گرنگ

کاوە بازیانی کێیە؟

2023-04-21

 
کاوە بازیانی کێیە؟
بۆ هەوڵی کوشتنی درا؟
کاوە ئەحمەد تۆفیق محەمەد کافرۆشی، ناسراو بە کاوە بازیانی لە حەفتاکانی تەمەنیدایە. کەسایەتییەکی ناسراوی دۆڵی بازیان و عەشیرەتی کافرۆشییە. نیشتەجێی شارۆچکەی گۆپاڵەیە لە ڕێگای نێوان ”سلێمانی- چەمچەماڵ”.
ئێوارەی دوێنێ لە ناو سەنتەری قەزای بازیان، تەقەی لێدەکرێت و فیشەکێک بەر سەری دەکەوێت. بەبێهۆشی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی.
شەوی ڕابردوو پزیشکێکی بەناوبانگی عێراقی کە خەڵکی بەغدادە نەشتەرگەرییەکی قورس بۆ سەری ئەنجام دەدات. لە ئێستادا بێهۆشەو باری تەندروستی ناجێگیرە.
کاوە بازیانی لە سەرەتای هەشتاکان ناوێکی ناسراوی ناو پێشمەرگەو یەکێتی بووە لە ناوچەی بازیان و چەمچەماڵ. بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی پێشمەرگە لە هاوینی ساڵی ۱۹٨٥ پەیوەندی بەڕژێمی بەعسەوە دەکات و دەکرێتە بەرپرسی مەفرزەی ۷۹ی تایبەت. تا ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ پەیوەندی بە یەکێتیەوە دەکاتەوە. لەگەڵ دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەیەکێک لەو کەسایەتیانە هەژمار دەکرێت کە پەیوەندی بەبزوتنەوەکەوە کرد.
ناوبراو بەپلەی عەمید خانەنشین کراوەو تا ئێستا وەک کەسی یەکەمی عەشیرەتی کافرۆشی تەماشا دەکرێت کە ئەم عەشیرەتە لە دۆڵی بازیان و چەمچەماڵ و سلێمانی بڵاو بوونەتەوە.
کاوە بازیانی، تۆمەتبار دەکرێت بەوەی دەستی لە کۆمەڵێک ڕووداودا هەیە کە چەند کەسێکی تێدا کوژراوە و خزمی نزیکی یەکێک لە هاوسەرەکانین. مێژووی ئەو ڕووداوانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ۱۹٨٥ تا ڕاپەڕین. هەندێکیان بووەتە کێشەی دوژمنداری و کۆمەڵایەتی بۆ ناوبراو.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، دوێنێ ئێوارە لەلایەن کەسێکەوە کە خزمی یەکێک لە هاوسەرەکانیەتی بەناوی (ب) هەوڵی کوشتنی دراوە و کێشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ۳۷ ساڵ بەر لە ئێستا.
کاوە بازیانی، بەو پێیەی ئەو کێشانەی هەبووە ماڵەکەی جیایە لە شارۆچکەی گۆپاڵەو لە خانویەکدا دەژیت لە ناوباخێکدایە و دەکەوێتە سەر ڕێگای ”چەمچەماڵ- سلێمانی”.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color