نانی تیری و ئاوی سلێمانی، لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی وڵاتی بەریتانیا دەکرێت
بوار، تایبەت
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت تا ئێستا 150 بەرهەم گەیشتووە بەو ئاستەی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی %50 پڕبکاتەوە.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردەو هەناردەکارانی هەرێم ڕایگەیاند "لە ساڵی 2022 ڕێژەی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدابووە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو”..
مستەفا عەبدولڕەحمان گوتیشی ”بەپێی ئامارەکان، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل 120 مۆڵەتی هەناردەکردنی هەبووە، دەروازەی حاجی ئۆمەران 18 مۆڵەت و دەروازەی باشماخ 22 مۆڵەتی هەناردەکردنیان دەکردووە. لە ڕێگای فرۆکەخانەی هەولێریش 5 مۆڵەتی هەناردەکردن هەبووە کە کۆی گشتی مۆڵەتی هەناردەکردن 298 مۆڵەت بووە بۆ ساڵی 2022”.
سەرۆکی یەکێتی هاوردەو هەناردەکاران، ڕوونیکردەوە "لە ڕووی کشتوکاڵییەوە ڕێژەیەکی باشی هەنار و ڕوبەهەنار و هەنجیر و ترێ هەناردەی وڵاتانی ئەوروپی و کەنداو کراوە. ئەمە جگە لە نانی تیری و ئاوی سلێمانی کە ڕەوانەی وڵاتی بەریتانیا دەکرێت”.
بەپێی وتەی مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردەو هەناردەکاران، هەر بەرهەمێک لە %25ی پێداوستی ناوخۆ پڕبکاتەوە هاوردەکردنی بەرهەمی هاوشێوەی بەهای گومرکی و باجی زیاتری دەخرێتەسەر تا بەرهەمە ناوخۆییەکە بەردەوام بێت”.