هێنانی گیای بەهاری، دوو هاووڵاتی لە سنوری پێنجوێن دەكاتە قوربانی
بوار، پێنجوێن
بەوتەی قایمقامی قەزای پێنجوێن نیوەڕی ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێكی چێندراو لە شاخێكی سنوری قەزای پێنجوێن، بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییەك و بریندار بوونی كەسێكی دیكە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو هاووڵاتیانە بەنیازی هێنانی گیای بەهاری ڕوویان لەو سنورە كردووە كە پێدەچێت قوربانییەكان خەڵكی سنوری قەزای سەیدسادق بن.
زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بەبواری ڕاگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێك لە شاخی كەچەڵی لە نزیك ملەكەوەی پێنجوێن بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان دوو هاووڵاتی بوونەتە قوربانی بەجۆرێك كەسێك گیانی لەدەستداوە و كەسێکی دیكەش بریندار بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو دوو هاووڵاتییەی بوونەتە قوربانی خەڵكی سنوری قەزای سەیدسادقن كە پێدەچیت بۆ هێنانی گیای بەهاری ڕوویان لە سنورەكە كردبێت.
قایمقامی قەزای پێنجوێن ئەوەشی وت، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی لەو سنوری كە ئەو دوو هاووڵاتییەی تیادا بووەتە قوربانی، هێنانەوەی ترەمەكەو بریندارەكە ئاسان نابێت، هاوكات تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش و تیمی پزیشكی چونەتە نزیك شوێنی ڕووداوەكە بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو كەسانەی لە نزیك ڕووداوەكەن.