گرنگ

هاکان فیدان، کوردێک لە لوتکەی هەواڵگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

2023-02-17

 
هاکان فیدان، کوردێک لە لوتکەی هەواڵگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
دیبلۆماتێک، گۆڕینی ناونیشانی ماستەرنامەکەی هەموو دەرگایەکی بەڕوودا کردەوە...
هاکان فیدان، چۆن لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت؟
بوار، تایبەت
هاکان فیدان، ڕاوێژکاری دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە ئێستادا بەکەسی یەکەمی هەواڵگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و دەزگاکەی هەژمونێکی هێندە بەهێزی هەیە نەخشی بەسەر زۆربەی ڕووداوەکانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.
هاکان فیدان، تێکەڵبوونی بەبواری سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹٨٦ وەک سەرباز لە ڕیزەکانی سوپای تورکیا دەست بەکار دەبێت. دواتر لە سوپا بەردەوام دەبێت و پلەی مولازم بەدەست دەهێنێت. دەبێتە ئەفسەر لە یەکێک لەو یەکە سەربازیانەی تورکیا کە لەناو هێزەکانی ناتۆ ئەرک دەبینێت.
پاشان لەزانکۆی میریلاندی ئەمەریکی دەخوێنێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری کارگێڕی سەربازی بەدەست دەهێنێت.
لە ساڵی ۱۹۹۹ دەیەوێت لە زانکۆی بلیکێنت لە ئەنقەرە لە بواری کارگێڕی و ڕێکخستنی سەربازی بخوێنێت. بەڵام یەکێک لە مامۆستاکانی پێشنیار دەکات ماستەرەکەی لە بواری هەواڵگریدا بخوێنێت... بەو پێیەی دەزانێت هاکان خوێنەری ئەو کتێبانەیە کە لەسەر دەزگا هەواڵگرییەکان نوسراون. پاشان هاکان فیدان پێشنیارەکە پەسەند دەکات و توێژینەوەکەی لەسەر ڕۆڵی دەزگای میت دەبێت لە دەرەوەی تورکیا.
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیری پێشووتری تورکیا زۆر سەرسام دەبێت بە توێژینەوەکەی.
پاشان هاکان فیدان لە باڵوێزخانەی ئوسترالیا وەک شارەزای بواری سەربازی کاردەکات و دواتر لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەست بەکارکردن دەکات. لە پاڵ شارەزاییە سەربازیەکەی وەکو دبلۆماتێکی کارا دەردەکەوێت.
دوای ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست دەهێنێت و توێژینەوەکەی لەسەر داڕشتنەوەی دەزگای میت دەبێت و بەراوردی میت دەکات بەدەزگای هەواڵگری بەریتانیا لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم.
لە ڕێگای ئەحمەد داود ئۆغڵۆوە پێشنیار دەکرێت بۆ کارکردن لە ئاژانسی هەواڵگری تورکیا. دوای نزیکبوونەوەی لە ئەردۆغان و ئاک پارتی وەک ڕاوێژکاری دەزگای میت دادەنرێت کە بەرزترین پۆستی هەواڵگری و ئەمنی تورکیایە.
فیدان، ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە پتەوکردنی پێگەی ئەردۆغان و سەرەتا تەسفیەی جەنەڕاڵەکانی سوپای تورکیای کرد کەئەمە ئەستەم بوو لە دوای ٨٥ ساڵ لە باڵا دەستی سوپا و جەنەڕاڵەکان لە تورکیا.
هاکان فیدان، سەرجەم تۆڕە گەورەکانی ناو سوپای ئاشکراکردو هەر زوو دەزگا گرنگەکانی تورکیای لە نەیارەکانی ئاک پارتی پاک کردەوە.
لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، دووبارە دەزگای میت دادەڕێژێتەوە و تۆڕی فراوان بۆ دەزگاکە دروست دەکات بەتایبەت لە وڵاتانی هاوسنوری تورکیا.
