کودەتای لیژنەی دارای بەسەر ڕێککەوتنی هەرێم وبەغدا
پارتی و یەکگرتوو، بۆ کشانەوە؟
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەکۆمەڵێک دەستکاری نوێوە دەنگی لەسەر هەردوو مادەی ۱۳ و ۱٤ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا. کە ئەو دوو ماددەیە ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بوو لە پڕۆژە یاسای بودجە لە بابەتی نەوت و دارایی.
لەکۆی چوار ئەندامی کوردی لیژنەکە سێ ئەندامیان کشانەوە کە دوو ئەندامی پارتی و ئەندامێکی یەکگرتوو بوون و گۆڕانکاریەکان بەدژی هەرێم و ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەولێر و ناوەند دەزانن. هەوڵەکەی لیژنەی دارایی بەکودەتا بەسەر ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەزانن.
تەنها نەرمین مەعروف، لە پشکی یەکێتی لە لیژنەکە مایەوە و دواتر هەرێم کەمال ئاغا وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی واژۆی لەسەر هەموارەکان کرد.
پڕۆژەی هەموارەکانی هەردوو مادەی ۱۳ و ۱٤ لە لایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی کورد و پەرلەمانتاران عودەی عەواد و مستەفا سەنەد و یوسف کیلابی ئامادەکرابوون و هەرسێ فراکسیۆنی نەوەی نوێ و یەکگرتو و یەکێتی بەنوسراو داوایان لە لیژنەی دارایی کردووە کە بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوت جێگیر بکات لە یاسای بودجە. پەرلەمانتارانی عەرەب ڕەزامەندیان لەسەر داواکە داوە بەو مەرجەی پێدانەوەکە بکەوێتە ئەستۆی هەرێم و لەپشکی هەرێم خۆی بێت.
فراکسیۆنی یەکێتی بەهۆی پێداگیریان لە زیاد کردنی بڕگەیەک لە کۆبونەوەکەی لیژنەی دارایی مانەوە کە بڕگەکە وەکو بڕگەی نۆی مادەی ۱٤ جێگیر کراوە کە لە حاڵەتێک پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەست بکەن جیاوازی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم دەکرێت لە دابەشکردنی داهات و پێدانی پشکی پارێزگاکان دەتوانن ڕاستەوخۆ پشکی خۆیان لە حکومەتی ناوەند وەربگرن.
لەڕەشنوسەکەدا مادەی ۱۳ی پڕۆژە یاسای بوودجە پێک هاتووە لە دوو بڕگە و بڕگەی یەکەم کە تایبەتە بەپاکتاوکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە نێوان هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێر لە ۲۰۰٤ تا ۲۰۲۲ وەک خۆی ماوەتەوە.
بڕگەی دووەمی ڕەشنوسەکە پێک هاتووە لە چوار بەند و پێشتر بەندی ئەلیف تەنها پابەندکردنی هەرێم بوو بە هەناردەی ٤۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا کە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم مانگانە ڕەزامەند بن لەسەر داهاتەکەی.
لە ئێستادا هەموار کراوەتەوەو دەسڵات دراوەتە وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە بکات یان بۆ پاڵاوتن بەکاری بهێنێت و تەنها وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەتوانێت گرێبەستی پاڵاوتنی نەوتی هەرێم لەگەڵ پاڵاوگەکان ئیمزا بکات و ئەژماری مانگانەی نەوت دەچێتەوە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارای عێراق و ڕۆڵی دیوانەکانی چاودێری دارای هەرێم و عێراق کەمتر کراوەتەوە.
بەندی (ب) مادەی ۱۳ وەک خۆی ماوەتەوە کەتایبەتە بە ڕادەستکردنی داهاتە فیدڕاڵیەکانی هەرێم بە حکومەتی ناوەند.
بەندی (ج) وەک خۆی ماوەتەوە کە تایبەتە بە هەناردەی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە مانگانە، بەڵام وەکو مەرج جێبەجێکردنی هەردوو بڕگەی( ا) و (ب) لەلایەن هەرێمەوە جێگیرکراوە تا بەغداد بتوانێت پشکی هەرێم بنێرێت.
