نزیکەی چوار ساڵە، ۱۷۱ ڕوفاتی ئەنفالکراوان لە بەغدایە و نەگەڕێنراونەتەوە
پێشتر وەزارەتی شەهیدان کۆرۆنای کردبووە هۆکاری نەگەڕانەوەی ڕوفاتەکان
نزیکەی چوار ساڵە گۆڕێکی ئەنفالکراوان لە پارێزگای سەماوە لەباشوری عێراق هەڵدراوەتەوە و ڕوفاتەکانی بۆ پەیمانگای پزیشکی دادی بەغداد گوازراونەتەوە. تا ئێستا حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە ڕوفاتەکان بگەڕێنێتەوە هەرێم.
لە ۲۲ی تەموزی ۲۰۱۹، لە ناوچەی تەل شێخیە لە قەزای نوگرە سەلمانی باشوری شاری سەماوە دەستکرا بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ، لە کۆی سێ گۆڕی نزیک یەکتر. بڕیار بوو دوای هەڵدانەوەی گۆڕی یەکەم، دوو گۆڕەکەی تر هەڵبدرێنەوە. بەڵام بەهۆی نەگەڕاندنەوەی ڕووفاتەکانی گۆڕی یەکەم لە دوو گۆڕەکەی تر کارکردن ڕاگیرا.
ڕوفاتی ۱۷۱ کەس لە گۆڕی یەکەم دەرهێنراون و گواسترانەوە بۆ پەیمانگای پزیشکی دادی بەغداد، بەمەبەستی پشکنین و گەڕانەوە بۆ هەرێم، بەڵام بەرپرسانی هەرێم هەرجارەو بە بیانویەک ناچنە ژێر باری گەڕانەوەی ڕووفاتەکان.
وەزارەتی شەهیدانی هەرێم، لە ژێر فشاری کەسوکاری ئەنفالکراواندا بۆ گەڕانەوەی ڕوفاتەکان لە ساڵانی ۲۰۲۰ و ۲۰۲۱ پەتای کۆرۆنای بەهۆکاری نەگەڕانەوەی ڕووفاتەکان خستەڕوو.
وەزارەتی شەهیدان، لە مانگی ئابی ۲۰۲۲، بەڵێنیدا بەزوترین کات ڕووفاتەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی دەیگەڕێننەوە.
پەیمانگای پزیشکی دادی بەغداد، لە ساڵی ۲۰۱۹ داوای لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کردووە سەردانی بەغدا بکەن بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن تا لە پشکنینی DNA بەکار بهێنرێن، بەڵام وەزارەتی شەهیدانی هەرێم کارئاسانی بۆ کەس و کاری ئەنفالکراوان نەکرد تا سامپڵی خوێنیان لێوەربگیرێت. لە کاتێکدا بەغدا لەڕووی داراییەوە هەموو ئەرکەکەی دەگرتە ئەستۆ.
ئەو گۆڕەی هەڵدراوەتەوە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا ۱۷۱ ڕوفاتی تێدا دۆزراوەتەوە کە پێک هاتوون لەژن و منداڵ. تەمەنی ژنەکان لە نێوان ۱٨ تا ٥۰ ساڵی و منداڵەکان لە تەمەنی یەک ساڵ تا ۱۷ ساڵیدایە. پێنج لە ڕوفاتەکان ناسراونەتەوە کە خەڵکی گوندەکانی ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵن. ئەمەش بەپێی پۆشاک و کەرەستەکانی ناو گۆڕەکە پێدەچێت هەمویان خەڵکی قەزای چەمچەماڵ بن.
تا ئێستا ڕوفاتی ۱٦٦۹ ئەنفالکراو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێم. کە ٨۳٨ ڕوفاتی لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لەقەزای چەمچەماڵ و ۳۹۲ ڕوفات لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی دێبنە لە ناحیەی ڕزگاری قەزای کەلار و ۳٥٨ ڕوفات لە دوکان و ٨۱ ڕوفات لە تۆپزاوا بەخاک سپێردراون.
نزیکەی ۲۹۰ گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشوری عێراق دەست نیشان کراون کە گۆڕی ئەنفالکراوانن، بەڵام کاری هەڵدانەوەیان تێدا نەکراوە.