گرنگ

حکومەتی عێراق سێ بەنداو لەهەرێم دروست دەکات

2023-04-26

 
حکومەتی عێراق سێ بەنداو لەهەرێم دروست دەکات
عێراق، پلانێکی ستراتیژی تا ساڵی ۲۰۳٥ بۆ ئاو دادەنێت
خالید شەماڵ، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق ڕایگەیاند حکومەتی عێراق لە ئەمساڵدا سێ بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
وتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد عیون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی عێراق دروستکردنی سێ بەنداوی لە سێ پارێزگای هەرێم پەسەند کردووە کە سودی گەورەی بۆ گلدانەوەی ئاو لە هەرێم و عێراق دەبێت.
سێ بەنداوەکە بریتین لە بەنداوی دەڵگە لەسەر ڕووباری زێی بچوک لە قەزای قەڵادزێی لە پارێزگای سلێمانی. بەنداوی مەنداوە لە سەر ڕوباری زێی گەورە لە باکوری هەولێر. بەنداوی باکرمان لەگەلی باکرمان لە قەزای ئاکرێی پارێزگای دهۆک.
وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق پلانێکی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وشکە ساڵی و بە بیابان بوون و دروستکردنی بەنداو تا ساڵی ۲۰۳٥ داڕشتووە کە دەیەوێت چەند بەنداوێکی گەورەو مام ناوەند لە هەرێم دروست بکات.
پلانەکەی عێراق بەپلەی یەکەم پشت بە ڕووبارەکانی هەرێم دەبەستێت، چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی ئاوی هاتووی ڕوباری دیجلە و فورات بۆ عێراق کەمتر دەبنەوە.
ئامانجی پلانەکەی حکومەتی عێراق، زیادکردنی توانای کۆگاکردنی ٤۰ تا ٥۰ ملیار مەتر سێجا ئاوە. لە ئێستادا توانای کۆگاکردنی ئاو لە عێراق لە ۲۰ ملیار مەتر تێناپەڕێت. هەردوو بەنداوی موسڵ و دەربەندیخان بەهۆی کێشەی تەکنیکی ناتوانن بە تێکڕای توانای خۆیان ئاو گل بدەنەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color