شەڕە تۆپەکە سعاتەکی زێتر برد و پاشان هێوربۆوە، مام پرینگ هەر لەبەر دەرووی ئەشکەفتێ دەهات و دەچوو، دیاربوو خەمی مام شێرۆیبوو، دەترسا لەو تەقوتۆقەی شتەکی لێهاتبی، مام قەتۆ گۆتی: پرینگ وەرە دانیشە، ئیشاڵلا شێرۆ هیچی لێنایێ، مام پرینگ گۆتی: خەمم ئەو خەمە، لەڕێیێ بیکوژن، پارەکە هەمووی لەکنەویە، هێزی ئاڕئاڕ(ڕاو و ڕووت)زەلامی لۆ پێنج دیناری دەکوژن، گۆتم: ئەدی وەرەقەی پێنییە، کەوا کەس دەستی لێنەدا؟ گۆتی: ئەتوو ئەوانە ناناسی، وەرەقەشی لۆدەکەن و دەشیکوژن، پارە لەکنەوانە هەمووشتە، گۆتم: خوای گەورە بیپارێزی و بەسەلامەتیبگا، سوارە گۆتی: شیوەکە حازربوو، با تێیکەم و پارە نانەکی بخۆین، گۆتمان زۆرباشە، شکۆو کابرای ناو ئەشکەفتی، ئەو ناوەیان ڕێکهێخست و قاپەکانیان ڕێزکردو لە نێزیکی سوارەیان دانا، سوارە دەستی بەشیوتێکردنێکرد، تەماشامکرد ساوار بەتەماتەیە، یەکسەر داکم بەبیرهاتەوە، کەزۆرجار ساوار بەتەماتەی لێدەناو لەگەر نانی تیری و تەڕەپیازو ماستاوی لۆی دادەناین، هەندەجار دەمگۆ ئەرێ دایە ئەو ساوار بەتەماتە نەبڕاوە، وەڵلاهی لەبن بەردی دابنێی وەکی تی ئێن تی دەتەقتەوە، نازانم ئەو زگەیمە کوو بەرگەی دەگری و دەیهاڕی، داکم مراکەکی ڕادەوەشاندمێ و دەیگۆ: وەکی ژنت هینا، با ژنە حەدودەکەت سێ جەمە پراوبرنج و گۆشت بەرخت لۆلێنێ، دەخۆی هەرئەوەیە، ناخۆی هەرئەوەیە! بابیشم دەیگۆ: کوڕم شوکری خوای بکە، وەڵلا هەیە ئەوەشی نییە بخوا، ناشوکر مەبن، با خوای گەورە ئەوەندەشمان لێنەبڕی! لەگەر ئەو یادگاریانە هەردوو چاوم پڕی ئاوبوون و قوڕگم گیرا، مام قەتۆ ئاوڕیداوەو ئەمنی بەو وەزعەی دیت، بەینەکی تەماشایکردم، ئەوجە گۆتی: فکر لەچ دەکەیەوە؟ گۆتم: لە داک و بابم، لە پراوساوارەکەی دەستی داکم، لەنانە تیریەکەی، لەچایە خەست و خۆشەکانی، لە جونەکانی کەپێی دەدام، لە لچ و لێوبادانی، کە دەیگۆ کیژی فرانت لۆ دەینم و دەمگۆ نامهەوێ، ئەویش دەیگۆ دەمادام وەیە بڕۆ کیژی قاقانی چین بینە! مام قەتۆ دەستی لەسەر شانی دانام و سەری لەبنگێی نام و گۆتی: ئەدی بە مامۆستا شکۆی چدەڵێی، بابی مردیەو ناتانین پێشی بڵێین، وەکی مام قەتۆ ئەو قسەیکرد، یەکسەر سەرم برندکردو تەماشا شکۆمکرد، دیتم ئەویش لە ساوارەکەی نز بوویتەوەو فرمێسک بەسەر ڕوومەتی دادێنە خوارێ، گۆتم: شکۆ، لۆ وەها بێتاقەتی؟ گۆتی: لۆ خۆت نارێی، وەتێدەگەی نەمدیتی وەکی فرمێسک لەهەردوو چاوت دەباری! گۆتم: ئیشاڵلا وەزعەکە خۆش دەبی و بەسەلامەتی دەگەڕێینەوە ماروحاری خۆمان، گۆتی: خوا بەزارت دابڕۆنێ، هەرچەندە ناچیتە مێشکم وەزعەکە خۆشبی، مام پرینگ گۆتی: قابیلە ئەو وەزعە هەرئەوهابی، ڕۆژەک دادێ هەرخۆشدەبی، دەناوی خوای بینن و دەست پێبکەن، دەستمان بەنان خواردنێکرد، گۆتمە مام قەتۆی: ئەرێ ئەو پیاوەی لەو ئەشکەفتەی دەژی ناوی چییە؟ گۆتی: عەلی! ئاوڕمداوەو دیتم عەلی بەتەنێ لەلایەکی دانیشتیەو هێدی هێدی نانی دەخوا، گۆتم: کاک علی، لۆ نایێ لەگەمە دانیشی و پێکەوە نانی بخۆین، عەلی سەری برندکردو بەینەکی تەماشایکردم، ئەوجە هەستاوەو چووە دەرێ و پشتی لەمەکردو دەستی بەنانخواردنێکردەوە، مام قەتۆ گۆتی: وازی لێبینە، هەتا قسەی لەگەڵ نەکردی قسەی لەگەڵ مەکە، توڕەبیتن وەزعی تێکدەچی، کە وەزعیشی تێکچوو، دۆو دۆشاوی تێکەڵ دەکا، گۆتم: ئەدی دەکرێ ئەمە هەرئەوها لەگەری بێدەنگبین، کێ دەرێ ئەمە مانگەکی لێرە نامینێینەوە، گۆتی: ئەگەر ئەنگۆ خۆی تێنەگەینن، ئەو هێدی هێدی لەگەرتان دەکرێتەوە، گۆتم باشە ئەو کابرایە لۆ لێرە دەژی؟ گۆتی: عاشق و سەرگەردانەو دنیای بەتەواوی تەرککردیە، ئەمن هەر ئەوەندەت لۆ باسدەکەم، بەشکو لەگەڵت بکرێتەوەو بەخۆی لۆت باسبکا.
نان خوراو قاپەکانمان خڕکردەوەو لەلایەکمان دانا، حەسەنەفەندی گۆتی: چایەکەی بخۆینەوە ئەمن قاپەکان دەشۆم، مام قەتۆ گۆتی: ناوەڵلا با هەرکەسەو ئیخۆی بشوا، لە ئێستاوە خۆمان وا ڕابینین، شکۆ گۆتی: ئەمن لەهەمووتان گچکەترم، لۆیێ ئەمن هەمووی دەشۆم، هەندەی نەبرد سوارە چایەی تێکرد، دەستمدا دوو پەرداخان و هەستامەوەو لۆلای عەلی ڕۆیشتم، پەرداخە چایەکم لۆڕاگرت و گۆتم: فەرموو! بەینەکی تەماشایکردم، پاشان لێی وەرگرتم، ویستم بچمەوە ناو ئەشکەفتی، بەهێمنی گۆتیە من: دانیشە! گۆتم: بەرێ! گۆتی: دەڵێم دانیشە!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.