گرنگ

#سەمای_مارەکان

2022-12-21

 
(210)
خۆمان پێنەگیراو لەگەوان دەستمان بەشین و گریانێکرد، بایز و برایەکانی ویستیان خۆ لەبەردەستی چەکدارەکان دەرینن و شتەکی بکەن، چەکدارەکان دوو سێ ڕێژنە گوللـەیان بەبن دەست و پێی مارو منداری مام قەتۆی وەناو هەمووی تێکڕا ڕاوەستا، ئەو ژنانە شینەکیان دەکرد نەبیتەوە، باش دەمزانی ئەگەر قادراغە ناوی گوندی و هەموو بەردەرکەکی چەکدارڕێژ نەکردبا، ئەو گوندە لەخەمی مام قەتۆو شکۆی بەیەکجاری دەتەقی و دەهاتەدەرێ، بەران دەیانزانی بەس بێنەدەرێ، ڕوبارەک لەخینی بەکۆرانەکانی گوندی تێدەپەڕی، چەکدارەک هاواریکرد: بێدەنگبن و گێبدەنەمن، شین و واوەیلای ژنەکان هەند بەتینبوو، کەس گێینەدایێ، لۆیێ بیست سی گوللـەی بەعاسمانێ وەناو هەمووی تێکڕا بێدەنگبوون، ئەوجە قسەیکردو گۆتی: هەرئەوشۆ ئەو مەیتانە دەشۆن و کفن و دفنیان دەکەن، لەغەیری مەلای گوندی یەک کەسیدیتان لەگەڵبێ دەیکوژین، ڕووی لەچەکدارەکی کردو گۆتی: بڕۆن مەلای بینن! ئەویش گۆتی: بەسەرچاو، پێنج شەش چەکدار بەغاردان ڕۆیشتن مەلای بینن، ئەمن گۆتم: ئەمن شکۆی لەگوندی ناشارمەوەو لۆ کەسوکاری دەبەمەوە، گۆتی: ئەوە پێویستی بەڕازیبوونی ئاغەی گەورەمان هەیە، دەبی ئەو ڕێتبدا لەگوندی بچیەدەرێ، دەنا دەبی لێرەی بشاریەوە، گۆتم: مادام وەیە بەئاغەی برێن! ئەو یەکسەر بەچەکدارەکیگۆ: بڕۆ بەئاغەی گەورەمان بڵێ، بەران ئاگاداربە ئەگەر جەنابی ئاغەی نووستیە، نەکەی لەخەوێی هەستێنێ، وەڵلا دەتکوژی! کابرا گۆتی: بەچاوان، کابراو دوو چەکداریدی لۆماری ئاغەی ڕۆیشتن، ئەمن و حەسەنەفەندی و سوارە لەدیار مەیتەکان ڕاوەستاین و ژن و منداری مام قەتۆش خۆیان بەسەر مەیتی مام قەتۆی دادابوو و شینیان دەکرد، گۆتمە حەسەنەفەندی: مام قەتۆ لەو شەڕەی کەسی نەکوشت؟ گۆتی: دوو چەکداری لەسەربانی کوشت و ڕووی لە قاداراغەو سالاریشکرد بیانکوژی، سێ چەکدار خۆیان دابەرێ و هەرسێکی کوشت، گۆتم: ئەدی کێ شکۆی کوشت؟ گۆتی: باب و برای زەیتونی و سالاراغە تێکڕا شکۆیان دا بەرگوللان، حەسەنەفەندی وەکی ئەو قسانەی دەکرد فرمێسک لەهەردوو چاوی دابەری، گۆتی: ئەوەی ئەمن لۆ ئەو ئاغایەنەمکرد کەس نەیکرد، بەڕاستی ئەوانە بێوەفانەو ئەوەی چاکەو پیاوەتی و وەفابی تێیانداینە، هەرئەوەندە ئەتوویان دەوێ، هەتا خزمەتیخۆت پێدەکەن، وەکی ئیشیان پێتنەما، نەک هەرناتناسن، ڕەنگە لەناویشت ببەن!
