ڕێکخستنەکانی کۆمەڵی دادگەری، داوا دەکەن فڕاکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان نەکشێتەوە
بوار، تایبەت
بەپێی زانیارییەکانی بوار، کۆمەڵی دادگەری لەناو ڕێکخستنەکەنی خۆیدا سەرقاڵی ئەنجامدانی ڕاپرسییە لەبارەی ئەوەی ئایا فڕاکسیۆنی حیزبەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان لە دوای ٦ی تشرینی دووەم لە پەرلەمانی کوردستان بمێننەوە یاخود بکشێنەوە؟
نزیکەی دوو هەفتەی دیکە بەپێی یاسا ماوەی یاسایی کارکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام بە دەنگی فڕاکسیۆنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆتاکان ماوەی یاسایی پەرلەمان تا کۆتایی وەرزی پایزەی یاسادانانی ساڵی داهاتوو درێژکراوەتەوە.
لای خۆیەوە فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئێسلامی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەوان دوای تەواو بوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە پەرلەمان دەکشێنەوەو پەرلەمانتارەکانیان بەیەکجاری دەستبەرداری کاری پەرلەمانتاری دەبن.
کۆمەڵی دادگەری وەک فڕاکسیۆنێکی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان، دەنگی بە دڕێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نەداوەو لە ئێستادا ئەو حیزبە تاوتوێی کشانەوەی یەکجاری لە پەرلەمان دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، کۆمەڵی دادگەری لە ناو ڕێکخستنەکانیدا ڕاپرسییەکی تایبەتی ئەنجامداوە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەو ڕاپرسییە بێت لەسەرجەم مەڵبەندەکانی ئەو حیزبە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵی دادگەری دژی ئەوە بوون کە حیزبەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان بکشێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، وا بڕیارە ئەنجامی کۆتایی ئەو ڕاپرسییە ناوخۆییەی کۆمەڵی دادگەری ببرێتە کۆبونەوەیەکی گشتی ئەنجومەنی گشتی کۆمەڵی دادگەری و لەو کۆبونەوەیە بڕیاری کۆتایی لە بارەی چارەنوسی فڕاکسیۆنی ئەو حیزبە بدرێت لە پەرلەمانی کوردستان.