گرنگ

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: کاتی پێویستمان لەبەر دەستدا نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم

2023-06-01

 
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق:
کاتی پێویستمان لەبەر دەستدا نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم
لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمسیاران و ستافی تەکنیکی پێشکەوتووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق تاوتوێی دوا ئامادەکاری کۆمسێۆنیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کرد.
لە وەڵامی پرسیاری ئەندامانی لیژنەی یاسایی سەبارەت بە ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرایان کردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ڕووی تەکنیکیەوە ناکرێت و ناتوانن لە هەمان ڕۆژ ئەنجامی بدەن.
بەو پێیەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەندێ ئامادەکاری تەواو بووە و هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیان دەست نیشان نەکردووە. پێویستە سەرەتا حکومەت بڕیار بدات و بودجەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بۆ کۆمسیۆن دیاری بکات تا بەپێی خشتەیەک دەست بەئامادەکاری بکرێت.
کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە ڕۆژی ۲۰ی ۱۲ی ۲۰۲۳ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت و ۲۷ ملیۆن دەنگدەر مافی بەشداری کردنیان هەیە. لەو ژمارەیە ۱۷ ملیۆن کەس بایۆمەتری تەواو کردووە.
ئەنجومەنی کۆمسیاران بەلیژنەی یاساییان ڕایانگەیاندووە بەپێی یاسا دەبێت چاوەڕێی بن، حکومەتی عێراق کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دیاری بکات. کۆمسیۆن تەنها هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات، دەسەڵاتی دەست نیشانکردنی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نییە.
هەر کاتێک، کات دیاری کرا کۆمسیۆن خشتەی کارەکانی دادەنێت و دەست بەئامادەکاری دەکات. کۆمسیۆنی لە هەرێم سێ ئۆفیسی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەیە. بۆ بەڕێوەبردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم پشتییان پێ دەبەستێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color