میت لەو پەڕی کازاخستان و کۆمارە تورکەکانی ناوەڕاستی ئاسیاوە تا ئەفریقا و وڵاتانی عەرەب و باڵکان و ئەوروپا دەست بەچالاکی دەکات. لە ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین ئاژانسەکانی هەواڵگری لە جیهان.
تێڕوانینی فیدان و توژینەوەکانی بەتەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە لە دەزگای میتدا... هۆبەی جیاوازی بۆ سەرجەم ئەو ناوچەو وڵاتانەی دەرەوەی تورکیا کردووەتەوە کە بەلای تورکیاوە گرنگن.
فیدان پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە. زۆرجار بە ڕووەکەی تری ئەردۆغان وەسفی دەکەن.
لە ۱٥ی تەمووزی ۲۰۱٦، پلانی گەورەترین کودەتای دژی ئەردۆغان پوچەڵکردەوە کاتێک بەشێکی سوپا شوێنە گرنگەکان و ڕاگەیاندنەکانیان کۆنترۆڵکرد.
لەو کاتەدا هاکان فیدان، هەواڵی مردنی خۆی بەشێوەی فەیک دایە ڕاگەیاندنی کودەتاچیەکان و ئەوەیان بڵاوکردەوە کە فیدان کوژراوە و تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی باشتەپەیە لە ئەنقەرە. گروپێکی سەربەخۆ لەناو میت، هەواڵەکەیان گەیاندە ژەنەڕاڵە کودەتاچییەکان. گوایە ئەوان فیدانیان کوشتووە. بەوەش لینکێکی لەگەڵ کودەتاچییەکان دروستکرد. وایان دەزانی میت لەگەڵیاندایە و بەدرێژای شەوی ۱٥ی تەمووز، توانی تەواوی نەخشەکانی کودەتاچییەکان ئاشکرا بکات.
دوای دەستکەوتنی ئەو نەخشەو زانیارییانە، توانی لە چەند کردەیەکی خێرادا ژەنەڕاڵەکان لە سوپا داببڕێت و بەناوی میتەوە زانیاری هەڵەی پێدان. بەمەش شکستی بەکودەتاکەیان هێنا... خۆشی بەدرێژایی ئەو شەوە پارێزگاری لە ئەردۆغان کرد و لە تەواوی هەوڵەکانی کوشتن ڕزگاری کرد.
دوای شکست هێنانی ئەو کودەتایە، ئەردۆغان و فیدان پێکەوە هەزاران کەسیان لە سوپاو دەزگاکانی تورکیا دەستگیرکرد... بەتەواوی پاکتاوی نەیارانی ئەردۆغان کرا و بەدرێژای مێژووی کارکردنی فیدان و ئەردۆغان تاکە کەسە تا ئێستا لەگەڵ ئەردۆغان پەیوەندی بەتینە پێچەوانەی هاوڕێ کۆنەکانی ئەردۆغان وەک داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان و عەبدوڵا گویل و محەمەد شیشمەک کە پەیوەندیان لەگەڵیدا تێک چوو.
زۆربەی شرۆڤەکارانی دۆخی تورکیا پێیان وایە فیدان کاریگەری گەورەی لەسەر ئەردۆغان داناوە و بەشێکی بڕیار و دەست وەردانەکانی تورکیا لە وڵاتانی دەرەوە کاریگەری فیدانە بەسەر ئەردۆغانەوە.
هاکان فیدان، بڕوای بە عوسمانی نوێ و درێژبوونەوەی جوگرافیای تورکیا هەیە... بەتەواوەتی بڕوای بە نەخشەی عەهدی میللی تورکیا هەیە کە باکوری قوبرس و هەرێمی کوردستان و کەرکوک و موسڵ و بەشێکی دورگەکانی یۆنان بە خاکی تورکیا دەزانێت...
