گرنگ

سیستەمی شۆفاژ لەهەرێم شکست دەهێنێت؟

2022-12-09

 
سیستەمی شۆفاژ لەهەرێم شکست دەهێنێت؟
بوار، هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی تەقینەوەکانی غاز لەهەرێم ئاشکرا دەکات
بوار، تایبەت
ماوەی پتر لە ۱۰ ساڵە، شۆفاژ و تانکی گەورەی غاز لە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت، هەر چەندە بەکارهێنانی هێشتا لە ئاستی گشتیدا نیەو ڕێژەکەی زۆر کەمە. بەڵام لە وڵاتانی دیکە سیستەمێکی بەربڵاوە و بەو شێوەیە ڕووداوی لێ ناکەوێتەوە.
جگە لەو بوتڵانەی کە لە هەموو ماڵێکی هەرێمدا هەیە. غاز لە هەرێمی کوردستان چەند بەکارهێنانێکی تری هەیە کە بریتین لە شۆفاژ کە بریتیە لە گەرمکردنی زەوی باڵەخانەو ماڵەکان لە ڕێگای تۆڕێکی ئاوی گەرم کە بە غاز کاردەکات. بەشێکی هاوڵاتیان بۆ وەرزی زستان بەکاری دەهێنن و بەشێکی زۆر لە ڕیستۆرانت و فڕنەکانی نان و سەمون و شیرینی و کافتریاکان و هوڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر کە ڕێژەیەکی‌ زۆر غاز بەکار دەهێنن بۆ ڕزگار بوون لە گۆڕین و دەست نەکەوتنی بوتڵی غاز لە هەندێ کاتدا کە قەیران دروست دەبێت پەنا دەبەنە بەر تانکی گەورەی غاز.
بەهۆی قەیرانی چەند ساڵەی بەنزینیشەوە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل سیستەمی ئیشکردنیان گۆڕاوە بۆ غاز. جگە لە بەکارهێنانی زۆپا و بۆیلەری غاز کە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاد بووندایە و ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە لە شێوازی شوقەدا دروستکراون بە شێوەی مەرکەزی تانکی غازیان هەیەو بەبۆڕی غاز بەیەکەکان گەیشتووە.
خواستی ڕۆژانەی غاز لە هەرێم بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت و لە وەرزی زستان زۆرترین خواست هەیە، پێداویستی هەرێم نزیک دەبێتەوە لەهەزار تەن لەڕۆژێکدا.
هەموو ئەو بەکارهێنانەی غاز جگە لە بوتڵی ئاسایی ماڵان لە هەرێم نوێن و نزیکەی دە ساڵە بڵاو بونەتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو، ژمارەی ئەو ڕوداوانەی بەهۆی تەقینەوەی غازەوە دروست بوون هێندە کەمن وەک ڕووداوی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا ڕووداوی نەخوازراوی گەوەرە لەتەواوی شارەکانی هەرێم ڕوویاندا.
بەپێی بەدواداچونەکانی بوار، هۆکاری تەقینەوەکان بەشی زۆری بۆ کوالێتی غازی LPG دەگەڕێتەوە و لەلایەن بازرگانانەوە مەوادی تری وەک ئاو و هەواو نایترۆجین و نەفتای تێدەکرێت.
لە ماوەی ڕابردوو چەندین گرتە ڤیدیۆی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بڵاوکرایەوە دوای تەواو بونی بوتڵی غازی ماڵەکانیان بڕێکی زۆر ئاوی تێدایە.
ئەو ماددانە وادەکەن بۆنی غاز لە کاتی لێچوون کەمتر بێت لە ئاستی ئاسایی و لەگەڵ غازەکەدا کارلێک و پەستان دروست دەکەن و ژەنگ و خوران لەبۆڕیەکان دروست دەبێت و دواتر بەهۆی بڵاوبونەوەی غازەوە تەقینەوە دروست دەبێت.
هۆکاری ئەو کارەی بەشێک لە بازرگانان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نرخی یەک تۆن غازی LPG بەشێوەی بازرگانی بەماڵان و ڕیستۆرانت و بەنزینخانەکان بفرۆشرێت نزیکەی یەک ملیۆن دینارە، بەڵام بۆ کارگەکانی غاز یەک تۆن بە ٥۱٨ هەزار دینارە و ئەو ماددانەی تر هەرزانتر دەست دەکەون و بەنرخی غاز بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێنەوە.
دەستکاریکردنی سوتەمەنی تەنها غاز ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێوەی ئاشکرا لەگۆڕەپانەکانی سوتەمەنی بەنزین و جۆرێک لە گازوایل دروست دەکرێت.
سەرچاوەی دروستکردن و دەستکاریکردنی سوتەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ بڕێکی زۆری نەفتا لە بازاڕەکانی هەرێم. بێ ئەوەی هیچ چاودێرییەکی لەسەر بێت. کە بە نزیکەی ۱۲ تا ۱٥ هەزار بەرمیل ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت و نرخی زۆر لە گازوایل و بەنزین هەرزانترە و هەندێک جار لیتری لە ٤٥۰ دینار کەمترە.
بەدرێژای ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای داناگاز کە بەرهەمهێنی سەرەکی نەفتایە لە هەرێم هەر بەرمیلێک نەفتای بە ٤۳ دۆلار فرۆشتووە کە ئەو نرخە لەچاو نرخی گازوایل و بەنزین زۆر کەمە.
بەهۆی گرانی نرخی گازوایلەوە لە گۆڕەپانەکانی سوتەمەنی جۆرێکی نوێ لە گازوایل دروست دەکرێت کە بریتیە لە تێکەڵەیەک لە نەفتاو نەوتی سپی و ڕۆنی بەکارهێنراوی ئۆتۆمبیل و نەوتی ڕەش و مۆلیدەکانی کارەبا بەکاری دەهێنن و زیانی زۆری بۆ ژینگە هەیە.
لە ئێستاشدا نەفتا لە دروستکردنی بەنزین و ئەو جۆرەی گازوایل و تێکەڵکردن لەگەڵ غازدا بەکار دەهێنرێت، هیچ چاودێرییەک لەسەر ئەو بازرگان و گۆڕەپانانە نیە کە ئەو کارانە دەکەن.
لە ماوەی ڕابردوودا ململانێی یەکێتی و پارتی، لەسەر غاز گەیشتە قۆناغێکی توند بەڕاددەیەک بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی ڕاگرتنی غازی لە هەولێر و دهۆک کرد و مەسرور بارزانیش سوربوونی حکومەتەکەی لەسەر بەرنامەی هەناردەکردنی غاز دووپات کردەوە، بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوانەی کە تەقینەوەکان لەئەنجامی غازەوە بوون خەریکە غاز لای هاوڵاتیان دەبێتە دێوەزمە.
سەرچاوەی سەرەکی غازی LPG لە هەرێم کێڵگەی کۆرمۆرە لە قەزای چەمچەماڵ ڕۆژانە نزیکەی هەزار و ۱۰۰ تۆن غازی LPG بەرهەم دەهێنرێت و لە ڕێگای تانکەرەوە بۆ کارگەکانی غاز و کۆمپانیاکانی فرۆشتنی LPG دەگوازرێتەوە و هیچ غازێکی LPG لە دەرەوە هاوردە ناکرێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color