وردەکاری یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق
بەپێی وتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق، ھەفتەی داھاتوو ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پرسی بودجە یەکلادەکاتەوە و ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەنە رێککەوتن بە زۆرینەی دەنگ تێدەپەڕێنرێت، هیچ ناکۆکیەکیش لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا نییە.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە ئیئتیلافی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووە دەرفەتی زیاتر بە گفتوگۆ لەبارەی بودجە بدرێت، ئەوەش بووەتە ھۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر چۆنێتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم رێککەوتوون.
ئاماژەی بە ئەوەش کردووە، ھەفتەی داھاتوو ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پرسی بودجە یەکلادەکاتەوە و ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەنە رێککەوتن بە زۆرینەی دەنگ تێدەپەڕێنرێت.
وتیشی، ھیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی ھەرێم لە بودجەدا نییە کە ١٢.٦٧٪، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی باوەڕی وایە پێویستە ھەرێم پابەند بێت بە ھەناردەکردنی لانی کەم ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە، داھاتەکەشی بخرێتە سەر ھەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمیش مافی خەرجکردنی ھەیە.
دەشڵێت، بەپێی بڕیارەکانی بودجە، لەگەڵ ھەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان و لە ئەگەری نەتوانینی ھەناردەنەکردنی نەوتی ھەرێمیشدا لەناوخۆ بەکاردەھێنرێت و حکومەتی عێراق لە رێگەی کێلگەکانی باشوورەوە قەرەبووی دەکاتەوە.
موعین کازمی ئەوەشی وتووە، ناکۆکی سەرەکی پارتی لەسەر چەند خاڵێکە، یەکەمیان دەیەوێت داھاتی نەوتی ھەرێم لە ھەژمارێکی بانکی سەر بە ھەرێمی کوردستان دابنرێت بەبێ ئاگاداری بانکی ناوەندی عێراق، دووەمیان پارتی دژی ئەو بڕگەیەیە کە باسی دانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات.
سەبارەت پشکی هەرێم ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە، پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراقدا دەگاتە ١٩ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لەگەڵ پشکی دەرمان و کۆبۆنی خۆراک و چەند بابەتێکی دیکە، پشکی ھەرێم دەگاتە نزیکەی ٢٠ ترلیۆن دینار.
بودجەی عێراق گەورەترین بودجەیە لە مێژووی وڵاتەکەدا بەوپێیەی بەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵە، بەڵام بە وتەی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە و شارەزایانی ئابووری بودجەکە کورتهێنانێکی زۆری تێدایە، لە پەرلەمانی وڵاتەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە بەڵام هەتاکو ئێستا پەسەند نەکراوە، بڕیار بوو رۆژی شەممەی رابردوو پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، بەڵام دواخرا.