وەختەکی مەلای گوندی بەمشەوەشی هاتەژۆرێ، وەکی چاوی بەو دوو مەیتەی کەت، گۆتی: لاحەولە وەلاقوەتەئیللا بیللا، حەیف و مخابن لۆ ئەو دوو پیاوەی، چەکدارەکە گۆتی: درێژەی مەدێ، با ئەتووش لەگەوان درێژنەکەم، زوو ئیشەکەی ببڕێنەوە با لەبن عاردیان بنێین، مەلا گۆتی: دەبی بیانبەینە مزگەفتێ و لەوێیان بشارینەوە، چەکدارەکە گۆتی: یاڵلا با بیانبەینە مزگەفتێ! گۆتم: ڕاوەستە بزانین وەرامی ئاغەی چدەبی لۆ مەیتی شکۆی، ڕازی دەبی بیبەینەوە گوندی یان نا! گۆتی: باشە چاوەڕێ دەکەین!
وەختەکی چەکدارەکان هاتنەوەو گۆتیان: جەنابی ئاغەی ڕازیبووە، مەیتی مامۆستا شکۆی لۆ کەسوکاری ببرێتەوە، گۆتی: باسبەینێ بیهاوێتە ناو تەرەنتەرەکی و بڕوا، بەو قسەی بڕەک درم هێوربۆوە، بردنەوەی مەیتی شکۆی لۆ کەسوکاری لەکنەمن هەموو دنیای دەهینا، ئیدی لەگەر حەسەنەفەندی و مەلاو مارو منداری مام قەتۆ مەیتەکانمان لۆ مزگەفتێبرد، هەرچار دەورەمان چەکداربوو، باش دەمزانی ئەوەی بجولاباوە دەیانکوشت.
گەیشتینە مزگەفتێ و مەیتەکانمان لەسەر عارەبانەی هیناخوارێ، بردمانە ژۆری مەیت شوشتنێ و لەسەر تاتەشۆری درێژمانکردن، مەلا بەسەبری گۆتیە من: دەبی ئاوی گەرمکەین هەتا پێیان بشۆین، گۆتم: وەڵلاهی هەردووکیان شەهیدن و شوشتنیان ناوێ، بەران چدەکەی چارەمان نییە، چەکدارەک هاتەپێش و گۆتی: ئەوە چدەڵێن؟ مەلا گۆتی: دەبی ئاوی گەرمکەین لۆ شوشتنیان، چەکدارەکە گۆتی: ئەو شتانە نییە، هەر بەئاوی سارد بیانشۆن، ئەگەر ڕازیش نینە، هەتا فڕێیان دەمە سەرگوفەکی وەبی سە بیانخوا، ویستم لۆ چەکدارەکەی بچم، مەلا توند قۆری گرتم، گۆتی: باشە، بەئاوی سارد دەیانشۆین، بەران دەبی بایزی کوڕیشی لەگەڵمانبی، چەکدارەکە هاواریکرد: بایز بابێ! بایزیان هینا ژۆرێ، شەش چەکدار لەژۆرێ لەگەرمانبوو، مەلا گۆتی: هێدی هێدی جل و بەرگیان لەبەرکەنەوە، ئەو مەنجەڵ و پەقرەجەی(سەتڵ)پڕی ئاوکەن، دوو چەکدار مەنجەرو پەقرەجەکەیان بردە دەرێ و پڕی ئاویانکردو هینایانەوە، جلکم لەبەرکردنەوەو دەستمان بەشووشتنی مەیتەکانکرد، مەلا چوو دۆرابەکەی ژۆرێی کردەوەو تۆپە کفنەکی هینا، هێدی هێدی بەمقەسی بڕی و هەردووکمان کفنکرد، هەتا ئەوەمان تەواوکرد نوێژی سبەینێشبوو، مەلا گۆتی: دەبی بانگبدەم نوێژی بەیانییە، چەکدارەکە گۆتی: بانگدان و مانگدان نییە، هەرئەوها نوێژی بەیانی بکەن! مەلا گۆتی: کوونابی بانگدەم، ماخران ئەنگۆ بانگدانیش ڕادەگرن، چەکدارەکە گۆتی: ئەو مەیتانە ببەنە ناو مزگەفتێ و هەرلەناو مزگەفتێش بانگدە!
مەیتەکانمان هەرگرت و بردمانە ناو حەرەمی مزگەفتێ، مەلا هەر لەژۆرێ بانگیدا، نوێژی سبەینێمانکردو پاشان نوێژی مردیمان لەسەر مەیتەکانکرد، مەلا چوو لەماری خۆی کەلەناو مزگەفتێبوو، بەتانییەکی هیناو لە شکۆی لوولداو گۆتی: با ئەو جەنازە لێرەبی و ئی مام قەتۆش بابزەین بیشارینەوە، ئیدی ئەمن و حەسەنەفەندی و سوارەو بایز دارەبازەکەی(دارەمەیت)مام قەتۆی تێدابوو، برندمانکردو لەگەر مارومنداری مام قەتۆیی و دەوری حەفتا هەشتا چەکداری بەڕێکەتین لۆ قەبرستانی.
بەناو کۆرانەکان داڕۆیشتین و یەک کەس نەیتانی سەر دەربینی یان بێتەدەرێ، دەروبەرد چەکداربوو، هەرکووی هەبوو گەیشتینە سەرقەبران، دیتمان دوو قەبر لێدرایە، چەکدارەکە گۆتی: ئاغەمان زەلامی نارد ئەو قەبرانە زوو لێبدرێ هەتا زوو بیانشارنەوە، گێبدەنە من؛ تازیەش داناندرێ، ئەوەی بێتە تازیەی دەیکوژین، بەکڕی دەچنەوە ماڵی خۆتان و تەواو، هەرچار دەورەی ماڵیشتان گیرایە، ئەوەی پەل ببزێوی دەیکوژین!
مەیتی مام قەتۆمان شاردەوەو خۆرمان بەسەرداکردو قەبەکەمان ڕێکهێخست، مەلای گوندی هەندە دوعایکردو داوای لەخوای گەورەکرد بەبەهەشتی بەرینی شادبکاو هەقی ئەو زولمەشبکا، چەکدارەکە گۆتی: مەلا دەیبڕێینیەوە یان لەگەوی لەقەبریت بنێم! مەلا سەرەکی باداو گۆتیە ژن و مندارەکانی مام قەتۆی: سەبرو ئارامیتان هەبی و تکایە شتەکی مەکەن خوا پێیناخۆشبی، ژنەکان هەرخۆیان گوشت هەنکی بگرێین و لەخۆبدەن، دەوری بیست دەقەکی لەسەر قەبران ماینەوەو چەکدارەکان هاواریانکرد: یاڵلا با بگەڕێینەوە گوندی.
بەڕێکەتینەوە لۆ گوندی و ئەمن و مەلاو حەسەنەفەندی چووینەوە مزگەفتێ و کەسوکاری مام قەتۆش چوونەوە ماری خۆیان، چووینە دیار مەیتی شکۆیی و دانیشتین، مەلا قورئانەکی هیناو لای سەری شکۆی دانیشت و دەستی بەقورئان خیندنێکرد.
