مالیكی و سودانی، داواكارییەكی بارزانی رەتدەكەنەوە
فشاری ئێرانییەكان و لایەنە شیعەكان پێشنیازەكەی یەكێتی لە بودجە جێگیر دەكات
بوار، تایبەت
لایەنە شیعەكان ئامادەنەبوون ئەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لاببەن، كە تایبەتە بە مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاكان، ئەگەر هاتوو لە پشكەكانیان رازی نەبوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار كەوتووە، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموكرات، لە كۆبوونەوەی لایەنە شیعەكان باسیان لە ناڕازیبوونی حكومەتی هەرێم لەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دەربڕیوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو دوو بەرپرسە عێراقییە، پێشنیازیان كردووە، كە ئەو بڕگەیە لاببرێت و لە جێگەی ئەوە ئەو بڕگەیە جێگیربكرێت، كە مامەڵەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی بودجە، راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم بێت.
بوار زانیویەتی، ئەو دوو بەرپرسەی پارتی، ئەوەیان وەك پەیامێك و راسپاردەیەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاساو محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیاندووە، بەڵام ئەو دوو بەرپرسە شیعەیە راستەوخۆ داواكارییەكەیان رەتكردووەتەوەو جەختیانكردووەتەوە، كە ناتوانن ئەو بڕگەیە لاببەن.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، یەكێتی بە فشاری ئێرانییەكان و بەشێك لەلایەنە شیعەكان لە لیژنەی دارایی ئەو بڕگەیان جێگیركردووەو هەر ئەوەش وایكردووە، مالیكی و سوودانی داواكارییەكەی بارزانی لەبارەی بڕگەكەوە رەتبكەنەوە.