وردەکاری برینداربوونی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ
بوار، تایبەت
پێش نیوەڕۆی ڕۆژی ۱۹ی تشرینی یەکەم، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک، پلە دارێکی هێزی کۆماندۆ گیانی لەدەستداو هەشت کەسی تریش بریندار بوون. لە ناویاندا ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ هەیە.
لە ساتی یەکەمی ڕووداوەکە، دەزگا ئەمنییەکانی گەرمیان ڕایانگەیاند ”تەقینەوەکە لە گوندی قوم پەڵک بووە، لە ناوچەی زینانە. سەرەتا بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە کەلار. پاشان هەندێک لە بریندارەکان کە برینیان سەخت بوو، بە هەلیکۆپتەر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فارووق لە سلێمانی”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی، دەربارەی شوێنی تەقینەوەکەو جۆری تەقینەوەکە ڕاگەیەندراوی جۆراو جۆریان هەبووە، سەرەتا دەزگا ئەمنییەکانی گەرمیان و ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕایانگەیاند ”تەقینەوەکە لە ڕێگای بۆمبی چێنراوەوە بووە لە گوندی قوم پەڵک”.
دواتر هێزی کۆماندۆ و هێزەکانی حەفتا لە دوو بڵاو کراوەی جیاوازدا ڕایانگەیاند ”تەقینەوەکە لە گوندی تاوێرکەوەی ناوچەی زینانە بووە”.
میحوەری گەرمیانی هێزی پێشمەرگەش بۆ دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئاشکرایکرد ”تەقینەوەکە لە گوندی شۆراو بووە”.
هەرسێ گوندی ”قومپەڵک، تاوێر کەوە، شۆراو” دەکەونە نێوان زینانە و دووز خورماتووەوە سێ گوندی جیاوازن.
تا ئێستا ڕاگەیاندنی فەڕمی یەکێتی و کۆماندۆ ڕایدەگەیەنن کە بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبیلێکی کۆماندۆدا تەقیوەتەوە.
هەرچەندە ڕاگەیاندراو و هەواڵی دەزگاکان وەکو یەک نین و هەندێکیان دەڵێن لە کاتی گەڕانەوەی هێزەکانی کۆماندۆ پێیاندا تەقیوەتەوەو هەندێکی دیکەش هەواڵی دیکە بڵاودەکەنەوەو دەڵێن ”لە کاتی ڕۆشتن بەرەو ئەو ناوچانە تەقینەوەکە ڕوویداوە”.
جگە لە شوێنی تەقینەوەکە کە گومانی دروست کردووە ئەوەی جێگای گومانە تا ئێستا هیچ وێنەیەکی ئەو ئۆتۆمبیلە بڵاو نەکراوەتەوە کە بەئامانج گیراوە.
بەشێک لە میدیاکانی یەکێتی وێنەی ئۆتۆمبێلێکیان بڵاوکردەوە کە گوایە ئۆتۆمبیلەکەی کۆماندۆیە، بەڵام دەرکەوت ئەوە ئۆتۆمبیلی محەمەد چەوری، جێگری لیوای ۱٤٤ ی پێشمەرگەیەو پێشتر لە ئۆپراسیۆنێکدا بۆمبێکی چێنراو پێیدا تەقیووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی کۆماندۆ، نۆ کەس لەو تەقینەوەیە بەرکەوتوون. بەپێی قسەی شارەزایان ”چۆن نۆ کەس لە یەک ئۆتۆمبیلدا بوون لە کاتێکدا ئۆتۆمبیلەکانی کۆماندۆ جۆری هەمەر و باجەر و مێگزەمینن و بەگشتی چوار بۆ پێنج سەرنشین هەڵدەگرن”.
