لەسەر وردەکاری هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆدەبنەوە
هەمواری یاسای هەڵبژاردن جارێكی دیكە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆدەكاتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئەو كۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی تایبەت کە بۆ بوار قسەی کردووە، ”كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پێنج لایەنەسیاسییەكەی هەرێم لەسەر هەواری یاسای هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت”.
ڕۆژی شەممە، 11ی ئادار، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە كوردستانیەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئامادەكاری و لێكتێگەیشتن بۆ هەمواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەو تیایدا ئەم بڕیارانە درا:
1- سیستەمی چوار بازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
2- تۆماری بایۆمەتری كۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەكانیەوە.
3- داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی فیدراڵ بەكاردێت بۆ دیاریكردنی ڕێژەی كورسی پارێزگاكان.
4- كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان.
5- سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13\3\2023 ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، " هیچ ڕێگرییەك لەبەردەم هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان نییە".
ئەوە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدراوە و تەمەنی پەڕلەمانی كوردستانیش بۆ ماوەی ساڵێك و دوو مانگ درێژكراوەتەوە، دوو لایەنە پێكهێنەرەكەی حكومەتیش كە یەكێتی و پارتین هەتا ئێستا نەگەیشتوون بە ڕێككەوتنی كۆتایی و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن.