٧٥٠ هەزار گیانلەدەستدان لە ماوەی دوو دەیەدا
ئایا دەکرێت پێشبینی بومەلەرزە بکرێت پێش ئەوەی ڕووبدات؟
لەگەڵ زۆری ژمارەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەدا تورکیا و سوریای گرتەوە، هەروەها داڕمانی زۆرێک لە باڵەخانەکان و گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس، هەندێک پێیان سەیرە، کە بۆچی پێش ڕوودانی کارەساتەکە پێشبینی رووداوێكی وا ناكرێت لە كاتێكدا دەیان پەیمانگای تایبەتمەند لە چاودێریکردنی بوومەلەرزە هەیە.
ئەم پرسیارە زیاتر دەبێت لەگەڵ ڕادەی ئەو وێرانکارییەی، کە لە ئەنجامی ئەو کارەساتە روویداوە، ئەمە جگە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی ٧٥٠ هەزار کەس لە جیهاندا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨ بۆ ٢٠١٧، و زیاتر لە ١٢٥ ملیۆن کەسیش لەم ماوەیەدا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
سەرۆکی پێشووی پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەکناسی و جیۆفیزیک لە میسر، سەڵاح محەمەد مەحمود، مامۆستای داینامیکی لە پەیمانگاکە دەڵێت: پێشبینیکردنەکە پەیوەستە بە سێ توخمی بنەڕەتی، یان پرسیارەوە: کەی بوومەلەرزە ڕوودەدات؟ لە کوێ؟ وە بە چ هێزێک؟.
ئەو دەشڵێت: دەتوانین بزانین لە کوێدا ڕەنگە بوومەلەرزە ڕووبدات بە خەمڵاندنی ئەو وێستگانەی چاودێری بەرفراوانی ئەو ناوچانە دەکەن، کە بوومەلەرزە تۆمار دەکەن بە شێوەیەکی نزیکەیی ڕۆژانە و بەم شێوەیە دەزانین، کە ئەم شوێنە چالاکن و ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە هەیە.
بوومەلەرزە لە هەر شوێنێکی جیهان و لە هەر کاتێکدا ئەگەری روودانی هەیە، بەڵام هەندێک ناوچەی زەوی زیاتر تووشی بوومەلەرزە دەبن لە هەندێکی تر، بۆ ئەوەش پەیمانگای جیۆلۆجی بەریتانی و پەیمانگای ئەمریکی ئاماژە بە ٣ پشتێنە دەکەن، کە زۆربەی جار بوومەلەرزەیان تێدا ڕوودەدات.
سەبارەت بە بەهێزی بوومەلەرزەکەش، دەکرێت پێشبینی بکرێت، بە وتەی مەحمود، بە سەیرکردنی مێژووی ئەو ناوچەیە و ئەو لەرزین و بوومەلەرزانەی پێشتر لێی داون دەتوانین بڵێین، کە ڕەنگە لە نێوان فڵان و فڵان (پلە)دا بێت.
هەروەها ڕوونیشیکردەوە، ئەو بوومەلەرزەیەی لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەدا، لەسەر سنووری سوریا و تورکیا ڕوویدا، بە هەمان شێوە لە ساڵی 1939 بە گوڕی نزیکەی 9 لەسەر پێوەری ڕێختەر ڕوویدا و نزیکەی 34 هەزار کەس مردوون، هەروەک چۆن لە ساڵی 1999 بە نزیکەی نۆ پلە روویدایەوە.
سەبارەت بەوەی کەی بومەلەرزە روودەدات، کە پێدەچێت گرنگتر بێت لە ڕوانگەی ئەوەی كات ڕۆڵی لە ئەگەری ڕزگارکردنی ژیان و موڵکدا هەیە، پرۆفیسۆری داینامیکی پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەوە تاکە پرسیارە ناتوانین بە وردی وەڵامی بدەینەوە، بەتایبەتی بۆ بوومەلەرزە سەرەکییەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێکجار بوومەلەرزەکان هۆشدارییەکە لە ئەگەری بوومەلەرزەیەکی گەورەتر، بەڵام تا ئێستا تەنیا خودا دەزانێت کەی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە ڕوودەدات.
بوومەلەرزەکەی تورکیا لە ئەنجامی درزێکەوە بووە، کە لە کەنداوی عەقەبە دەست پێدەکات و بەرەو باکوور بەرەو ئەنادۆڵ دەڕوات، بە وتەی ئەو شارەزای میسرییە.
ئەو ئاماژە بەوەش دەکات، کە هەموو ئەو ناوچانەی هاوسنوورن لەگەڵ دەریای ناوەڕاست، لە ئەنجامی یەکگرتنی ئەو شتانەی کە لە نێوان کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئەوروپادا ڕوودەدەن، رووبەڕووی بوومەلەرزە دەبنەوە، وەك لە وڵاتانی قوبرس، یۆنان، باکوری ڕۆژئاوا و باشووری تورکیا، جەزائیر و مەغریب لە بوومەلەرزە ڕوودەدەن.
ڕۆژی دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلە لە غازی عەنتاب لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە سەعاتەکانی سەرلەبەیانی لە کاتژمێر 04:17 بەکاتی ناوخۆ (01:17 GMT) ڕوویدا، کاریگەری بوومەلەرزەکە بۆ سوریای دراوسێی گرتەوە.
دوای چەند کاتژمێرێک لە یەکەم بوومەلەرزە، پاش نیوەڕۆی دووشەممە دووهەمین بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٥ پلە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیای هەژاند و ناوەندی بوومەلەرزەکەی لە ناوچەی ئەلبوستان لە پارێزگای کەهرەمانمارەش بوو.
ئەو دوو لەرزینە لەلایەن خەڵکی لوبنان و قوبرس و عێراق و ناوچەکانی دیکەوە هەستیان پێکرا.
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن نزیکەی ١٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس زیانیان بەرکەوتووە لە ناوچەیەکدا، کە نزیکەی ٤٥٠ کیلۆمەتر لە ئەدەنە لە ڕۆژئاوا تا دیاربەکر لە ڕۆژهەڵات و ٣٠٠ کیلۆمەتر لە مەلاتیا لە باکوورەوە تا هاتای لە باشوور درێژ دەبێتەوە.