بوارنیوز، تایبه‌ت
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم "داد‌و بێدایانه" له‌ده‌ست ئه‌و ده‌رمانه گژو گیایانه‌ی، بۆ دابه‌زاندن و زیادكردنی كێش و گه‌وره‌كردنی سمت و ڕوخسار‌و به‌هێزكردنی سێكس به‌كارده‌هێندرێت؛ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمانیش داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات، هیچ ده‌رمانێك نه‌كڕن، ئه‌گه‌ر ستیكه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێوه نه‌بێت."
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له‌شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ڕێگه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كڕین و فرۆشتن به‌چه‌ند جۆرێكی ده‌رمان و ده‌رمانی گیایی ده‌كرێت، به‌ڵام كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم جۆری ده‌رمانه‌كان و شێوازه‌كانی ساغكردنه‌وه‌شیان ڕه‌تده‌كاته‌وه.
17ی حوزه‌یرانی 2021، هێلین ئەحمەدی 18 ساڵ له‌هه‌ولێر، له‌ڕێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه حه‌بی قه‌ڵه‌وبون ده‌كڕێت، دواتر بەهۆی خواردنی حەبه‌كه‌وه، دوای شەش ڕۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی له‌ده‌ستداوه.
دوای ڕوداوه‌كه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ به‌دواداچونی ڕوداوه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی كچه‌كه‌ی هه‌ولێر پێكهێناوه، بڕیاره دواتر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه بۆ ڕایگشتیی ڕونبكه‌نه‌وه.
جگه له‌وه ڕیكلام بۆ ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی قۆلۆن و دابه‌زاندنی كێش و چاره‌سه‌كردنی نه‌خۆشی چاو ده‌كرێت، هاوكات له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕیكلام بۆ به‌هێزكردنی سێكس و گه‌وره‌كردنی مه‌مك و سمت ده‌كرێت.
له‌باره‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره ده‌رمانانه، دكتۆر سه‌فین قادر، پیسپۆڕی ده‌رمان و به‌رهه‌مه ڕوه‌كییەكانیان به بواری گوت: "ڕاسته به‌رهه‌می ڕوه‌كی وه‌ك ته‌واوكه‌ری ده‌رمان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه ڕوه‌كییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ئاماده نه‌كرێت و له‌گه‌ڵ ده‌رمانی دیكه تێكه‌ڵ نه‌كرێت ئه‌وا نه‌ك سودی نابێت، به‌ڵكو زیانی زۆریشی ده‌بێت".
به‌وته‌ی ئه‌و دكتۆره پسپۆڕه، زۆربه‌ی جۆره‌كانی ده‌رمانی گیایی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕیكلامی بۆ كراوه مه‌ترسیدارن، له‌وانه؛ بەرهەمی ساختەی (AB SLIM) كه بۆ کێش دابەزاندن ڕیکلامی بۆ دەکرێت، له‌كاتێكدا ئه‌و دەرمانە بەرهەمی قەدەخەکراوی تێدایە کە زیان و مەترسی گەورە لەسەر بەکارهێنەرانی دروستدەکات، چونكه بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 هۆشداری لەفرۆشتن و بەکارهێنانی (AB SLIM) درا، چونکە چەند ماددەیەکی زیانبەخش و مەترسیداری تێدایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، (AB SLIM) سێ ماددەی وەک "Sibutramine_سیبوتڕامین و Phenolphthaline_فینۆڵفتالین و Sildenafil_سێڵدینافیلی تێدایه".
زیانه‌كانی مادده‌كان؛
-ماددەی یه‌كه‌میان؛ ده‌بێته هۆی توشبون به نەخۆشییەکانی دڵ و تێکدانی باری درونی بەکارهێنەر، لەساڵی 2010ەوە قەدەخە کراوە.
-مادده‌ی دوه‌میان؛ دەبێتە هۆی شێرپەنجەو لەساڵی 1997ەوە قەدەخە کراوە بۆ مرۆڤ بەکاربهێندرێت.
-مادده‌ی سێیه‌میشیان؛ مەترسی له‌سه‌ر نەخۆشییەکانی دڵ دروستدەکات.
بۆ ڕێگری له‌فرۆشتنی ده‌رمانی ساخته‌و گیایی، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و هێزێكی تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه ده‌داخات كه ئه‌و جۆره به‌رهه‌مانه ده‌فرۆشن، به‌ڵام ده‌ستیان به‌و كه‌سانه ناگات كه به‌شێوه‌ی ئۆنلاین ده‌رمانه‌كان ده‌فرۆشن، بۆیه داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات هه‌ر ده‌رمان یان به‌رهه‌مێكی گیایی ئه‌گه‌ر ستیكه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێوه نه‌بێت، نه‌یكڕن.
دكتۆر عیسا عه‌بدولڕه‌حمان، ده‌رمانساز له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕۆڵ، به بواری ڕاگه‌یاند: ڕاسته، هه‌ندێك به‌رهه‌می ڕوه‌كی هه‌مان كاریگه‌ری ده‌رمانیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه ڕوه‌كیانه‌ی له‌كوردستان و عێڕاق و له‌وڵاتانی ده‌روبه‌ر هه‌ن ساخته‌ن و مۆڵه‌تیان نییه‌و مادده‌ی دیكه‌یان تێده‌كرێت، جگه له‌به‌رهه‌می ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه به‌ڕه‌سمی مۆڵه‌تیان پێدراوه.
بۆ دوباره نه‌بونه‌وه‌ی ڕوداوی گیانی له‌ده‌ستدان، كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات، خۆیان له‌كڕینی ده‌رمانی ئۆنلاین بپارێزن، چونكه "ئه‌و ڕیكلامانه‌ی بۆ هه‌ندێك ده‌رمان و ده‌رمانی گژوگیا ده‌كرێت بۆ دابه‌زاندن و زیادكردنی كێش مه‌ترسیدارن؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا كێش داده‌به‌زێنێت، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه ده‌رونی مرۆڤ تێكده‌دات و زیانی بۆ مێشك هه‌یه، چونكه مادده‌ی سیڕۆیتیان تێدایه كه ڕوخسار‌و سمت قه‌ڵه‌و ده‌كه‌ن له‌هه‌مان كاتدا په‌ستانی خوێن و شه‌كری خوێن زیاد ده‌كات و به‌كارهێنه‌ر تووشی پوكانه‌وه‌ی ئێسقانه‌كان ده‌كات".
له‌باره‌ی ئه‌و گژوگیایانه‌شی بۆ به‌هێزكردنی سێكسی به‌كاردێت، كوالێتی كۆنتڕۆڵ پێیوایه، ده‌رمانه‌كه مادده‌ی ڤیاگراو هه‌نگوینی تێده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی مادده‌كه به‌كارده‌هێنن ماوه‌یه‌ك كێشه‌ی لاوازی سێكسی چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌ورەی هه‌یه، چونكه ئه‌و به‌رهه‌مانه هه‌زار تاوه‌كو دوو هه‌زار ملیگرام ڤیاگراو مادده‌ی سێربی نافیل و ڤێرتینال فیلی تێدایه كه كاریگه‌ری خراپی هه‌یه له‌سه‌ر دڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ی په‌ستانی دڵ.
