لاهور شێخ جەنگی جگە لە هێزی دووپشک، تاوتوێی دامەزراندنی هێزێکی دیکە دەکات
چیای نەوشیروان مستەفا، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری سەر بەگۆڕان کۆدەبێتەوە
بوار، تایبەت
دوای کۆبونەوەیەکی لاهور شێخ جەنگی لە مانگی ڕابردوو لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر و ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان لە سلێمانی، بارودۆخێکی میلیتاریزەکراوی لە سلێمانی دروست کرد. دواتر لاهور شێخ جەنگی هێزێکی ڕاهێنراوی بەناوی هێزی دووپشک دروستک کرد.
لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردنی چۆنیەتی دروستکردنی هێزێکی ترە. بەپێی زانیاریەکانی بوار، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت لە ڕێگەی کەسە نزیکەکانی مۆڵەتی چەند کۆمپانیایەکی سکویریتی وەربگرێت، یا خود کۆمپانیا سکویریتیەکانی کەسە نزیکەکانی بەکاربهێنێت. هێزەکانی ئەو کۆمپانیایانە وەک هێزی تایبەت بەخۆی بەکار بهێنێت، دەزانێت دروستکردنی هێز بەهەر شێوازێک بێت لەم کاتەدا یەکێتی بە نایاسایی لە قەڵەمی دەدات و لەمپەری یاسایی بۆ دروست دەکرێت.
دوای دوو مانگ لە ڕووداوەکانی هەشتی تەمووز، لە ۱۰ی ئەیلولی ۲۰۲۱ لاهور شێخ جەنگی ویستی لە ڕێگای کۆمپانیای سکویریتی تالۆن کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ زەریا فاروق، هێزێکی ڕاهێنراو دروست بکات، بەڵام ئاسایش و دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کۆمپانیای چیمەنتۆی گاسن لە بازیان دەستیان گرت بەسەر ۱۲۰ پارچە چەکی هێزەکە و چەند کەسێکیشیان دەستگیرکرد.
دروست کردنی ئەم هێزانە لە کاتێکدایە لەناوخۆی یەکێتی گرفتی زۆر هەیە و لاهور شێخ جەنگی دوای ماوەیەک لە بێدەنگی دەستی کردووەتەوە بەجوڵە و کۆبۆنەوەی جیاواز لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان. لە بەغداشەوە لە ڕێگای دادگاو کۆمسیۆنی هەڵبژادنی عێراقەوە بەدوای وەرگرتنەوەی پێگەکەی خۆیەتی لەناو یەکێتی.
بوونی ئەو هێزانە و توندبوونەوەی ململانێکانی نێوان یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی، ئاڵۆزی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و گرفت لەگەڵ پارتی، دۆخی سلێمانی خستوەتە سەر ئاگر. ترس هەیە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت. بەتایبەت بەشی زۆری فەرماندەی هێزە سەربازییەکان، لە جیلی نوێی یەکێتین و وەکو سەرکردەکانی ڕابردوو بەهای کۆمەڵایەتی ناخوێننەوەو تەنانەت هەفتەی ڕابردوو لەسەر چەند کابینەیەکی پاسەوانی، بیست خولەک ڕووبەڕوو بونەوەی چەکداری لە نێوان دوو فەرماندەی یەک هێزدا ڕوویدا.
لەگەڵ ئەم جوڵە چەکداریانەی لاهور شێخ جەنگی هەفتەی ڕابردوو، چیا نەوشیروان مستەفا کە ڕۆڵی ڕێکخەری سێبەری گۆڕان دەبینێت لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری سەربازی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی ئێستای سلێمانی کراوەو تاوتوێی ئەوە کراوە ئاخۆ لە ئەگەری ئاڵۆزتر بوونی دۆخی سلێمانی، گۆڕان چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات.