سێ هەزار کەس، بۆ پاسەوانی سنور زیاد دەکرێن
بوار، گرفتەکانی بڵاوبوونەوەی هێز، لەسەر سنورەکانی ئێران و تورکیا بڵاو دەکاتەوە
بوار، تایبەت
لە دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نشتیمانی عێراق، بەسەرۆکایەتی محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیری عێراق و بەئامادە بوونی سەرۆکی ئەرکانی هێزی پێشمەرگە بۆ بڵاوەپێکردنی هێز لەسەر سنورەکانی هەرێم تا ئێستا ڕوون نیە چ جۆرە هێزێک دەهێنرێتە سنورەکان، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەرێم و پلانێک هەیە بۆ زیادکردنی سێ هەزار کەس بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنور. هەرچەندە فەرماندەی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنور لە هەرێم کە ئەرکی پاراستنی سنورەکانی هەرێمی لە ئەستۆدایە دامەزراندنی هێزی نوێ ڕەتدەکاتەوەو دامەزراندنی لیوایەکی نوێ بەدەنگۆ دەزانێت.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری عێراق بۆ میدیاکان ئاشکرای کردووە بڕیاری دامەزراندنی لیوایەک تا دوو لیوای نوێ بۆ پاسەوانی سنور لەهەرێم دراوەو لە بودجەی ۲۰۲۳ جێگیر دەکرێت. هاوشێوەی سێ لیواکەی پاسەوانی سنور لە هەرێم هەن هێزە نوێیەکەش لە خەڵکی هەرێم دروست دەکرێت.
لە ئێستادا نزیکەی ۹ هەزار پاسەوانی سنور لە هەرێم هەن، بەڵام بەهۆی داگیرکاریی سوپای تورکیا و بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنورەکانی تورکیاو ئێران لە زۆر شوێن پاسەوانانی سنور نەیانتوانیوە بچنە خاڵەکانی کۆتایی سنور.
بەدرێژایی سنوری سوریا لە پارێزگای دهۆک هێزی پێشمەرگەو پاسەوانی سنور هەن و لە خاڵی پێشخابوور تا باکوری ناحیەی دەرکار پاسەوانی سنورو پێشمەرگە هەن و لە باکوری دەرکار و چیای مەتین و باکوری ئامێدی تا دەگاتە نزیک دەروازەی سەرزێڕ، چەکدارانی پەکەکە و بارەگای سوپای تورکیا هەیەو خاڵەکانی پاسەوانی سنور و پێشمەرگە لە دواترە و نەگەیشتونەتە هێڵی سنوری نێوان عێراق و تورکیا. لە کۆڤان تەپە تا دەگاتە خواکورک و سنورەکانی سیدەکان دیسان لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادایە.
لە خوار حاجی ئۆمەرانەوە تا دەگاتە نزیک کورتەک لە نزیکی قەڵادزێ ناوچەی سنور و چەندین گوند لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی پەکەکەیە و پاسەوانی سنور نەیتوانیووە بچێتە خاڵی کۆتای سنور.
لە ناوچەکانی شارباژێڕ و ماوەت و پێنجوێن، چەکدارانی پژاک هەن و چەندینجار لەلایەن تورکیاو ئێرانەوە بۆردومان کراون، بەڵام پاسەوانی سنور لە خاڵی کۆتاین.