عومەر سەید عەلی.. لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ خانەنشین بوون
بوار، تایبەت
عومەر سەید عەلی، رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزووتنەوەی گۆڕان دەچێتە مامەڵەوەو دەستبەرداری كاری سیاسی دەبێت، بەمەش خانەنشین دەبێت.
عومەر سەید عەلی، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی لەسەرەتای ئەم هەفتەیە، باسی لەوە كردووە، كە چاوەڕێی ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان دەكات.
عومەر سەید عەلی باسی لەوەش كردووە، دوای ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان، دەچێتە ماڵەوەو بە تەواوی واز لە كاری سیاسی لە ناو گۆڕان دەهێنێت، كە هەر لەو كۆبوونەوەیە باسی لەوە كردووە، ئەو پشتگیری ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی دەكاتو پشتگیری هەموو ئەو هەوڵانەش دەكات، كە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی لەناو گۆڕان دەدرێت.
عومەر سەید عەلی (لەدایکبووی ١ی تەممووزی ١٩٤٥)، سیاسەتوانێکی کوردە، لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٧ بوو بە ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان.
لە ١٩٧٤ عومەری سەید عەلی، بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول تا نسکۆی شۆڕش بەردەوام بووە، لە ١٩٧٥ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە.
لە ١٩٧٦ پاش ئاشکرابوونی ڕێکخستنەکەیان، عومەری سەید عەلی لەگەڵ شەش سەرکردەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، دەچێتە ئێران، لەوێ دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی عێراق دەکرێنەوە.
دواتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ١١ی تەممووزی ١٩٧٦ شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ساڵی ١٩٧٩ بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازاد کرا.
دوای ئازادبوونی لە زیندان، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا.
لە ١٩٨٠ بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە لە بناری کێوەڕەش بریندار بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی سوید کرا، لەوێ سەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی یەکێتی کردووە لە ئەورووپا.
لە ھەموو کۆنگرەکانی یەکێتیدا، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی و پاشان مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراوە، ھەروەھا ماوەیەک سەرۆکی شاندی یەکێتی بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی بۆ پڕۆسەی ئاشتی.
جگە لە کاری حیزبی، عومەری سەید عەلی، لە ١٩٩٢ بووەتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ماوەیەکیش بەرپرسی مەکتەبی دارایی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی بووە.
ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود و جەلال جەوهەرو مستەفای سەید قادر، دەستی لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کێشایەوە و بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەسەر لیستی گۆڕان خۆی کاندید کرد و دواتر کشایەوە.
عومەری سەید عەلی، پێش ئەوەی بە ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ھەڵبژێردرێت، سەرپەرشتیاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان بووە، ساڵی ٢٠١٦ و پێش کۆچی دواییی نەوشیروان مستەفا کاتێک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەریتانیا بوو، لەڕێی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە لەندەن بریکارنامەیەکی گشتی بۆ عومەری سەید عەلی کرد، بۆ ئەوەی کارە یاسایییەکانی گۆڕان ڕابپەڕێنێت.
عومەری سەید عەلی لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەھۆی ئەنجامە خراپەکانی بزووتنەوەی گۆران لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٠٢١ کە نەیتوانی ھیچ کورسییەک بەدەست بھێنێت و لە ھەمان کاتدا وەک ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەو شکستە سیاسییەی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە بە شێوەی گشتی دەست لە کارکێشانەوەیان ڕاگەیاند.