گرنگ

​کابینەی نۆیەم، نۆ ناحیەی کردووە بەقەزا

2023-08-09

 
کابینەی نۆیەم، نۆ ناحیەی کردووە بەقەزا
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە تا ئێستا بڕیاری بە قەزا کردنی نۆ ناحیەی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە. کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو بڕیاری پێکهێنانی پێنج قەزا لە پارێزگای هەولێر دراون کە بریتین لە قەزای سیدەکان و پیرمام و قوشتەپە و عەنکاوەو هەریر.
لە پارێزگای سلێمانی ناحیەی بازیان و لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش حاجیاوا کراوە بە قەزا. ناحیەی باتیفا لە پارێزگای دهۆک و ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەهەمان شێوە کراون بەقەزا.
کابینەی نۆیەم لە ماوەی چوار ساڵدا ڕیکۆردی شکاندووە. نۆ قەزای نوێی پێکهێناوەو لە سەردەمی دروستبوونی حکومەتی عێراقەوە تا کابینەی نۆیەم هیچ حکومەتێک بەو ژمارەیە یەکە ئیدارییەکانی نەکردووە بە قەزا. لە چاو چوار ساڵ پێش ئێستا ژمارەی قەزاکان بەڕێژەی ۳۳ لەسەد زیادی کردووە و لە ۲۷ قەزاوە بووەتە ۳٦ قەزا.
لە هەرێمی کوردستان، چوار پارێزگا هەیە و چوار ئیدارەی سەربەخۆ لە سنوری هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەیە. کە بریتین لە ئیدارەی سۆران لە سنوری پارێزگای هەولێر. کە قەزاکانی سۆران و ڕەواندز و چۆمان و مێرگەسور و سیدەکان دەگرێتەوە.
ئیدارەی ڕاپەڕین، لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە قەزاکانی ڕانیە وقەڵادزێ و حاجیاوا دەگرێتەوە. ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی کە هەردوو قەزای کەلار و کفری دەگرێتەوە. ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە قەزای زاخۆ و باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە.
پارێزگای سلێمانی زۆرترین قەزای هەیە کە ۱٥ قەزایە و پاشان پارێزگای هەولێر ۱۳ قەزاو پارێزگای دهۆک ۷ قەزاو پارێزگای هەڵەبجە تەنها یەک قەزای هەیە. ژمارەی قەزاکانی هەرێم بووەتە ۳٦ قەزا.
قەزاکانی پارێزگای هەولێر بریتین لە (قەزای دەشتی هەولێر، کۆیە، خەبات، شەقڵاوە، پیرمام، سۆران، چۆمان، ڕەواندز، مێرگەسور و سیدەکان، قوشتەپە، عەنکاوە و هەریر).
قەزاکانی پارێزگای سلێمانی پێک هاتوون لە (ڕانیە، قەڵادزێ، حاجیاوا، دوکان، چەمچەماڵ، بازیان، قەرەداخ، چوارتا، ماوەت، شارەزوور، سەیدسادق، پێنجوێن، دەربەندیخان، کەلار و کفری).
پارێزگای دهۆک حەوت قەزای هەیە و بریتین لە (زاخۆ، سیمێل، باتیفا، ئاکرێ، بەردەڕەش، ئامێدی و شێخان) و پارێزگای هەڵەبجەش تەنها قەزای خورماڵی لەسەرە.
هاوڵاتیانی قەزاو ناحیەکانی کوردستان هەمیشە داوا دەکەن یەکەی کارگێڕی ئەو شوێنانەی تێیدا نیشتەجێن بەرز بکرێتەوە، چونکە هەست بەدادپەروەری ناکەن لە ئەنجامدای پڕۆژەو خزمەتگوزاریدا و پێیان وایە حکومەت زیاتر گرنگی بەناوەندی قەزاو ئیدارە سەربەخۆکان دەدات وەک لە ناحیەکان.
هەریەک لە دانیشتوانی قەزاکانی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک و کۆیە لە پارێزگای هەولێر و چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لەماوەی ڕابردوودا داوایان کردووە بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ و چەندین ناحیەش بەهەمان شێوە داواکارن بکرێنە قەزا.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color