گرنگ

داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی، چەند کەمیکردووە؟

2023-04-23

 
داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی، چەند کەمیکردووە؟
سزاکەی تورکیا، بە قازانجی فڕۆکەخانەی هەولێر و کەرکوک شکاوەتەوە
بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی تورکیاو داخستنی ئاسمانی ئەوروپا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە. لە ۳ی ئەم مانگەوە داهاتی ڕۆژانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕێژەی ٦۰ لەسەد لە چاو پێشووتر کەمی کردووە.
لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە تا سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ. لە ماوەی حەوت مانگدا داهاتی فڕۆکەخانەکە کە بەشی زۆری داهاتی گومرکی بەشی کارگۆیە ۷ ملیار و ۷۱٨ ملیۆن دینار بووە. مانگانە تێکرا یەک ملیار و ۱۰۲ ملیۆن دینار بووە.
لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا تێکڕای داهاتی ڕۆژانە ۳٦ ملیۆن و نیو دینار بووەو بەجۆرێک ڕۆژانە داهاتی فڕۆکەخانەکە لە نێوان ۳۰ بۆ ٤۰ ملیۆن دیناردا بووە.
لە دوای سزاکانی تورکیاوە لە ڕۆژی ۳ی ئەم مانگەوە تا ۱٥ی نیسان، لە ماوەی ۱۳ ڕۆژدا داهاتی فڕۆکەخانەکە ۱۹۷ ملیۆن دینار بووە. بەجۆرێک تێکڕای داهاتی ڕۆژانە ۱٥ ملیۆن دینار بووە.
فڕۆکەخانەکە، نزیکەی ٦۰ لەسەدی داهاتەکەی لە دەستداوە. چاوەڕوان دەکرێت داهاتی مانگانەی فڕۆکەخانەکە لە ملیارێک و ۱۰۰ ملیۆنەوە داببەزێت بۆ ٤٥۰ ملیۆن دینار. بەهۆی سزاکانی تورکیاوە سلێمانی مانگانە ٦٥۰ ملیۆن دینار زیان بکات.
لە دوای داخستنی ئاسمانی تورکیاو ئەوروپا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا گەشتەکانی تورکیا و ئەڵمانیا (فرانکفۆرت و دۆسلدۆرف) و سوید وەستاون. جگە لە ترانزێتی ”سلێمانی- ئیستانبوڵ” بۆ شارەکانی لەندەن و پاریس و میونخ و ئەمستەردام و هامبۆرگ و بڕۆکسل و ڤیەننا و بەرلین.
هاوکات سەرجەم کارگۆ (گواستنەوەی کەلوپەل)ی ئەوروپا و تورکیا و جۆرجیا وەستاوە و گورزی گەورە بەهۆی وەستانی گەشتەکانی کارگۆوە بەر داهات و گومرکی فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
لە دوای سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشتەکانی تورکیای فڕۆکەخانەی کەرکوک و گەشتی ئەوروپاو تورکیای فڕۆکەخانەی هەولێر زیادی کردووە.
هێڵەکانی تورکیش ئێرلاینی تورکی و کۆندۆری ئەڵمانی و پێگاسوسی یۆنانی و عێراقییە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر زیاتر کردووە. هێڵی تورکیش ئێرلاین و عێراقیە گەشتی ئیستانبوڵیان بۆ فڕۆکەخانەی کەرکوک دەست پێکردووە، وەک جێگرەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی.
هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی ناچارن ئەو دوو فڕۆکەخانەیە هەڵبژێرن بۆ گەشتی تورکیاو بۆ گەشتی ئەوروپا دەچنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بەوتەی خاوەن نوسینگەکانی گەشتوگوزار هەردوو هێڵی ڕۆیاڵ جۆردەن و قەتەر ئێروەیس ئامادەن گەشتی ترانزێتی ئەوروپا ئەنجام بدەن لە سلێمانیەوە بۆ عەمان و دەوحە و پاشان بۆ ئەوروپا، بەڵام بەهۆی زۆری تێچوو و گرانی بلیتەوە سەرکەوتوو نابێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color