بڕگەی (د) ی ماددەی ۱۳ دەستکاری کراوە کەتایبەتە بەدانەوەی قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراقی TBI لەلایەن هەرێمەوە. پێشتر حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێککەوتبوون هەرێم لەماوەی ۷ساڵ قەرزەکانی TBIبداتەوە، بەڵام لە هەموارەکەی لیژنەی دارایی کاتی دانەوەی قەرزەکان بۆ پێنج ساڵ کەمکراوەتەوە.
پێشتر دەبوو مانگانە نزیکەی ٦۰ ملیار دینار مانگانە لە پشکەکەی بدرایەتەوە قەرزی بانکەکە، بەڵام بە کەمکردنەوەی ماوەی پێدانی قەرزەکە دەبێت هەرێم مانگانە ٨۳ ملیار لە پشکی بودجەی خۆی بداتەوە بانکی بازرگانی عێراقی.
مادەی ۱٤ ی پڕۆژە یاسای بودجە لەڕەشنوسەکەدا حەوت بڕگە بوو ئێستا زیاد کراوە بۆ ۱۲ بڕگە.
بڕگەی یەکی ڕەشنوسەکە پێشتر دەسەڵاتی تەواوی دابووە سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەژماری نەوتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم پارە بەکار بهێنێت و پێشتر هیچ بانکێک دیاری نەکرابوو بۆ دانانی ئەژماری نەوتی هەرێم ئێستا لە هەموارەکەی لیژنەی دارایی، وەزارەتی نەوت ئەژمارێک لەبانکی ناوەندی دەکاتەوەو و دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کەمکراوەتەوە بەجۆرێک مانگانە وەزیری دارایی عێراق دەسەڵاتی حەرجکردنی پێدەدات.
بڕگەی دوو و سێ و چوار و پێنج و شەش وەک خۆی ماوەتەوە.
پێشتر لە بڕگەی حەوت جێگیر کرابوو لەکاتی ڕوودانی هەر کێشەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوانیان لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوانیان پێک دەهێنرا و ڕاپۆرتێک دەدرایە سەرۆک وەزیرانی عێراق و لە ماوەی ۳۰ ڕۆژدا و بڕیاری پێویست بۆ چارەسەر لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام لە هەمواری نوێ کراوەتە بڕگەی هەشت و دەسەڵات لەسەرۆک وەزیران دەسەنرێتەوە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەکرێتە پێوەر.
پێنج بڕگەی نوێ زیاد کراون بۆ مادەی ۱٤ کە بریتین لە
بڕگەی حەوت. کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات پێش ۳۰ ئەیلولی ۲۰۲۳ سەرجەم میلاکاتی پڕکراوەو بەتاڵی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی بداتە وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم پێکەوە پێدا چونەوەی پێدا بکەن.
بڕگەی نۆ، حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێت ئەولەویەت بەمووچەو خانەنشینی بدات و پشکی پارێزگاکان بە دادپەروەری دابەش بکات. لە حاڵەتی ناڕازی بوونی پارێزگایەک بەپشکەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ئەوا حکومەتی فیدڕاڵی ڕاستەوخۆ پشکی پارێزگاکە لە هەرێم دەبڕێت و خۆی دەیداتە پارێزگاکە.
بڕگەی دە، حکومەتی فیدڕاڵی پابەند دەکرێت ڕێگە بەحکومەتی هەرێم نەدات لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک و نەینەوا نەوت دەربکات (مەبەست لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و خوڕمەڵەو جەستان و عەین زالە)یە.
بڕگەی یانزە، حکومەتی فیدڕاڵی پابەند دەکرێت بەهاوبەشی ئیدارەی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بدات لەگەڵ حکومەتی هەرێم.
مادەی دوانزە، حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بڕی ۱۰ لەسەدی کۆی موچەی مانگانە بداتەوە فەرمانبەران لە بری پاشەکەوتی موچەی ساڵانی پێشوتر.