گرنگ

#سەمای_مارەکان

2022-12-08

 
(189)
مام قەتۆ ئاوڕیداوەو دیتی وەئاگاهاتیمە، هاتە لای سەرم و گۆتی: کوی؟ گۆتم: باشم زۆر مەمنون، گۆتی: با پارە نانەکت لۆ تێکەم، بیخۆ هەتا بڕەک دێیەوە سەرەخۆ، گۆتم: لەوەی گەڕێ، پێمبرێ کا حەسەنەفەندی و شکۆ، گۆتی: هەونکە دەزانی، جارێ پارە نانەکی بخۆ، برینی پشتت خینەکی زۆری لێڕۆییە، خوا خێری سوارەی بنووسی، برینەکەی تیمارکرد، ئەگەرنا تووشی کێشە دەبووی، گۆتم: مەمنونی کاک سوارەیمە، سوارە ئاوڕی داوەو پێکەنی، هەستا لەناو کەلوپەلەکان قاپەکی دەریناو گۆتی: ماری ئەوەیە نیسەکەکی گەرم بخۆی، چوویە لای مەنجەرەکەی سەر ئاگری، سەری هەرداوەو بەمراکی بڕەک تێکیدا، ئەوجە یەک دوو کەوگیری لۆتێکردم و هینای لەپێشی دانام و گۆتی: یاڵلا ناوی خوای لێبینە، بەتانییەکەم لاداو دانیشتم و پارم بەدیواری ئەشکەفتیداو هێدی هێدی دەستم بە نیسك خواردێکرد، مام قەتۆ گۆتی: دوعای بکەن پیاوەکانی قادراغەی نەمانبیننەوە، بەس بزانن لێرەینە هەموومان دەکوژن، گۆتم: لۆ ئەوان لەوناوەی نلزیکن؟ گۆتی: ئەو تەقانەی لەڕێیێ پێیان وەناین، چەکدارەکانی ویبوون، ئەو دەوروبەرەیان هەموو گرتیەو هەمووشیان لە ئینزاردانە، لەو دوو سێ ڕۆژەک شتەک ڕوودەدا، گۆتم: دەتوو پێمبرێ کا حەسەنەفەندی و شکۆ؟ هێشتا مام قەتۆ وەرامی ئەو پرسیارەی نەدابوومەوە، مام پرینگ وەژۆرێکەت، وەکی چاوم بەمام پرینگیکەت، چاوم زەقبۆوە، گۆتم: ئەی! ئەوە مام پرینگ لێرە چدەکا؟ مام قەتۆ گۆتی: ئەگەر مام پرینگ نەبا، لەمێژبوو حەسەنەفەندی و مامۆستا شکۆ کوژرابوون! مام پرینگ هات سەلامیکردو چاکوچۆنی لەگەرکردم و گۆتی: ئێستا کوی؟ گۆتم: زۆر باشم، بەس ئەتوو لێرە چدەکەی؟ گۆتی: هەتا ساحێبی نادراغەو قادراغەیبین، هەردەبی لەئەشکەفتان بکەوین، وەکی حەسەنەفەندی زانی ماڵی زەیتونی دەیانەوێ شکۆی بکوژن، دەمودەست هاتبووە مەکتەبێ و شکۆی لەگەڵ خۆی بردبوو، هاتە کنەمن و گۆتی: فریامانکەوە، ئەو ئیشە بەس بەتوو دەکرێ، ئەمنیش چوومە کن نادراغەیی و گۆتم: ئیزنم بدە و بەچەکدارەکانت بڵێ ڕێم لێنەگرن، دەچم مەکینەکی بیرلێدانێ لەودیوی دەکڕم و دەیهینم، ئەویش وەرەقەکی لۆکردم و نووسی کەس خۆ لەمام پرینگی نەگەینی و کارئاسانی لۆبکەن، شێرۆی براشم بەخۆو بە لۆریەکی هاتە گوندی، حەسەنەفەندی و مامۆستا شکۆم هاویشتە بۆدی لۆری و سەرم داپۆشی و لەگەڵ شێروی برام بەڕێکەتین، ئەوەی قسەی بکردبا وەرەقەم پیشان دەدا، کەس لۆری تەفتیش نەدەکەت، هەرزوو بەزەبری پارەی تەرتیباتەکم لەگەڵ قادراغەش کردبووە، ئەوانیش ڕێیاندام و ئیدی لۆی دەرچووین و هەردووکم گەیاندە ئێرە، گۆتم: ئەدی لۆ مەکینەی بیرەکەی چدەکەی؟ گۆتم: ئاودیوو دەبم، بەشکو دەیکڕم و دەیهینمەوە، ئەمن چاوەڕێمە شێرۆی برام بێت و پێکەوە بڕۆین، گۆتم: ئەدی کا حەسەنەفەندی و شکۆ؟ مام قەتۆ گۆتی: زۆری نەمایە، تۆزەکیدی بەدەردەکەون!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color