گرنگ

دوای مەکگۆرک، لەسەر ​پرسی غازی هەرێم، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەگاتە هەولێر

2023-02-04

 
دوای مەکگۆرک، لەسەر پرسی غازی هەرێم، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەگاتە هەولێر
بوار، تایبەت
بڕیارە سبەینێ ڕۆژی یەکشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەسەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای وڵاتەکەی کە پێک هاتوون لە بەرپرسانی ووزە و ئەمنی بگاتە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ و شاندەکەی ڕووسیا دوو ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە دوای سەردانی بەغدا دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە بواری ئەمنی و ووزەوە هەیە و پێدەچێت هۆشداری پێ بێت بۆ بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بەتایبەت لە پرسی غاز و هەناردەی غازی هەرێم بۆ دەرەوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ دوای وروژاندنەوەی پرسی هەناردەی غازی هەرێم دێت لە مانگی ڕابردوودا و فشارەکانی ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی بەدیلی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا.
مانگی ڕابردوو دووبارە چاوەکان کەوتنەوە سەر بابەتی ناردنە دەرەوەی غازی هەرێم و لەو مانگەدا شاندێکی ئەمەریکا کە ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی ووزەی تێدا بوو سەردانی عێراق و هەرێمی کرد و هەر لەو مانگەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان باسیان لە پرسی هەناردەی غاز کرد و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە داڤۆس لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز خواستی هەرێمی بۆ هەناردەی غاز دووپات کردەوە.
ڕۆژی ۲٨ی مانگی ڕابردوو بوار، وەک یەکەم میدیای کوردی ئاشکرای کرد کە شاندێکی باڵای ڕووسیا بۆ پرسی ووزە سەردانی عێراق و هەرێم دەکات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color