گرنگ

یەکێتی، ترسی لێیان هەیە و کارتی دەنگدان لە هەموو ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان وەردەگرێت

2023-04-20

 
یەکێتی، ترسی لێیان هەیە و کارتی دەنگدان لە هەموو ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان وەردەگرێت
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەگەڵ دەست نیشانکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ڕێ و شوێنی توندی گرتوەتەبەر بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان. تا دەنگەکانی خۆیان و خێزانەکانیان مسۆگەر بکات.
هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ و پێشمەرگە و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز و پشتیوانی دوو، ئاگادار کراون کارتی دەنگدانییان تەسلیمی بارەگای فەرماندەکانیان بکەن. هەر کەسێکیش لە خێزانەکانیان سەروی ۱٨ ساڵە، کۆپیەک لە کارتی دەنگدانی بهێنن.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، لە بەشێک لەو شوێنانە پرۆسەی وەرگرتنی کارتی دەنگدان تەواو بووەو هەموو ئەندامانی هێزەکان کارتەکانیان تەسلیم کردووە. ئەوە بە ئەندامانی هێزەکان ڕاگەیەنراوە هەر کەسێک کارتی دەنگدان نەهێنێت مووچەی پێنادرێت.
ئەم هەنگاوەی یەکێتی، لە ترسی ئەوەیە هێزە ئەمنیەکان بەهۆی ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزەوە دەنگ بە لیستی لاهور شێخ جەنگی و حزبەکانی تر بدەن و یەکێتی نەتوانێت دەنگەکانی پێشوتری مسۆگەر بکاتەوە.
یەکێتی لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی ٤٤ هەزار دەنگی لە دەنگدانی تایبەت بەدەست هێنا کە ۳۰ لە سەدی کۆی دەنگی هێزە ئەمنیەکان بوو. لەو ڕێگەیەوە سێ کورسی پەرلەمانی مسۆگەرکرد.
لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە سێ مانگ دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمووز ئەنجامدرا. یەکێتی توانی لە دەنگدانی تایبەتی پارێزگای سلێمانی نزیکەی ۲۲ هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت. لەبەرامبەردا ۱٨ هەزار دەنگی پوچەڵ هەبوو کە گومان دەکرێت ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بەمەبەست دەنگەکانیان پوچەڵ کردبێتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color