گرنگ

ئاڵای ئێستای هەرێم هەمان ئاڵای کۆماری کوردستان نیە

2022-12-17

 
ئاڵای ئێستای هەرێم هەمان ئاڵای کۆماری کوردستان نیە
بوار؛ جیاوازی ئاڵای باشوری کوردستان و ئاڵای کۆماری کوردستان دەخاتە ڕوو
بوار، تایبەت
ئاڵای کوردستان کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە باشوری کوردستان بەکاردەهێنرێت و لە یاسای ئاڵای کوردستان ژمارە ۱٤ی ساڵی ۱۹۹۹ بەفەڕمی وەک ئاڵای هەرێم پەسەند کراوە.
لە ساڵی ۲۰۰۹، ڕۆژی ۱۷ی کانونی یەکەم، وەک ڕۆژی ئاڵا دەست نیشانکراوە بەو پێیەی لە هەمان ڕۆژدا ئاڵای کوردستان لە شاری مەهاباد لە کۆماری کوردستان لە ساڵی ۱۹٤٦ داگیراوە و دانانی ئەو ڕۆژە وەک هێمای هێشتنەوەی ئاڵای کوردستانە.
ئاڵای ئێستای باشوری کوردستان هەمان ئاڵای کۆماری کوردستان نیە، هەر چەندە دوای ۷٦ ساڵ لە مێژووی ئەو کۆمارە تا ئێستا بەڕوونی ئەو هەڵەیە دەربارەی ئاڵای کۆماری کوردستان و ئاڵای باشوری کوردستان نەخراوەتەڕوو.
ئاڵای کۆماری کوردستان لە ڕووی هەر سێ ڕەنگەکەوە هاوشێوەی ئاڵای باشوری کوردستانە، بەڵام لەبری خۆرەکەی ناو ئاڵای باشوری کوردستان نیوە خۆرێکی هەڵهاتوو و دوو گوڵەگەنم و قەڵەمێکی تێدا بووە و لە ئەدەبیات و ئەرشیفی سەردەمی کۆماری کوردستاندا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە و هەژار موکریانی لە ۱۱ی ۱ی ۱۹٤٦ لە شعرێکدا لە ڕۆژنامەی فەڕمی کوردستان کە ڕۆژنامەی فەڕمی کۆمار بووە، وەسفی ئاڵاکە دەکات و ئاماژە بە دوو گوڵە گەنم و قەڵەمی نێو ئاڵاکە دەدات.
ئاڵای ئێستای باشوری کوردستان لە ئاڵای کۆمەڵەی خۆیبون و کۆماری ئارارات نزیکە کە بەهەمان شێوە خۆرێکی تێدا بووە، بەڵام لە ئاڵای باشوری کوردستان ژمارەی تیشکەکانی خۆری ناو ئاڵاکە ڕێکخراوەتەوە و کراوەتە ۲۱ تیشک وەکو هێمای ڕۆژی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی کە ڕۆژی بیست و یەکەمی ئاداری هەموو ساڵێکە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color