دژەتیرۆی یەكێتی سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسینی بوارنیوزی رفاندووە
بڵاوكردنەوەی وێنەیەك ئاستۆپاكی هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی دەرناخات
بەپێی بەدواداچوونەكان هەردوو رۆژنامەنووسی دەزگاكەمان، سەرتیپ قەشقەیی سەرنووسەر، ئیبراهیم عەلی بەرێوەبەری نووسین، لەلایەن دژە تیرۆری یەكێتی لە نزیك دووكان رفنێراون.
بەرپرسانی ئاسایش، لەسەر دەستگیركردنی رۆژنامەنووسەكانی دەزگای میدیایی بوار، ئەوەیان راگەیاندووە، ئێوارەی رۆژی یەك شەممە 9/10/2022 لە نزیك شارۆچكەی دووكان لەلایەن هێزێكی دەزگای دژەتیرۆری سەر بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستگیركراونو شەوی رابردوو لە ژووری تاكە كەسی لە دەزگاكە دەستبەسەربوون.
بەرپرسانی ئاسایش ئەوەشیان وتووە، هۆكاری دەستگیركردنەكەیان بوونی دوو سكاڵایە لەسەر دوو رۆژنامەنووسەكەی بوار، بەبێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك لەسەر ناوەڕۆكی سكاڵاكان بدەن.
ئێمە لە دەزگای میدیایی بوار، جارێكی تر ئەو جۆرە لە دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانمانو سەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان رەتدەكەینەوەو نیگەرانین لەوەی بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختە هەڵبكوترێتە سەریانو دەستگیریان بكەن.
هەروەها دووپاتی ئەوەش دەكەینەوە، ئەگەر سكاڵایەك لەسەر هەر رۆژنامەنووسێكی دەزگاكەمان هەیە، ئەوە رێكاری یاسایی هەیەو ئامادەین بچینە بەردەم دادگاو روونكردنەوەی خۆمان بدەین بە لایەنی سكاڵاكار.
هەوڵی رێكخراو و سەندیكا پیشییەكان و كەسایەتییەكان بۆ سۆراغ و ئازادكردنی رۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكانمان بەرز دەنرخێنین، بەڵام بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی رۆژنامەنووسانمان لە ئاسایشی سلێمانی دەرخەری ئەستۆپاكی هێزە ئەمنیەكان نییە، لەكاتێكدا بەبیانووی نەبوونی دادوەری ئێشگر رۆژنامەنووس شەو لە زیندان دەكاتەوە.
هاوكات جەختیش دەكەینەوە، ئەم جۆرە لەدەستگیركردنی رۆژنامەنووسانمان، هەوڵێكی ترە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رۆژنامەنووسی، بۆیە بە گرنگی دەزانین لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان، رێكخراوەكان، باڵیۆزو كونسوڵخانەو نوێنەری وڵاتانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بێنە سەر خەتو بەدواداچوون بكەن، بۆ ئەوەی ببێتە رێگر لەبەردەم ئەو دەزگا ئەمنییانەی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان دەكەن.
دەزگای میدیایی بوار
دوو شەممە
10/10/2022