ستیکەری دەرمان، بە چوار هێندەی نرخی خۆی دەدرێتە کۆمپانیایەک
وەزارەتی تەندروستی، پابەندی بڕیاری داواکاری گشتی نابێت
بوار، تایبەت
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێری پزیشکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ستیکەری دەرمان بەشێوازی ڕاستەوخۆ بەنرخی نزیکەی چوار هێندە دەداتە کۆمپانیایەک و بەنوسراوێک لە ۲٨ی مانگی ڕابردوو سەرجەم کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان ئاگادار دەکاتەوە کە ستیکەری دەرمان دراوەتە کۆمپانیای ستکەر تەکنۆلۆگ.
لەبەرامبەر هەر ستیکەرێک ۳.٨٥ سەنت دانراوە لە کاتێکدا پێشتر یەک سەنت بووە. کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان ئاگادار کراونەتەوە کە نرخی ستیکەرەکان دەکەوێتە ئەستۆیان و ئەوانیش دەیخەنە سەر نرخی دەرمان.
ساڵی پار بەهەمان شێوە، ستیکەری دەرمان بەقۆرخکاری درابووە کۆمپانیایەک و کەیسەکەی ڕەوانەی داواکاری گشتی کرا.
لە ڕۆژی ۱۳ی ۱۲ ی ۲۰۲۱، داواکاری گشتی هەرێم بەنوسراوی ژمارە ٥۹٨ پاڵپشت بە ماددەی ۷ لە یاسای داواکاری گشتی ژمارە ۱٥۹ی هەموارکراوی ساڵی ۱۹۷۹ گرێبەستی پێدانی ستیکەری بە شێوازی قۆرخکاری بۆ یەک کۆمپانیا هەڵوەشاندوەتەوە. وەزارەتی تەندروستی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وەزارەت پابەند نەبووە بە بڕیارەکەی داواکاری گشتییەوە. لە ڕۆژی ۲٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ستیکەر تەکنۆلۆگ ئەنجامداوە.
نزیکەی هەزار و ۱۰۰ دەرمانی جۆراو جۆر لە ڕێگای دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێت. کۆمپانیاکانی دەرمان نرخی ستیکەر دەخەنە سەر دەرمانەکەو نرخەکە لە نەخۆش وەردەگیرێت. لە ئێستادا نرخی دەرمان ناخرێتە سەر ستیکەرەکەو کۆمپانیاکان پابەند نین بەیەک نرخەوە. نەخۆش نازانێت نرخی دەرمانەکە چەندە و بۆ هەمان جۆری دەرمان جیاوازی نرخ هەیە لە دەرمانخانەیەکەوە تا دەرمانخانەیەکی تر.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵکرنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی کوردستان کە بەڕێوەبەرەکەی بەبێ پابەند بوون بۆ بڕیارەکەی داواکاری گشتی هەرێم دووبارە ستیکەری دەرمانی هەموو هەرێمی داوەتە یەک کۆمپانیا. پێشتر وەزارەتی تەندروستی لەسەر دۆسیەی ستیکەر، کەیسێکی لە ڕێگای داواکاری گشتییەوە دۆڕاندووە، بەڵام پابەند نابێت پێوەی.