گرنگ

بوار، نهێنی فرۆشتنی چاڤی لاند بە شوفێرێکی برای شاسوار عەبدوالواحید ئاشکرا دەکات

2022-10-30

 
بوار، نهێنی فرۆشتنی چاڤی لاند بە شوفێرێکی برای شاسوار عەبدوالواحید ئاشکرا دەکات
هێزە ئەمنییەکان چۆن ئەو کەسەیان دەستگیرکرد کە گوایە چاڤی لاندی کڕیوەتەوە؟
بوار، تایبەت
بەپێی زانیارییەکانی بوار، لە ماوەی ڕابردوو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوەنی پڕۆژەی چاڤی لاند، بۆ ئەوەی خۆی بە دوور بگرێت لەهەر بەرپرسیارێتییەکی یاسایی بەرامبەر ئەو کێشانەی کە ڕوبەڕووی پڕۆژەی چاڤی لاند دەبنەوە، شاسوار عەبدولواحید، تەنیا لەسەر کاغەز گوایە پڕۆژەکەی بە کەسێک فرۆشتووە بەناوی نوری سەباح حوسێن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، ئەو کەسە شوفێری نزار عەبدولواحیدی برای شاسوار عەبدولواحیدەو باوەڕپێکراوی خانەوادەی شاسوار عەبدولواحیدە، لەسەر ڕاسپاردەی شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیایەیەکی بواری عەقارات بەناوی ئەو کەسە لە شاری بەغدا تۆمار دەکرێت و نزار عەبدولواحید چەند پڕۆژەیەکی بازرگانی لە شاری بەغدا جێبەجێدەکات لەسەر ناوی ئەو کۆمپانیایە.
پێشتریش بوار زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە لە شاری بەغدا چەند کەسێک سکاڵای یاساییان لەسەر نزار عەبدولواحید، تۆمارکردبوو بەهۆی ئەوەی ئەو برایەی شاسوار عەبدولواحید پارەی ئەو کەسانەی لایەو نەیگەڕاندووەتەوە، بەڵام لەڕێگەی سروە عەبدولواحیدەوە پەیوەندیکراوە بە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەو هۆیەوە ئەو سکاڵا یاساییانە لەشاری بەغدا لە دژی نزار عەبدولواحید ڕاگیراون.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، شاسوار عەبدولواحید لە ماوەی ڕابردوودا هەستاوە بە فرۆشتنی چاڤی لاند بەشێوەیەک ڕێکارەکان یاسایی بن، گوایە تەواوی ئەو پڕۆژەیە بە ٤٢٤ ملیار دینار فرۆشراوە، گرێبەستێک لەنێوان شاسوار عەبدولواحید و ئەو کەسە واژوو کراوە، بەڵام لە هەمان ڕۆژ ئەو کەسە لە دادگا تەنازوولی بۆ شاسوار عەبدولواحید کردووە.
ئەمەش بۆ ئەوە بووە، شاسوار عەبدولواحید بتوانێت سوود لە پەڕاوەکان وەربگرێت و لە میدیاکانەوە ئەوە بڵاوبکاتەوە کە پڕۆژەی چاڤی لاند پەیوەندی بە ئەوەوە نەماوە. بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی بەو وردەکارییە دەزانن و ئەو کەسە دەستگیر دەکەن کە گوایە پڕۆژەی چاڤی لاندی کڕیوەتەوەو تەواوی چیرۆکەکەی بە ڤیدیۆ پێ تۆمار دەکەن. بەو هۆیەوە شاسوار عەبدولواحید نەیتوانیوە لە میدیاکانەوە ئەوە ڕابگەیەنێت کە پڕۆژەی چاڤی لاند موڵکی ئەو نەماوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color