ریشەكێشكردنی تەواوەتی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێکرد
هەنگاوێكی تری یەكێتی، لە دژی لاهور شێخ جەنگی دەستپێدەكات
بوار، تایبەت
یەكێتی نیشتمانی هەنگاوێكی تر لە دژی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشووی حیزبەكە دەستپێدەكات و بەوەش دەیەوێت بە تەواوی لەناو یەكێتی ریشەكێشی بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار كەوتووە، یەکێتی لەم مانگەوە موچەی ۱۰۰۱ کادری حیزبەکەی ڕاگرتووە، کە موچەیان لەسەر ئیدارەی گشتی بووە و لە مەڵبەند و ئۆرگانەکانی ئەو حیزبە كاریان كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو هەزار و یەک کادرەی یەکێتی ئەو کەسانەن، لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتییەوە موچەیان بۆ بەستراوەو لەلایەن ئیدارەی گشتییەوە موچەیان پێدراوە. لە ئێستادا بەمەڵبەندەکان ڕاگەیەنراوە بەهۆی گرفتی داراییەوە ناتوانن چیتر موچەی ئەو کادرانە خەرج بكەن.
ئەو هەزار کادرەی یەکێتی بەشێکن لە چوار هەزار کادری ئەو حیزبە لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی پلەیان پێدراوە، یان پلەیان بەرزکراوەتەوە و ئیدارەی گشتی پێش ڕووداوەکانی هەشتی تەمووز موچەی بۆ هەزار و یەک کەس لەو کادرانە بڕیوەتەوە، كە زۆربەی ئەو کادرانە بە پشتگیری و تەزکییەی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی ئەو پلەی حیزبیانەیان پێدراوە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لە ئێستادا مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی پلەی ئەو چوار هەزار کەسەیە و بە مەڵبەند و ئۆرگانەکانی حیزبەکە ڕاگەیەنراوە پابەندی دارایی بەرانبەر ئەو کادرانە ناگرنە ئەستۆ.
چەند مانگێک پێش ئێستا لە کاتی ڕێکخستنەوەی هەیکەلی مەڵبەندەکانی یەکێتی ئەو کادرانە لە ستافی نوێی مەڵبەندەکان پلە و شوێنیان پێ نەدرا، كە بەشێکی کادرەکان نزیکیان لەلاهور شێخ جەنگی بەهۆکاری ئەوە دەزانن لە ڕێکخستنەوەی مەڵبەندەکان بێ بەشکراون و ئێستاش موچەی هەندێکیان دەبڕدرێت و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پلەی هەموویان هەیە.
ساڵی ڕابردووش ئیدارەی گشتی یەکێتی موچەی ٥۰۰ کادری تری حیزبەکەی بڕی بەبیانووی ئەوەی موچەی تریان لەحکومەت هەیە.
سەرچاوەكەی بوار ئاشكرایكرد، كە هۆکاری ڕاگرتنی موچەی ئەو هەزار کادرەی یەکێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەکێتی لە ماوەی ڕابردوو چەند هێزێکی چەکداری نوێی دروستکردووە و موچەی ئەو هێزانە خراونەتە سەر ئیدارەی گشتی یەکێتی و بەهۆی کورتهێنان لە دارایی یەکێتی بۆ دابین کردنی خەرجی ئەو هێزە نوێیانە موچەی کادرەکان بڕدراوەو كورتهێنانەكەی پێپڕكراوەتەوە.