یەکێتی، لیوایەکی بەرگری و فریاکەوتن دەکاتە ئاسایش
بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ لیواکە ئەرکی ئاسایش جێبەجێ دەکەن
بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی، لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کە سەر بە فەرماندەی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتنی وەزارەتی ناوخۆیە لە ڕووی ئەرکەوە دەخرێتە سەر دەزگای ئاسایش (یەکێتی) و تەنها لە ڕووی مووچەو میلاکەوە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ دەمێنێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوو بۆ ئامادەکردنی لیوای یەکی سلێمانی بۆ ناو هێزی ئاسایش فەوجی مغاویر لە لیواکە دروست کراوە، کە هێزێکی مەشق پێکراو و ئامادەکراوە. هەروەها بەشی ئۆپەراسیۆن هاوشێوەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاسایش دروست کراوە.
بڕیارە بەم نزیکانە لیواکە ئەرکی ئاسایش وەرگرن و سنوری ئەرکیان ناو شاری سلێمانی و دەورووبەری دەبێت. ژمارەی میلاکی لیواکە نزیکەی ۳ هەزار کەسە و تا ئێستا هەڵوێستی وەزارەتی ناوخۆ ڕوون نیە لە بەکارهێنانی لیواکە وەک هێزەکانی ئاسایش.
لیوای یەکی سلێمانی، ساڵی ۲۰۱۲ دامەزراوەو پڕچەکترین و تۆکمەترین لیوای ناو هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنە. لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ساڵی پار لە لایەن لیوا ڕوکن عومەر ساڵح سەرپەرشتی کراوە. کە ئێستا سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەفتای یەکێتییە. یەکێکە لە متمانە پێکراوەکانی بافڵ تاڵەبانی.