گرنگ

#سەمای_مارەکان

2022-11-19

 
(154)
چەکدارەکان هاتن قۆریان بەستین و ئەمەیان بە پێشەخۆدا، هەردووکمان نەماندەتانی بڕۆین، هەم لە ترسی مردنێ، هەم لەبەر ئەوەی زۆریان لێدابووین و هەموو لەشمان کوترابوو، لە ژۆرەکەیان بردینە دەرێ و ئەمەیان بردە بندیوارە گەورەکەی ماری قادراغەی، ئەو ناوە پڕی چەکداربوو، هەموو تەماشامەیان دەکردو هەستم نەدەکرد هیچیان بەقەدەر سەری دەرزی ڕوحم و سۆزی لە دری دابی، ئەمن و شکۆیان لەبندیواری ڕێزکرد، چەکدارەک پشتێندی خۆی لە پشتی کردەوەو بەو حەڕبەی(چەقۆی شەڕ)پێیبوو دوو پارچەی لێکردەوەو چاوی من و شکۆی پێ قەپاتکرد، ئەوجە گازی دوو سێ زەلامیکرد و گۆتی: یاڵلا ڕێزبن و چەکتان سوارکەن، هەرگۆتم لێیاندەن بیاندەنە بەر گوللان، ئەمن شکۆ هەردووکمان فرمێسک بە هەردوو چاومان دا دەهاتەخوارێ و لەو کاتەی وەکی شریتەکی سینەمایێ هەموو ژیانی خۆمم هاتەوە بەرچاوی، هەر لەمنداری، هەتا گەورەبوون و بوونە مامۆستاو دامەزران و هاتنە گوندی و ناسینی نازەو هەموو خەرکی گوندی، شکۆ گۆتیە من: توخوا گەردەنم ئازادکە، گۆتم: گەردەنت خۆش و ئازادبی و ئەتووش گەردەنی من ئازادبکە، شکۆ خۆی پێنەگیراو لە هۆڕژنی گریانێیدا، گۆتی: وەڵلاهی لە ترسی مردنێ ناگریێم، بەرکو لۆ هەندێ دەگریێم، کە پێش ئەوەی بمرم بابی خۆم نەدیت، گۆتم: ئیشاڵلا لەو دنیای دەیبینیەوە، وەختەکی کابرا گۆتیە چەکدارەکان: ڕێزبن، چەکتان سوارکەن، چەکدارەکان تێکڕا چەکیان سوارکرد، چەکدارەکە گۆتی: حازربن! ئەمن و شکۆ شهادەکی بەهەقمان هیناو چاومان لەبن پەڕۆکی قەپاتکردو چاوەڕێبووین ڕمیمان بکەن، ئەمە لەو خەیارانە دابووین ڕمبەکی زۆرگەورە لەنێزیکی مەهات و پێدەچوو ئارپێچی یان تۆپ بووبی بە ماری قادراغەیکەت، ئەمە لەگەر ڕمبەی بەربووینەوەو کەتینە ناو تۆز و خۆری، بووە یا ئەڵلاو هەراو هۆریایەک نەبیتەوە، هەر وەختبوو کەڕبین لەگەر دەنگی تەقەی، ئاگربارانەکبوو نەبیتەوە، دوو سێ جار هاوارمکرد: شکۆ، کورە شکۆ، دەنگ نەبوو، ترسم هەبوو کوژرابی، بەینەک پێچوو ئەوجارە شکۆ گازی منیکرد، وەرامم داوەو گۆتم: لێرەم، خۆت لە عاردی درێژکەو هەرمەستەوە، با هەر وابزانن کوژراینە، گۆتی: زۆر باشە، دەنگی تەقەیی و هەرێ هاتی هەر زیادی دەکرد و هەراو هۆریاو گریانی ژنانیش لەوێ ڕاوەستی، ئەمن لە دری خۆم گۆتم: لەوانەیە ماری مام قەتۆیبن بەسەر ماری قادراغەیان دادەیە، دوایێ گۆتم: مام قەتۆ ئەو هێزو توانایەی نییە، بەسەر ماری قادراغەی داداو ئەو ئیشە ئیوی نییە، ئەوجارە گۆتم: ڕەنگە ماری ئەو جاحێرەیبن ئەو قادراغە بەینێدی کووشتی، چونکە چەند ڕۆژەک پێشتریش بەسەر ماری قادراغەیان دادابوو، وەلحاسر نەگەیشتمە هیچ.
شەڕەکە زیاتر لە دوو سێ سعاتی بردو ئەمن و شکۆ هەر خۆمان ماتکردو، زۆرمان هەوڵدا پەڕۆکەکەی سەرچاومان لەدەین یان دەستمان بکەینەوە، بەران پێمان نەکرا، ئیدی بڕیارماندا خۆمان بێدەنگکەین هەتا ڵایەک بە لایەکی دەبی، وەختەکی گێمان لێبوو ئێکەک هاواری دەکرد: مامۆستا شکۆ، مامۆستا شکۆ، ئەنگۆ لە کێنە، کورە بگەڕێن ئەو مامۆستایانە بە زندیتیبی یان مردیتیبی ببیننەوە، ئەوی ڕاستیبی ئەمە نەوێراین وەرامدەینەوەو برێین لێرەین، چونکە ترساین پیاوی قادراغەیبن و بیانەوێ بمانکوژن، لۆیێ خۆمان بێدەنگکرد و هیچ قسەمان نەکرد، هەندەی نەبرد ئەوجارەش دەنگەک گازی کردین، ئەو دەنگە غەریب نەبوو، گۆتمە شکۆی: وابزانم ئەو دەنگە دەنگی بایزیە! گۆتی: ئەتوو برێی؟ گۆتم: دە گێبدێ، هەردووک گێمان دایێ و تەئکیدبووین بایزە، شکۆ یەک بەدەنگی هاواریکرد: بایز، بایز، وەرە ئێرە ئێرە، ئەمە لێرەین!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color