی ۳۱ی ئاب ڕێگر دەبێت لەوەی پاڵێوگەکە بکەوێتە کارو لە شەڕی ناوخۆشدا زیانی زۆر بەر بیرەکانی شیواشۆک دەکەوێت.
لە دوای شەڕی ناوخۆ لە سەرەتای ساڵی ۱۹۹۷ وە دووبارە کار لەهەردوو پڕۆژەکە دەست پێدەکاتەوە، تاڵەبانی بە هەوڵی خۆی لە ڕێگای ئێران و لیبیاوە هەندێک ماتۆڕ و پارچەی تەکنیکی دەست دەخات و ئەمجارەیان توانای پاڵاوگەکە بۆ ۲ هەزار و ٥۰۰ بەرمیل ڕۆژانە زیاد دەکرێت و لە کۆتای ساڵی ۱۹۹۷ کارەکانی تەواو دەبێت.
لە ڕۆژی ٥ی مانگی ۱۲ی ساڵی ۱۹۹۷ تاڵەبانی، پاڵاوگەکە دەکاتەوە لەژێر ناونیشانی پاڵاوگەی نەوتی سلێمانی، بەهەرمی ڕۆژانەی زیاد دەکرێت و ڕۆژانەش بڕی ۳هەزار و ٥۰۰ بەرمیل نەوت لە کێڵگەی شیواشۆک، دەردەهێنرێت و بەتانکەر دەهێنرێت بۆ سلێمانی.
سەرەتا لەیەکەیەکی پاڵاوگەکە ڕۆژانە بڕی هەزار بەرمیل نەوتی قورس جیادەکرایەوە و دەنێردرا بۆ کارگەکانی چیمەنتۆی تاسلوجە و سەرچنار، وەکو سوتەمەنی کەڵکیان لێ وەردەگرت و پاشان ۲ هەزار و ٥۰۰ بەرمیل دەپاڵێورا.
لەوبڕە ڕۆژانە ۱٥۰ هەزار لیتر بەنزین و ۱۰۰ هەزار لیتر نەوتی سپی و ۹۰ هەزار لیتر گازوایل بەرهەم دەهات.
لە ساڵی ۲۰۰۲ دوای ئاسایی بونەوەی پەیوەندی تورکیاو یەکێتی، تاڵەبانی سەردانی تورکیا دەکات لەوێ قەناعەت بە بەرپرسانی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی دەکات بۆ کارکردن لە نەوتی هەرێم و لە ۱۷ی تەموزی ۲۰۰۲ یەکەم گرێبەستی نەوتی هەرێم بۆ کێڵگەی تەقتەق لەگەڵ کۆمپانیاکە ئەنجامدەدرێت.
گرێبەستەکە لە نێوان ئیدارەی سلێمانی ئەوکات و کۆمپانیا تورکیەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەهۆی مەترسی ئەو کاتی ڕژێمی بەعسەوە زۆرترین ئیمتیاز بەکۆمپانیاکە دەدرێت.
سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکە ڕۆژانە بەرهەمی هەبوو، بەڵام وەک کێڵگەیەکی نەدۆزراوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت..
تاڵەبانی، سور دەبێت لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت لە سنوری ئیدارەی سلێمانی و لە کۆتایی ساڵی ۲۰۰۲ جارێکی تر سەردانی تورکیا دەکاتەوە لەوێ لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی دەکەوێتە وتوو وێژو قەناعەتییان پێدەکات بۆ کارکردن لە هەرێم و لە ۱٤ی ۱ ی ۲۰۰۳ گرێبەستی دووەم لە نێوان کۆمپانیای پیت ئۆیڵ و ئیدارەی سلێمانی ئەنجام دەدرێت بۆ کێڵگەی نەوتی چیاسورخ لە گەرمیان.
تاڵەبانی لە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستانە ڕاوێژ بە ئاشتی هەورامی دەکات کە ئەوکات لە لەندەن نیشتەجێ دەبێت.
جەلال تاڵەبانی و ئاشتی هەورامی و بەرهەم ساڵح سەرۆکی ئیدارەی سلێمانی ئەوکات ئاگاداری گرێبەستەکان دەبن.
لەساڵی ۲۰۰٥ بەچاودێری تاڵەبانی، گرێبەستی سێیەم لە کێڵگەی گەرمیان، لەگەڵ کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆسی کەنەدی ئەنجام دەدرێت.
لە کاتی یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی هەولێرو سلێمانی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ۲۰۰٥، جەلال تاڵەبانی پێشنیار بۆ بەرهەم ساڵح دەکات کە ئاشتی هەورامی بهێنێتەوە بۆ هەرێم و پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی پێ بدرێت.
تاڵەبانی کاتێک سەرۆک کۆمار دەبێت لە ساڵی ۲۰۰٥ هەر چاوی لە نەوتی هەرێم دەبێت و ئیبراهیم بەحرلعلوم وەزیری نەوتی ئەوکات دەهێنێتە کۆیە و بەردی بناغەی پاڵێوگەی کۆیە دادەنێن، بەڵام بەهۆی کێشەی دارایی و گۆڕانی حکومەتی ئینتیقالی عێراق کار لە پاڵاوگەکە ناکرێت.
لەسەر ئاستی حزبەکەشی تاڵەبانی داوا لە ئیدارەی گشتی یەکێتی دەکات، کۆمپانیای تایبەتمەند لە بواری نەوت دابمەزرێنن و لە ساڵانی ۲۰۰٦ بەدواوە کۆمپانیاکانی باوان و زەوی و وزە پترۆلیۆم دادەمەزرێنن و پەروین بابەکر ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی پێ دەسپێردرێت.
تاپێش نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی ئیدارەی سلێمانی پشکی نیوە زیاتری نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی بەردەکەوت، بەڵام لە ئێستادا تەنها ۹ی نەوتی بەرهەم هێنراوی هەرێمی بەردەکەوێت.