پاشای جگەرە و کهول بۆچی حوکم درا؟
نزار حەننا، لە هاوبەشی عودەی سەدامەوە بۆ دروستکردنی بازاڕی نشتیمان و دریم سیتی
دادگای تاوانەکانی کەرخ لەشاری بەغدا، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر نزار حەننا و دوو برایدا سەپاند بە تۆمەتی ساختەکردن و بەکارهێنانی بڕی ۱٨٥ ملیۆن دۆلاری بانکی بازرگانی عێراقی TBI بەشێوەیەکی نا یاسایی.
نزار حەننا نەسیر عەبدۆ بەخاوەنی هەرسێ پڕۆژەی بازاڕی نشتیمان و داون تاون و دریم سیتی لە هەولێر ناسراوە. زۆرترین کارئاسانی بۆ کراوەو باشترین زەوییەکانی هەولێری پێدراوە بۆ پڕۆژەکانی.
نزار حەننا لە هەولێر وەکو هاوڵاتیەکی عەرەب ناسراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئاشورییەو خەڵکی شاری کەرکوکە. لە دایکبووی ساڵی ۱۹٦۱ە. لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانەوە ناوێکی دیاری بازرگانی و کاری قاچاخچێتی بووە لە عێراق.
نزار حەننا لەگەڵ هەردوو براکەی بەناوی نەمیر و ڕامیز، لە کۆتای ساڵانی نەوەد لە عودەی کوڕە گەورەی سەدام حسێنەوە نزیک بوون و سەرپەرشتی تۆڕێکی گەورەیان دەکرد کە جگەرەی بە قاچاخ دەهێنا بۆ عێراق. دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس هەتا ئێستا گروپەکەی نزار حەننا کۆنترۆڵی بازاڕی جگەرەو خواردنەوە کحولیەکانیان لە عێراق کردووە. لە ساڵانی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنانیان ئەنجامداوە کە گومان دەکرێت بەرپرسان بەشێک بن لە هاوبەشەکانیان دیارترینیان پڕۆژەی هۆتێل شیراتۆن لەبەسرەو شاری نیشتەجێبوونی سندیباد لە بەغداد و دریم سیتی لە هەولێر.
نزار حەنناو براکانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. هەزاران مەتر زەویان پێدرا لە باشترین شوێنەکانی هەولێر. تەنها ڕووبەری بازاڕی نشتیمان ۱٨۰ هەزار مەتر دووجایە.
نزار حەنا بەهاوبەشی بازرگانێکی کورد، یەکەم بانکی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان دامەزراند. بەناوی بانکی هەرێمی بازرگانی.
بازرگانی جگەرەو کهول بەشێکی زۆری ژیانی نزار حەنناو براکانی داگیر کردووە. بەشێوەیەک بە پاشای جگەرەو کحولی عێراق ناودەبرێت. دەیان کۆمپانیای بەناوی جۆراو جۆر لەو دوو بوارەدا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی مەدرەجی عەرەبی پڕۆژەکانی هەولێر و بەسرەو بەغدا وەک ڕووکارێک وایە بۆ شاردنەوەی قاچاخچیێتی جگەرەو خواردنەوە کحولیەکان.
تۆڕەکەی نزار حەننا، لەناو عێراق چەندین کارگەی نایاساییان هەیە بڕاندەکانی جگەرەی ئەمریکی و وڵاتانی ئەوروپاو ئاسیا کۆپی دەکەن.
تۆڕەکەی نزار لە بەندەری ئوم قەسری بەسرەوە تا سلێمانی و هەولێر درێژ دەبنەوە و چەندین گروپی قاچاخچیێتی و بازرگانی لە وڵاتانی لوبنان و ئێران و تورکیاو جۆرجیاو قوبرس هاوبەشن و لە ڕێگای پێدانی بەرتیل و پشک دەسەڵاتداران ڕازی دەکەن بێدەنگ بن لەئاست کارەکانیان.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای کەرخ، ۲٥ی مانگی حوزەیران، فەرمانی قەدەغەی گەشتکردن بۆ نزار و براکانی دەرچووە و هەمان ڕۆژ فەرمانی دەستگیرکردنیشیان بۆ دەرچووە. لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوەدراوە ئەو سێ تۆمەتبارە هەڵهاتوون و لە شاری هەولێر نیشتەجێن.