دوای شاندەكەی عێراق، شاندێكی ئەمنی هەرێمیش دەچێتە تاران
بوار، تایبەت
دوای شاندە ئەمنییەكەی عێراق، شاندێكی ئەمنی هەرێمی كوردسانیش سەردانی ئێرانی كردووەو بڕیارە لە تاران بەشداری كۆبوونەوەیەكی باڵای هەردوو وڵات بكەن.
بەپێی زانیارییەكان، بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەرێكەوتوون و بڕیارە بەشداری كۆبوونەوەیەكی باڵای ئەمنی نێوان بەرپرسانی عێراق و ئێران بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، كۆبوونەوە ئەمنییەكەی تاران تایبەتە بە پرسی جموجوڵ و بارەگای هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، كە تاران داوای داخستنی بارەگای ئەو حیزبانەو رێگری لە جموجوڵەكانیان دەكات.
بوار زانیویەتی، ئەو شاندەی عێراق، كە ئێستا لە تارانن و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆكایەتی دەكات، چەند رۆژێك پێش ئێستا لە هەرێم بوون و لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، بەتایبەتی بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی لە سلێمانی كردووە.