بیل گەیتس، دەبێتە گەورەترین جووتیاری ئەمریكا؟
بۆچی دامەزرێنەری "مایکرۆسۆفت" ئەم هەموو زەوییە کشتوکاڵییە دەکڕێت؟
گەیتس بەهۆی وەبەرهێنانەکانی لە کڕینی زەوییە کشتوکاڵییە گەورەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەشێک لە جووتیاران و ژینگەپارێزان بووەتەوە
پێدەچێت بیل گەیتس، گەورەترین خاوەنی تاکەکەسی زەوییە کشتوکاڵییەکان بێت لە ئەمریکا، بەهۆی ئەو دەیان هەزار دۆنم زەوییەی، کە بە ناوی خۆی و بەناوی مێلیندا گەیتسی هاوسەری پێشووی کڕیویەتی.
هەرچەندە هەندێک پێیان وایە، هۆکاری ئەمە بۆ خولیای گەیتس دەگەڕێتەوە، كە ئەویش خاوەندارێتی زەوییە چێنراوەکان بە سەوزەوات، بەڵام ئەو پرسیارەش جێگەی خۆیەتی كە ئەویش ئەوەیە ئایا ئەمە تاکە هۆکارە بۆ ئەوەی دامەزرێنەری "مایکرۆسۆفت" و یەکێک لە پیاوە بەناوبانگەکانی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا زەوی کشتوکاڵی بکڕێت؟
کەناڵی ئێن بی سی نیوز، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردەوە، کە خێزانی گەیتس لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٦٩ هەزار دۆنم کێڵگەیان لە ئەمریکا كڕیوە، لە نێویاندا سەدان دۆنم لە زەوییەكانی کۆمپانیای کاسکەید ئینڤێستمەنتس.
گروپی كۆمپانیاكانی (کاسکەید ئینڤێستمەنت) و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە لە ئەمریكا، خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیکەی ٢٠ ویلایەتی ئەمریكایەو سەروەت و سامانەکەی بەزیاتر لە ٦٩٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتانە، گەیتس ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەندێک لە جووتیاران و لایەنگرانی ژینگە بووەوە، چونکە پێیانوایە دژایەتییەک لە نێوان داکۆکیکردنی گشتی بۆ ژینگە و ستراتیژی وەبەرهێنانی کەسی خۆی هەیە، هەروەها هانی غەیرە جووتیاران و ناشارەزاکان دەدات بۆ وەبەرهێنان لە کڕینی زەوی، کە ناتوانن بیچێنن.
ڕەخنەگران پێیان وایە چوونە ناوەوەی بازرگانان بۆ کڕین و بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، دەبێتە هۆی گرانتربوونیان بۆ جووتیارانی ناوخۆیی، هەروەها بەشدار دەبن لە پاڵنان بەرەو "کشتوکاڵی پیشەسازی"، کە وەبەرهێنەرە گەورەکان لێیەوە داهاتێکی زیاتر لەوانی دیکە بەدەستدەهێنن، بەتایبەتی دەوڵەمەندانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەزانن کڕینی زەوی گەرەنتیترین ڕێگایە بۆ هەڵگرتنی سامانەکەیان و پاراستنی بەهاکەی.
بەڵام بەرگریکارانی گەیتس پێیانوایە، کە کڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕەنگە بەشێک بێت لە هەوڵەکانی ئەو ملیاردێرە بۆ پاڵپشتیکردنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەو پێیەی گۆڤاری "نیوزویک"ی ئەمریکی پێیوایە، هەوڵەکانی گەیتس لەوانەیە بەشداریکردن بێت لە پەرەپێدانی کشتوکاڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە گۆڕانی کەشوهەوا.
هاوكات ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن ئێن بی سی نیوزەوە کۆکراونەتەوە دەریدەخەن، زەوییەکانی گەیتس لە ٧٠ هەزار دۆنم (لە باکووری لویزیانا)، کە بە سۆیا، گەنمەشامی، پەتاتە و برنج چێنراوە، تا ٢٠ هەزار دۆنمێکی دیکە (لە نەبراسکا)، کە بە سۆیا چێنراوە بۆ 14 هەزار دۆنم (لە واشنتۆن)، کە پەتاتەی تێدا چێنراوە، هەروەها کێڵگەی گێزەر (لە کالیفۆرنیا) پێكدێن.