گرنگ

 گرنگ

چارەنووسی نەوتی هەرێم چی لێدێت؟

2023-04-01

 
چارەنووسی نەوتی هەرێم چی لێدێت؟
نەوتی هەرێم لە سەربەخۆییەوە بۆ چارەنووسێكی نادیار
بوار، بەغدا
کاردانەوەکانی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تا ئێستا بەردەوامن، دوایینیان ڕاگرتنی كاری کۆمپانیا نەوتییەکان بوو، کە لە هەرێمدا کاردەکەن.
لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی لە کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕاگرتووە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی بەغدا، کە دووپاتی کردەوە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا بەرپرسیارە لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە، کە ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیلە، هەرچەندە تەنیا 0.05%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هۆکار بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئێستا تورکیا و بەغدا و حکومەتی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، هاوکات ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن ناچاربوون بەرهەمهێنان ڕابگرن، یان بڕی دەرهێنراو بگوازنەوە بۆ تانکی عەمبارکردن.
ئەم پرسە "فایلێکی ناکۆکی كۆنە" لە نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی هەولێر پێی وایە بەغدا بەدوای ئەوەدایە دەست بەسەر سامانی نەوتی هەرێم بگرێت، لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی داوای ئەوە دەکات، دەسەڵاتی بەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان هەبێت و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
دەستووری عێراق لە مادەکانی ١١١ و ١١٢دا ئاماژە بەوە دەکات، کە سامانە سروشتییەکانی وەک نەوت و غاز هی گەلی عێراقە و کەس مافی ئەوەی نییە بە تایبەتی بەڕێوەیان ببات، تەنیا حکومەتی فیدراڵی ئەم بابەتە بەڕێوەدەبات و داهاتەكەشی بە یەكسانی بەپێی یاسا دابەش دەكات.
سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕەنگە لە ساڵی 2007ەوە دەستیپێکردبێت کە هەرێم یاسای نەوت و غازی دەرکرد، دواتریش دامەزراندنی چەند کۆمپانیایەک بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و بەبازاڕکردنی نەوت.
دوای چەند ساڵێک، کوردستان دەیان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامدا بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت، بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی، کە بەغدا بەپێی دەستوور بە مافی خۆی دەزانێت و ئەوە رەتدەكاتەوە.
خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی ساڵی 2014 بوو، کاتێک تورکیا ڕێگەی بە هەرێمی کوردستاندا نەوت هەناردە بکات، بەو پێیەی بۆرییەکی کوردستانی بە "بۆری نەوتی عێراق-تورکیا" بەستەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.
هێڵی بۆری نێوان عێراق و تورکیا، خاوەندارێتی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات پێکدەهێنێت و پابەندە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، هەردوو وڵات ڕێککەوتننامەی بۆری عێراق و تورکیایان لە ساڵی 1973 واژۆکرد. لەم ڕێککەوتنەدا مەرجی ئەوە داناوە، کە حکومەتی تورکیا ”پێویستە پابەندی ڕێنماییەکانی عێراقی بێت سەبارەت بە جوڵەی نەوتی خاو کە لە عێراقەوە دێت.
بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤ ڕەخنەی لەو ڕۆڵە گرت، کە تورکیای دراوسێ لە فایلی نەوتی هەرێمی كوردستان دەیگێڕێت. دوای ئەوە ئەنقەرە ڕایگەیاند نەوتی کوردستانی عێراق ڕادەستی بازاڕە جیهانییەکان دەکات.
سەرەڕای ناکۆکی لەسەر ئەم نەوتە، بەڵام توركیا لە رێگەدان بە نەوتی هەرێم بەردەوام بوو، هەروەها كۆمپانیا جیهانییەكانیش كڕیاری باشی نەوتی هەرێم بوون، بەو پێیەی بە داشکاندنی نێوان 15-18 دۆلار دەیفرۆشت.
ئەم هەنگاوانە درێژەی كێشا تا ئەو كاتەی دادگای پاریس بڕیاری كۆتایی لەو سكاڵایەدا، لەسەر توركیا تۆماریكردبوو، كە بەپێی بڕیارەكە دەبێت توركیا قەرەبووی عێراق بكاتەوەو رێگریش لە هەناردەی نەوت بكات، بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
ئەمە دۆخێكی خراپی بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان دروست كردو بەو هۆیەشەوە ماوەی هەفتەیەكە هەناردەی ئەو نەوتە راگیراوەو هیچ ئاماژەیەكی روونیش نییە بۆ دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئێستا لە گفتوگۆكاندا بەغدا داوا دەكات نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی نەوت بفرۆشێت‌و داهاتەكەشی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، هەرێمی كوردستانیش ئەوە رەتدەكاتەوەو باس لەوە دەكات، كە دەبێت لە پرسی نەوتدا مافە دەستوورییەكانی پارێزراو بێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color