گرنگ

باڵی عیرفان عەبدولعەزیز، دەیانەوێت لەڕێگەی دەست بەکار بوونی پەرلەمانتارانیان شکست بە باڵی کامیلی حاجی عەلی بێنن

2022-12-24

 
باڵی عیرفان عەبدولعەزیز، دەیانەوێت لەڕێگەی دەست بەکار بوونی پەرلەمانتارانیان شکست بە باڵی کامیلی حاجی عەلی بێنن
بوار، تایبەت
باڵی عیرفان عەبدولعەزیز لە بزووتنەوەی ئیسلامی، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە کاندیدانیان لە لیستی هاوبەشی ”بزوتنەوەو یەکگرتوو” شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو پڕ بکەنەوە، بەمەش بەڵانسی هێز لە دژی باڵی کامیلی حاجی عەلی بەلای ئەواندا دەشکێتەوە.
لەدوای ٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پێنج پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەهۆی بەسەرچوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووەو پێیان وایە کەخەڵک تەنیا بۆ ئەو چوار ساڵە دەنگی بەو پەرلەمانتارانە داوەو ئامادەنین بەشێوەیەکی نایاسایی لە پەرلەمان بمێننەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبوو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆبونەوەیەکی پەرلەماندا، دەست لەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بخاتە بەرنامەی کار. لە کۆبونەوەی پەرلەماندا ئەگەر بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران دەست لە کارکێشانەوەی ئەو پێنج پەرلەمانتارە پەسند بکرایە ئەو کات دەبوو دەستەی سەرۆکایەتی لەڕێگەی نوسراوێکەوە داوا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکات کە لە هەمان لیست پێنج ناوی دیکەیان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخۆن و لە شوێنی ئەو پێنج پەرلەمانتارە دەست بەکار ببن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی بوار، لەڕووی ڕیزبەندییەوە ئەو کەسانەی دەتوانن لە شوێنی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی یەکگرتوو دەست بەکاربن چوار کاندیدی بزووتنەوەی ئیسلامی و کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامییە بەناوی حوسێن گردەچاڵی.
بەپێی بەدواداچوونەکانی بوار، ئەو چوار کادیرەی بزوتنەوەی ئیسلامی کە لە ڕیزبەندی لیستی چاکسازیدا کە لیستێکی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بوو، دەتوانن ببن بە پەرلەمانتار ئەو کادیرانەن کە لە ئێستادا لەسەر باڵی عیرفان عەبدولعەزیز هەژمار دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ئەنقەست دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتووی نەخستووەتە بەرنامەی کارو لە ئێستاشدا لە ٣١ی کانونی یەکەم تا یەکی ئادار پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە پشووی زستانەو هیچ کۆبونەوەیەکی پەرلەمان ئەنجام نادات بەو هۆیەوە پەسەندکردنی دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو دەکەوێتە بەهاری ساڵی داهاتوو.
کامیلی حاجی عەلی، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی بزوتنەوەی ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکەن، عیرفان عەبدولعەزیز بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەر کورسی ڕابەڕی گشتی بزووتنەوە دانیشتووەو کامیلی حاجی عەلی ڕابەری شەرعی بزوتنەوەی ئیسلامییە، لە بەرامبەردا عیرفانی عەلی عەبدولعەزیز ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، عیرفانی عەلی عەبدولعەزیز چاوەڕێ دەکات لە ماوەی داهاتوو ئەو پەرلەمانتارانەی حیزبەکەی دەست بەکاربن، ئەو کات باڵەکەی ئەو شەرعییەتی زیاتری دەبێت و باڵی کامیلی حاجی عەلی قورساییەکی ئەوتۆیان نابێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color