گرنگ

بوار، هۆکاری سەرەکی هێرشکردنە سەر هێزە خۆبەخشەکەی کەلار و دوور کەوتنەوەی نەهرۆ کەسنەزانی لە سلێمانی ئاشکرا دەکات

2023-07-21

 
بوار، هۆکاری سەرەکی هێرشکردنە سەر هێزە خۆبەخشەکەی کەلار و دوور کەوتنەوەی نەهرۆ کەسنەزانی لە سلێمانی ئاشکرا دەکات
ئێوارەی ڕۆژی ۱۷ی تەمووز، هێزێکی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک چەکدار لە نزیک کەلار. کە بە فەوجە خۆبەخشەکەی کەلار ناسراون و چوونە سەر ئەو هێزە بەبڕیاری دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و لە سلێمانییەوە دراوە. بڕیارەکەش بەئاگاداری بەرپرسانی باڵای یەکێتی بووە.
هۆکاری سەرەکی ناردنی هێز بۆ سەر فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان ئەوە بووە کو ئەو چەکدارە خۆبەخشانە ڕێگرییان لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە نێوان شارۆچکەی قادرکەرەم و دووز کردووە.
پاڵاوگەکە بە پاڵاوگەی ئاغجەمەشت ناودەبرێت، چونکە پاڵاوگەکە دەکەوێتە گوندی ئاغجەمەشتەوەو لەلایەن کۆمپانیای (مەنافز دەولی) بۆ خزمەتگوزارییەکانی نەوت بەڕێوە دەبرێت.
پاڵاوگەکە دەکەوێتە نێوان کۆتا بازگەی پێشمەرگەو سوپای عێراق. لە ناوچەیەکدایە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقە.
ڕۆژی ۱۷ی حوزەیران، کاتژمێر ۳ی دوای نیوەڕۆ بیست ئۆتۆمبێلی پڕ چەکداری هێزە خۆبەخشەکەی کەلار دەچنە سەر پاڵاوگەی ئاغجەمەشت و تا کاتژمێر ۷ی بەیانی ڕۆژی دواتر سەرجەم کارمەندانی پاڵاوگەکە دەستبەسەر دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، هۆکاری چوونی ئەو هێزە بۆ سەر ئەو پاڵاوگەیە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی نێوان خاوەن پشکەکانی ئەو پاڵاوگەیە. ئەو پاڵاوگەیە ١٠ هاوبەشی هەیەو یەکێک لەو ۱۰ هاوبەشە، لەگەڵ هاوبەشەکانی تر کێشەی هەبووە و ویستویەتی کێشەکەی لە ڕێگەی هێزەوە یەکلایی بکاتەوە.
ئەو کەسەی کە کێشەی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەو پاڵاوگەیە هەبووە، ناوی حەمید عەلی زیابە و ناسراوە بە قوسەی و خاوەنی ۲۰ لەسەدی پاڵاوگەکەیە. دەوترێت بریکاری بازرگانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانییەو ئەو ۲۰ لەسەدایە لە بنەڕەتدا موڵکی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی و براکانیەتی.
ناکۆکی ئەو خاوەن پشکە لەگەڵ هاوبەشەکانی تر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو پێیوایە پاڵاوگەکە قازانجی زیاتری کردووەو پێی وابووە پارەیەکی کەمی وەک قازانج وەرگرتووە.
بەوتەی حەمید عەلی کە لەگەڵ هاوبەشەکانی قسەی کردووە، پاڵاوگەکە جگە لە پاڵاوتن، بۆ کاری بازرگانی و قاچاخی سوتەمەنی و ساخکردنەوەی بەرهەمی نەوتی بەکار دەهێنرێت. لەو کارانە پشکی ئەو نەدراوە و هاوبەشی بە کۆمپانیاکانی شێخ نەهرۆ نەکراوە. بۆیە پەنای بۆ بەکار هێنانی هێز بردووە.
لە ماوەی مانگێکدا هێزەکەی کەلار سێجار دەچنە سەر پاڵاوگەکە و جارێک بەهەوڵی پێشمەرگە ڕەوشەکە هێور دەکرێتەوەو ئاسایش و هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان ناتوانن ڕێگری لە چەکدارەکان بکەن. دواجار ڕۆژی ۱٤ی ئەم مانگە جارێکی تر چەکدارەکان دەچنەوە سەرپاڵاوگەکە.
هاوبەشەکانی تری پاڵاوگەکە کە نۆ کەسن و بە هەموویان خاوەنی ٨٠ لە سەدی پاڵاوگەکان، لە بنکەی پۆلیسی عەسری لە قەزای دووز سکاڵا لەسەر حەمید زیاب ناسراو بەقوسەی و سەربەست ساڵح کەسایەتی نزیکی شێخ نەهرۆ و بەرپرسی کارە بازرگانیەکانی تەریقەتی کەسنەزانی و چەکدارەکان تۆمار دەکەن.
ڕۆژی ۹ی ئەم مانگە، دادگای دووز فەرمانی گرتن بۆ سەربەست ساڵح و قوسەی دەردەکات.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، پاڵاوگەکە ۲۰ لەسەدی موڵکی قوسەی و براکانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانییە. بەڵام هاوبەشەکانی تر خەڵکی دەست ڕۆیشتووی کورد و عەرەبی ناوچەی دووزن و کەسانی نزیکن لە ئیدارەی گشتی یەکێتییەوە. بەرهەمی پاڵاوگەکە بەڕێگای ”قادرکەرەم- چەمچەماڵ”، ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی بوار، چەکدارە خۆبەخشەکانی کەلار لە بەرامبەر پێدانی پارەو لەسەر داوای نزیکەکانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی چوونەتە سەر پاڵاوگەکە. بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی بیست ڕۆژ کارەکانی پاڵاوگەکە وەستاوە. جگە لەوەی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیگەران بووە لە وەستانی پاڵاوگەکە، دەزگای ئاسایشی نشتیمانی عێراقیش، یەکێتیان لە خراپی ڕەفتاری چەکدارەکان ئاگادار کردووەتەوە.
فەوجە خۆبەخشەکەی کەلار، پێشتر خۆیان بە یەکێتی زانیووە، بەڵام جموجوڵی ئەم دواییەیان گومانی زۆری لای یەکێتی دروستکردووە بەتایبەت کە هێزێکی سەرووی ۳۰۰ چەکداری بوون و چەکی مام ناوەندی وەک دۆشکەو بیکەیسی و ئاڕپیجی و کاتیۆشایان هەبووە. خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی پاتڕۆڵ و جێب و مێگزەمین بوون. لە کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی گەرمیاندا نەماون و بەشێک لە سەرمایەدارانی گەرمیان بەناچاری هاوکاری هێزەکەیان کردووە.
بەر لە ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزیش، بەشێکی ئەندامانی هێزەکە لە لاهور شێخ جەنگییەوە نزیک بوون. لە ماوەی ڕابردووش بەرپرسی هێزەکە کە ناوی دارا عەتایە بەشێوازی جیاواز پەیوەندی لەگەڵ هەندێ سەرکردەو فەرماندەی سەربازی یەکێتی دروستکردووە. بۆیە دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی گومانیان لە دابینکردنی خەرجی و مووچەی ئەو چەکدارانە بۆ دروست بووە و بەرپرسانی ئەمنی یەکێتی پێیانوابووە ئەو هێزە هاوشێوەی کۆمپانیایەکی سکویریتی بە پێدانی پارە دەست بۆ کاری مەترسیدار دەبەن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color