بەدرێژایی ڕمەکی ڕۆژ برندببووە عاسمانێ، گێم لەدەنگی تەرەنتەرەکیبوو، هاتەپێش مزگەفتێ، چەکدارەک هات و گۆتی: جەنابی ئاغەی ئەو تەرەنتەرەی ناردیەو دەڵێ زوو مەیتەکەی بارکەن، با مامۆستا لۆ کەسوکاری بیباتەوە، چووینە دەرێ دیتمان تەرەنتەر ڕاوەستایە، ئیدی ئەمە هەرچارمان مەیتەکەمان هەرگرت و هاویشتمانە ناو تەرەنتەری، گۆتمە چەکدارەکەی دەبی خواحافیزی لەماری مام قەتۆی بکەم و ناکرێ هەرئەوها بڕۆم، گۆتی: باشە دەچینەوێ و بە خێرایی خواحافیزیان لێبکەو بەڕێدەکەوین، گۆتم: بابڕۆین! خواحافیزیم لەمەلای گوندیکردو حەسەنەفەندی لەگە من سواری تەرەنتەریبوو و لۆ ماری مام قەتۆی بەڕێکەتین، لەڕێیێ پێمگۆ ئەگەر دختۆر عەلی بەخۆ هاتەوە سەلامی منی لێبکەو وەزعەکەی لۆ باسبکە، گۆتی: زۆر زەحمەتە دختۆر عەلیش بژی، ئەمن واتێدەگەم وایان لێدایە بمری، ئەو ئاغایانە نە مەکتەبیان دەوێ و نە خەستەخانە، دەیانەوێ خەڵکی گوندی بەنەخیندەواری و بەنەخۆشی بمری!
گەیشتینە پێش ماری مام قەتۆیی و لەتەرەنتەری دابەزین، چەکدارەکان ڕێیان لۆکردینەوەو چووینەژۆرێ، سەلاممان لێکردن، ژنەکان وەکی چاوێان بەمەکەت هەرئاگریان تێبەربوو، بەمەش بەچاوی پڕ لەگریان خواحافیزیمان لێکردن، باوەشم بە بایزی کردو بەعەستەم پێمگۆ: لێنەگەڕێی خینی بابت بەفیڕۆبچی، گۆتی: ئەگەر یەک ڕۆژیشم لەعومری مابی، دەبی هەر تۆڵەی بکەمەوە!
لەماری مام قەتۆی هاتینەدەرێ و سواری تەرەنتەری بووین و بەڕێکەتین، وەکی لەگوندی دەرچووین، چەکدارەکە گۆتیە حەسەنەفەندی لێرە دابەزەو بڕۆوە ماڵی خۆت، ئەویش دابەزی، ئەمنیش لەگەری دابەزیم توند باوەشمان پێکدیکردو زۆر گریاین، بەسەبری گۆتی: لێمببورە لەوەی زۆر شلبووم بەرامبەر بەو دوو ئاغەی، پەشیمانم و ئێستا تێگەیشتم، ئەوانە شایانی ئەوەی نینە ئەوهایان لۆبکەی، خەڵکەکی وەکی من چونکە بوویتە کۆیلەی وان، ئەوان ئەوها بووینە کەڵەگاو بت و دەیانپەرستن! ئای پەشیمانم، وای پەشیمانم، گۆتم: ئەوە زۆر باشە کە تێگەیشتی و پەشیمانی، گۆتی: هەربێمەوە سەرەخۆ کەلوپەلەکانی توو و مامۆستا شکۆی ڕەحمەتیت لۆ دەنێرمەوە، گۆتم: نامهەوێتەوە، تازە پاشی شکۆی چ لەو کەلوپەلانە بکەم، ئەگەر نازەشت دیت، سەلامی منی لێبکەو پێیبرێ با چاوەڕێی من نەکا، دەترسێم چاوەڕێی منبی، ژیان لەو گوندەی تامی نەماو کۆتایی پێهات، حەسەنەفەندی هەردەگریاو توند باوەشی پێکردبووم و دەگریا، چەکدارەک هات و پارەکی پێوەناو گۆتیە من: یاڵلا درەنگە بابڕۆین! ئیدی سواری تەرەنتەری بووم بەڕێکەتین، هەرچەندی کردم نەمتانی ئاوڕ لەحەسەنەفەندی بدەمەوەو دەستم برندکەم و خواحافیزی لێبکەم، لۆیێ بەچاوی پڕ لەگریانەوە بەخۆم و بەمەیتی شکۆی پشتمان لەگوندیکرد و لەناو داروبارەکانی دەو ڕێیەکەی هەم گوند لەمەبزربوو، هەم ئەمەش لەژیان و لەهەناسەو لەزەردەخەنەی پڕ لەخۆشی بزربووین!
تــــــــــــــــــــەواو.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color