لە ئاستی دەرەوە جگە لە ڕۆڵی گەورەی میت لە هەرێم کە چەندین چالاکی و کردەوەی ئەنجامداوە لە دەستێوەردانەکانی شەڕ لە سوریا و دروستکردنی دەیان گروپی چەکداری نزیک لە تورکیا لەو وڵاتە ڕۆڵی هەبووە. لە لیبیا ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە هێشتنەوەی حکومەتی تەرابلوس کاتێک هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر بە پشتیوانی میسر و ئیمارات و سعودیە ویستیان بیڕوخێنن.
لە گەمارۆی سعودیەو ئیمارات بۆ سەر قەتەر ئەندازیاری فریاکەوتنی حکومەتەکەی قەتەر بوو... هەر زوو خۆی و یەکەیەکی سەربازی سوپای تورکیا گەیشتنە قەتەر و پلانی جوڵەی سەربازیان لە دژى ئەو وڵاتە پوچەڵ کردەوە...
لە جەنگەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی بە قازانجی ئازەربایجان. لە کەیسی کوشتنی خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودیە لە کونسوڵخانەی تورکیا لە ئیستانبوڵ گورزێکی کوشندەی لە سعودیەو محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینداو هەرزوو بڕوای بەهەموو وڵاتان هێنا کارەکە بە فەرمانی شازادەی جێنشین کراوەو سعودیەی ناچارکرد بۆ داخستنی کەیسەکە سازش بە قازانجی تورکیا بکات لە سوریا و وڵاتانی عەرەبی.
هەموو ئەو ڕۆڵانەی تورکیا لە پشت پەردەوە دەیگێڕێت، دەرهێنەرەکەی هاکان فیدانە و لە پاڵ پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا لە هەمان کات پەیوەندی لەگەڵ ئێران و ڕووسیا دروستکردووە لە ئاستی هەواڵگری. ئەمەش نیگەرانی خۆرئاوای لێکەوتوەتەوە، بەڵام ئەردۆغان و فیدان وەکو ستراتیجی تورکیا لە پەیوەندیەکانی میت دەڕوانن.
فیدان لە ئێستادا بەهێزترین پیاوی هەواڵگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەزگاکەشی بەهەمان شێوەیە، یار و نەیارەکانی حسابێکی گەورەی بۆ دەکەن.
هاکان فیدان، لە ساڵی ۱۹٦٨ لە ئەنقەرە لە دایک بووە. هەر چەندە باوکی و باپیری لە شاری ئەردیشی باکوری کوردستانەوە ڕۆشتونەتە ئەنقەرە و بەڕەچەڵەک کوردن، بەڵام فیدان دانی بەمەدا نەناوە... ئەگەرچی کەسە نزیکەکانی نایشارنەوە خەڵکی شارۆچکەی ئەردیشن کە شارۆچکەیەکە سەر بە پارێزگای وانە و دەکەوێتە باکوری ڕۆخی دەریاچەی وان.
لە ساڵی ۲۰۱٨ میدیاکانی پەکەکە چاوپێکەوتنی گەڕیلایەکیان بڵاوکردەوە بەناوی ”عەگید زیلان” کە خۆی بە کوڕی ئامۆزای فیدان ناساند.
هاکان فیدان، هەر چەندە لە بنەڕەتیشدا کورد بێت، بەڵام لە سەردەمی ئەودا میت زۆرترین کردەی دژی کورد ئەنجامداوە لە هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان... چونکە هەموو بۆردومانەکانی فڕۆکەو درۆنەکانی تورکیا، ئامانجەکانی لەلایەن میتەوە دیاری دەکرێن.
ئێستا فیدان لە لوتکەی هەواڵگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و زۆرجار میدیاکانی تورکیا بەشوێنگرەوەی ئەردۆغانی دەزانن و پێیان وایە ئەگەر ئەردۆغان ئەم خولەی سەرۆکایەتی بباتەوە ئەوا بەهۆی تەمەن و نەخۆشیەوە ناتوانێت خولی ئایندە بباتەوە، بەڵام لە فیدان دڵخوازتری دەستناکەوێت کاندیدی بکات بۆ سەرۆکی تورکیا.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color