بوارنیوز- سلێمانی
بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات، تەنها لەمانگی رەمەزاندا 31 هەزار و 350 ئاژەڵی گەورە و بچووکەوە لە کوشتارگەی سلێمانی سەربڕدراون، هاوکات کۆی ئەو بڕە گۆشتەی کە لە مانگی ڕەمەزاندا خراوەتە بازاڕەوە نزیکەی سێ ملیۆن کیلۆ گۆشت دەبێت، ئاژەڵی بچوکیش زۆرترین ژمارەیان لێ سەربڕدراوە.
شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: ڕێژەی سەر بڕینی ئاژەڵ بەهەردوو جۆری بچوک و گەورە لەمانگی رەمەزانی ئەمساڵ بە بەراورد بە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو بە زیاتر لە %10 زیادیکردوە، بەجۆرێک تەنها لەمانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا لە کوشتارگەی سلێمانی 31 هەزار و 350 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک سەبڕدراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی ئەو 31 هەزار و 350 سەر ئاژەڵەی کە سەر بڕدراون، لەو ژمارەیە 29 هەزار و 150 سەر یان ئاژەڵی بچووک و دوو هەزار و 200 سەریشیان ئاژەڵی گەورە بون، بە کۆی گشتیش لەم مانگی ڕەمەزانەدا نزیکەی سێ ملیۆن کیلۆ گۆشت خراوەتە بازاڕەوە، هاوکات ئەو گۆشتەشی شیاوی بەکارهێنان نەبووە ڕێگەمان نەداوە بخرێتە بازاڕەوە.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، هەر لەمانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە 10 تۆن گۆشت لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە ڕێگە نەدراوە بخرێتە بازاڕەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی شیاوی بەکار هێنان نەبوون و هەڵگری نەخۆشی جۆراو جۆر بوون، هاوکات ئێمە بەرپرس نین لەو ئاژەڵانەی کە لەسەر شەقامەکان و لەدەرەوەی کوشتارگە سەر دەبڕدرێن و بەنرخێکی هەرزانتر بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێتەوە.