بوار، تایبەت
"پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتییەو هیچ دەسەڵاتێكی نییەو تائێستاش سوودی بۆ گەلی كورد نەبووە"، ئەمە قسەی زۆرێك لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەو بە بەردەوامی دەیڵێنەوە.
بەڵام هەر، كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراو لایەنەكان چوونە گفتوگۆوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ململانێی توند لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكان لەبەغدا، بەتایبەتی پۆستی سەرۆك كۆمارو جێگری سەرۆكی پەرلەمان، كە پشكی كوردە لەناو سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.
ئێستا گرنگە بپرسین، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتییەو دەسەڵاتی نییەو سوودیشی بۆ گەلی كورد نەبووە، ئەی بۆچی لایەنەكان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانی هێندە ململانێی لەسەر دەكەن؟
رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە هێندە قوورس نەبێت، بەو پێیەی موچەی ساڵانەی سەرۆک کۆمار ٧٨٠ هەزار دۆلارە، کە بۆ ٤ ساڵ دەکاتە ٣ ملیۆن ١٢٠ هەزار دۆلار بەبێ سلفە، کە سلفە و مخەسەساتی ساڵانەی ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلارەو سلفەیەکی درێژ مەودایە و بەپێی یاسای ٢٠٠٥ ڕەمزیە و بۆ ٤ ساڵ دەتوانێت داوای ئەو سلفەیە بکات، کە دەکاتە ٨ ملێۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بەبێ مووچەکەی خۆی.
ململانێی پارتیو یەكێتی، لەسەر ئەو پۆستەو چەند پۆتسَكی تر، لەماوەی ئەم خولەو خولی رابردوو بەشێوەیەكە، كە ئامادەن هانا بۆ نەیارەكانیشیان بەرنو رێككەوتنی لەگەڵ واژوو بكەن، وەك ئەوەی ساڵی 2018 بۆ بەدەستخستنی پۆستی سەرۆك كۆمار پارتیو یەكێتی كردیان.
وەك ئەوەشی لە دوا هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كۆمار بینرا، كە پارتیو یەكێتی چوونە كێبركێیەكی توندەوە بۆ دەستخستنی ئەو پۆستەو دواجار پۆستەكەش بۆ دكتۆر عەبدولەتیف جەمال رەشید بوو، كە وەك كاندیدی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستەكە كاندید كردبوو.