دووپشک، شەڕ دەخاتە نێو میدیای سێبەری بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی
دووپشک، ئەو ناوە نوێیەی چەند ڕۆژێکە ململانێی توندی خستووەتە نێوان لایەنگرانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە سۆشیال میدیا....
هێزی دووپشک، ناوی هێزێکی نوێییە کە لە لایەن لاهور شێخ جەنگییەوە دروستکراوەو بۆ دڵنیابونەوەش لە قەبارەی ئەو هێزەو جۆری چەکەکانیان، یەکێتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە... لەسەر ئاستی سۆشیال میدیاشدا، دروستکردنی ئەو هێزە ململانێی خستووەتە نێوان لایەنگرانی ئەو دوو ئامۆزایە...
لە دوای دروستکردنی هێزی دوو پشک لە لایەن لاهور شێخ جەنگییەوە، زانا عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان و کەسی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، وەک ئاماژەدانێک بۆ دروستکردنی ئەو هێزە لە لایەن لاهور شێخ جەنگییەوە لە وەسفی دوو پشکدا دەڵێت: خوای گەورە، دووپشکی وا دروستکردووە بەو بچووکییەوە هێزێکی وای داوەتێ بەحوشترەوە بدات ئەیکوژێت... هاوسەنگی ئەم ژیانە بە گەورەیی هێزو قەبارەوە نییە، بەڵکو بە خۆڕاگری و جێبەجێکردنی پلانەکانە لە کاتی خۆیدا... بەپێی ئاماژەکانی ئەو کەسە نزیکەی لاهور شێخ جەنگی بێت واتە ڕاستە ئەو هێزە هێزێکی بچووکە بەڵام لە کاتی خۆیدا ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت...
بۆ ڕۆژی دواتر میدیای سێبەڕی بافڵ تاڵەبانی بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو وەسفەی کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگییان دایەوەو ئەوانیش بەپێی لێکدانەوەی خۆیان لە وەسفی دووپشکدا دەڵێن ”دوو پشک گیاندارێکە بەشی تەنیا سەر پانکردنەوەیە”. بەو واتایەی هەر کاتێک ئەو هێزە ببینرێن، بەشیان سەر پانکردنەوە دەبێت...
میدیای سێبەری بافڵ تاڵەبانی، زیاتر وەسفی دووپشک دەکەن و دەڵێن ”دوو پشک توانای بینینی نییەو ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت و دۆست و دوژمن ناناسێت، تەنانەت هەوڵ دەدات بەخاوەن ئەو ماڵەشەوە بدات کە تیایدا گەورە بووە”.
میدیای سێبەری بافڵ تاڵەبانی بە ناڕاستەوخۆ باس لە هەوڵەکانی لاهور شێخ جەنگی دەکات بۆ دروستکردنی هێزێکی نوێی و وەها وەسفی دروستکردنی ئەو هێزە نوێیە دەکەن کە گوایە ئەو هەوڵە دەبێتە هۆی پێوەدان بە خاوەن ماڵ واتە ئەو شوێنەی لاهور شێخ لێیەوە پێگەیشتووە.
لە میدیای سێبەری بافڵ تاڵەبانییەوە بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە لاهور شێخ جەنگی دەکرێت و لەڕێگەی ناوی دوو پشکەوە هۆشداری پێدەدرێت... بەو پێیەی میدیای بافڵ تاڵەبانی دەڵێت ”دووپشک زۆر لە مێشوولە دەترسێت و کاتێک مێشوولەیەک لەسەری دەنیشێت، بەخۆیەوەوە دەدات و خۆی دەکوژێت”، هەروەها دەشڵێت ”دوو پشک ئەگەر هەر چواردەوری بکەی بە ئاگر، توانای هیچ بەرگرییەکی نییەو بەناچاری بەخۆیەوە دەدات”.
هەڕەشەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ لاهور شێخ جەنگی ئەوەیە کە هەر پلانێکت هەبێت دژی یەکێتی بەسەر خۆتدا دەیشکێننەوە بەتایبەت لەبەشێک لە هێرشەکانی میدیای بافڵ تاڵەبانی باس لەوە دەکەن کە ئێستا لایتی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی لە شەواندا دووپشک بناسرێتەوە، چونکە دوو پشک کە بناسرێنەوە بە ئاسانی بەتاکە نەعلێک دەکوژرێت...
ئایا دوو پشکەکە لە کاتی خۆیدا ئامانجەکانی دەپێکێت یاخود دەناسرێتەوەو بەئاسانی سەری پاندەکرێتەوە؟