گرنگ

نەفتای کۆرمۆر ڕەوانەی ئێران دەکرێت

2023-05-10

 
نەفتای کۆرمۆر ڕەوانەی ئێران دەکرێت
هیچ شوێنێک لە هەرێم نەماوە نەفتای تێدا کۆگا بکرێت
لە هەفتەی ڕابردووەوە کۆمپانیای ساوس کوردستان، دەستی بەهەناردەی بەشێک لە کۆندێنسەیتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کردووە بۆ وڵاتی ئێران.
بەرهەمی کۆندێنسەیت، کە لە ناو خەڵکدا بەنەفتا ناودەبرێت و پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ هەزار بەرمیل له کێڵگەی کۆرمۆرەوە بەتانکەر دەگوازرایەوە بۆ وێستگەی پەمپی خۆڕمەڵە و تێکەڵی نەوتی هەرێم دەکرا بۆ بەرز کردنەوەی کوالێتیەکەی.
بەهۆی ساغ نەبوونەوەی لە بازاڕی ناوخۆو نەبوونی کۆگای زیاتر توانای کۆگاکردنی نەفتا لە هەرێم نەماوەو بەهۆی داخرانی ڕێگاکانی نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر بەڕووی بارهەڵگرەکاندا تانکەرەکان ناتوانن بارەکانیان بگەیەننە پارێزگای هەولێر و دهۆک. نزیکەی ٨٥۰ تانکەر کە کاری گواستنەوەی نەفتا دەکەن لە کێڵگەی کۆرمۆر ئێستا زۆربەیان بارکراون و بەناچاری لە گۆڕەپانەکانی چەمچەماڵ وەستاون.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، لە هەفتەی ڕابردووەوە چەند کاروانێکی نەفتا بەتانکەر لە ڕێگای مەرزی پەروێزخانەوە ڕەوانەی ئێران کراون و تانکەرەکان لە ئێران دەچنە بەندەر ئیمام و لە بەندەرەکە بارەکانیان بەتاڵ دەکەن.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، کۆمپانیای ساوس کوردستان کە بەرهەمەکانی کێڵگەی کۆرمۆر دەگوازێتەوە ڕۆژانە کاروانێک نەفتا بەرەو ئێران بەڕێدەکات، کە پێک دێت لە ۱٥ تا ۲۰ تانکەر، بە ڕێگای سەنگاو و سەرقەڵا لە قەزای چەمچەماڵەوە دەچنە گەرمیان و مەرزی پەروێزخان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color