بەپێی وتەی کەسێکی شارەزا کە بوار قسەی لەگەڵ کردووە لەسەر ئەو ڕوداوە دەڵێت ”لەو ناوچە مەترسیدارەدا چۆن نۆ کەس لەیەک ئۆتۆمبیلدا دەبن؟ لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی فەرماندەی هێزی کۆماندۆ بێت و هێزەکەش لەو ناوچە مەترسیدارە خەریکی ئۆپراسیۆن بن؟”.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی سێ ڕۆژ بەر لە ڕووداوەکە تا ساتی تەقینەوەکە هێزەکانی کۆماندۆ دوور لە چاوی ڕاگەیاندن خەریکی کێوماڵ و ئۆپەرایسۆن بوون و هێزێکی زۆریان لەو ناوچەیە هەبووە. گومانی سەرەکیش لەو ڕوداوە لەوەدایە لە ناو ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە سەربازییە بۆ ئۆتۆمبیلی فەرماندەی هێزەکە بە ئامانج گیراوە؟ چۆن زانراوە ئەمە ئۆتۆمبێلی ئەوە؟
سەرچاوەیەکی شارەزا، لە پوچەڵ کردنەوەی تەقەمەنی لە هێزەکانی پێشمەرگە کە بوار قسەی لەگەڵ کردووە، گومانی خۆی لەڕووداوەکە نەشاردەوەو بە بواری ڕاگەیاند ”بەپێی بریندار بوونی ئەو ژمارە زۆرە پێدەچێت لەناو ئۆتۆمبێلدا نەبووبن، شێوازی بریندار بوونیشیان بەپێیی ئەوەی زیاتر سەروچاویان بەرکەوتووە لەوە دەچێت لە دەرەوەی ئۆتۆمبێل توشی تەقینەوە بووبن. بەو پێیەی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو هێزە سەربازیییە، درعن بەمەش لە حاڵەتی دانانی بۆمبی چێنراو بەو قەبارەیە زیان ناکەوێتەوە”.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا هێزەکانی یەکێتی ڕێگەیان نەداوە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن سەردانی شوێنی تەقینەوەکە بکات و هیچ وێنەیەکی ئەو ئۆتۆمبیلەش بڵاو نەکراوەتەوە کە دەوترێت بۆمبی چێنراوی پێدا تەقیوەتەوە.
لەو شوێنانەی کە تەقینەوەکە ڕوویداوە پێشتر هێزەکانی کۆماندۆ و هێزەکانی پێشمەرگە بەیارمەتی هاوپەیمانان بەتایبەت فەڕەنسییەکان چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە، دواترینیان ئۆپەراسیۆنێک بوو لە تاوێرکەوە کە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆ ئەنجامدرا. لەو ناوچانە جگە لە پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعش، هێزێکی توندڕەوی دیکە هەیە کە لە ڕووی کردەوەو بیروباوەڕەوە وەک داعشن و بەناوی (کەتایبی سەڵاحەدین) لە ناو خەڵکدا بە ئاڵا سپییەکان ناسراون و لە زنجیرە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دووز خورماتوو جێگیرن. لە ماوەی ساڵی ڕابڕدوودا لە ناوچەکانی دووڕاجی و غەڕڕەو پەڵکانە و بەلەگە بنکە و مەفرەزەیان هەبووە و بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانەوە دوور کەوتونەتەوە بۆ سنوری دووز و قەرەتەپە.
جگە لە هێزی ئاڵاسپییەکان کە تا ئێستا ڕوون نیە بەشێکن لە تیرۆرستانی داعش یان هێزێکی جیاوازن. چەکدارانی داعشیش هەن و سوود لە بۆشایی نێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان وەردەگرن.
لە نزیک ئەو ناوچانە لە نێوان هەردوو گوندی خۆرنەوەزان و وارانی بارەگایەکی چەکدارانی قەندیل هەیە، کە نزیکەی پێنج کیلۆ لە زنانەوە دوورە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی کۆماندۆ، جگە لە نەقیب زوبێر محەمەد کە گیانی لە دەستداوە هەشت برینداری تر هەن کە ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لەناویاندایە و بەپێی دواین زانیاری ڕەوشی تەندروستی ئاکام عومەر خراپەو تەنها ٤٪ی مێشکی کار دەکات و لە حاڵەتی بێهۆشیدایەو لە ژێر چاودێری چڕدایە.
پزیشکەکان بەبەرپرسانی یەکێتییان ڕایانگەیاندووە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ کردوویانە، بەڵام پێویستە ئاستی ئیشکردنی مێشکی بگەڕێتەوە بۆ ۱٥ ٪ تا هۆشی بێتەوە. بەتایبەت پزیشکەکان بەبافڵ تاڵەبانیان ڕاگەیاندووە لە ڕووی پزیشکیەوە تەنها ئەوەندەی بۆ دەکرێت کە کراوە.
ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ، زەبری توند بەر سەری کەوتووە، لای شان و ملی بریندار بووەو توشی خوێن بەربوونی مێشک بووە، لەناو بریندارەکاندا ئاکۆ نەجم، فەرماندەی فەوجی چواری کۆماندۆ هەیە کە بارەگای فەوجەکە لە قادرکەرەمە. ئاکۆ نەجم پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووە. جگە لە ئاکام عومەر یەک برینداری دیکەش تەندروستی زۆر خراپە و شەش بریندارەکەی دیکەش تەندروستیان جێگیرەو بەرەو باشتر دەچن.