بوار نیوز، هەولێر
گرانبونی نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان، بوەتە بەرزبونەوەیەكی رۆژانەو هەر رۆژەو بەنزین نرخێكی جیاوازە.
گرانبونی بەنزین لەهەرێمی كوردستان ناڕەزایی شوفێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەگرانبونی نرخی بەنزین بەبوار نیوزی ڕاگەیاند: "هۆکاری بەرز بونەوەی نرخی بەنزین بەهۆی کەمتەر خەمی حکومەتە بەرامبەر هاوڵاتیانی، چونکە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، کەچی حکومەت تەنها 1 ملیۆن لیتر نەوت بۆ بەنزین بۆ پاڵاوگەکان دابین دەکات، 5 ملیۆن لیترەکەی تریش لەوڵاتانی ئێران و تورکیاو تاجیکستان هاوردەی هەرێم دەکرێن لەلایەن بازرگانان، ئەگەر حکومەت خۆی سەرپەرشتی بەرهەم هێنان و فروشتنی بەنزین بکات، ڕۆژانە 1 ملیارو 800 ملیۆن دیناری دەست دەکەوێت، ئەگەر لیترێك بەنزین بە 500 دینار بفرۆشرێت، چونکە تێچووی هەر لیترێک بەنزین تەنها 200 دینارە.
ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی كوردستان وتیشی "ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان لەساڵی 2016 بڕیاری دروستکردنی پاڵاوگەی لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان داوە، بۆ دابینکردنی بەنزین و پێداویستەکانی تری نەوت لەشارەکانی هەرێم کەچی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی ئێمە هیچ جۆرە زانیاریەکمان لەسەر نەوت و گازو کارو چاڵاکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان نەبێت، ئێستا نەڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت ماوە، نەزانیاری و لێدوان و وەڵامی کەس دەدرێتەوە لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان".