گرنگ

حەمەتاڵ، میوەو كتێب بەشێكی گەورەی ژیانی داگیركردبوو، بەڵام بە کەباب ناسرا

2023-05-03

 
حەمەتاڵ، میوەو كتێب بەشێكی گەورەی ژیانی داگیركردبوو، بەڵام بە کەباب ناسرا
درەنگانی شەوی 29 لەسەر 30ی نیسان، هونەرمەند "هادی مەحموود" کە لەناو هاوڵاتیاندا بە عەریف حەمە تاڵ بەناوبانگ بوو بەهۆی جەڵدەوە لە تەمەنی ٥۳ ساڵیدا کۆچی دوای كرد.
هونەرمەند هادی مەحموود، لە ساڵی ۱۹۷۰، لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لەدایک بووە. فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی بوو. یەکەم کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ درامای گەردەلول کە ڕۆڵی عەریف حەمەتاڵی بینی. هەر بەو ناوەوە ناسراو. كە لە دراماکەدا زیاتر دیمەنی کەباب خواردنی وەک شۆیەکی کۆمیدی بەرجەستە دەکرد و وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی دەرکەوت. "کەباب و حەمەتاڵ" وەک ئایکۆن هادی مەحموودیان ناساند.
هونەرمەند هادی مەحموود، جگە لە کاری هونەری چەند کارێکی تری کردووە.
میوەو کتێب، پانتاییەکی فراوانی ژیانی ئەم هونەرمەندەیان داگیرکردووە، لە سەرەتای منداڵییەوە بەهۆی ئەوەی باوکی دوکانی میوە فرۆشی دەبێت ئاشنای لەگەڵ پیشەکەدا پەیدا دەکات. چەند ساڵێک تا هەرزەکاری لەگەڵ باوکی لەو پیشەیە بەردەوام دەبێت. دواتر بەهۆی کۆچی دوای باوکیەوە واز دەهێنێت.
ماوەی دوو ساڵە بەهەمان شێوەی جاران لە سەنتەری شاری سلێمانی سەرەڕای کاری هونەری دەست كردەوە بە میوە فرۆشتن، لە هەرزەکاری و گەنجیشدا بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی کتێب دەفرۆشێت.
لە ساڵی ۲۰۱۷، لە نهۆمی دووەمی چایخانەی شەعب کەبابخانەیەک دادەنێت. بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت پاشان بەهۆی ئەوەی شوێنەکەی گونجاو نابێت وازی لێ دەهێنێت.
هادی مەحموود، لە ساڵی ۱۹۹۷ ەوە تێکەڵ بە کاری هونەری بووە. جگە لە درامای گەردەلول و خەندە و بەرنامەی پەتریپۆت و چەند درامایەک وەکو پێشکەشکار لە ڕادیۆ کاری کردووە و ڕۆڵی لەفیلمی ۲٤ سەعاتدا بینیووە.
هادی مەحموود، بەمرۆڤێکی لەسەرخۆو قسە خۆش و سادە ناسرابوو. پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی هەبووەو لای خەڵک وەک هونەرمەندێکی کۆمیدی ناسرابوو.
لە سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، واتە لە 24ی نیسان، جەڵتە لێی دەدات و دەبرێتە نەخۆشخانە. دوای ئاسایی بوونەوەی ڕەوشی تەندروستی، نەخۆشخانە جێدەهێڵێت، شەوی ۳۰ی ئەم مانگە جارێکی تر جەڵتەی دڵ لێی دەداتەوەو ئەمجارەیان دوای پێنج کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانەی شار کۆچی دوای دەکات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color